مووچەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت دیاریکرا

مەودا میدیا-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رێنماییەکی نوێی بە ژمارە (167 ) بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەرکرد و بڕەکەی بە 500 هەزار دینار جێگیر کرد.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم رایگەیاند “بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەو کەسانەی شایستەی ئەو مووچەیەن چەند مەرجێکیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت بۆ خانەنشینی بەپێی تەمەن و خزمەت، پێویستە پیاو تەمەنی 60 ساڵ و ژن تەمەنی 55 ساڵی تەواو کردبێت”.

یەكەم: كەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ كریكارانی كەرتی تایبەت بە بڕی (500 هەزار) دیناری عیراقی دیاری دەكرێت.

دووەم: بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران ژمارە (39)ی ساڵی 1971یهەمووارکراو، و یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2012(یاسای پیادەکردنی
یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران)، ئەوانەی شایستەی مووچەی هاتووی بڕگەی (یەكەم)ی سەرهەوە دەبن ئەمانەن:

1_ خانەنشینی بەپێی تەمەن و خزمەت:

أ_ ئەگەر پیاو تەمەنی (60) شەست ساڵی تەواو کردبێت، یاخود ئافرەت تەمەنی (٥٥) پێنج و پێنج ساڵی تەواو کردبێت، و لانی کەم (20) بیست ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت.
ب_ ئەگەر پیاو لانی کەم (30) ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت، یان ژن (25) ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت.

2_ نەخۆشی پیشەیی: ئەو کرێکارانەی تووشی نەخۆشی پیشەیی دەبن بە ڕێژەی (100٪) بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی.

3_ پێکانی کار: ئەگەر کرێکار تووشی پێکانی کار بوو وه بووە هۆی پەککەوتەی تەواو یاخود مردنی بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی پزیشکی.

4_ کۆچی دوایی کرێکار: ئەگەر لە ماوەی خزمەتی دەستەبەرکراویدا کرێکارەکە کۆچی دوایی کرد و ناوی لە تۆمارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەردەوام بوو، جێماوەکانی شایستەی مووچەی خانەنشینی تەواو دەبن.

سێیەم: ئەم رێنماییە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان