ئەم گریمانەیە تاچەند درووستە و چ كاریگەرییەكی لەسەر لەناوچوونی دایناسۆرەكان هەبووە؟
مەودا میدیا-
66 ملیۆن ساڵ لەمەوپێش، هەموو شتێك بۆ دایناسۆرەكان ئاسایی بوو، تا ئەو كاتەی نەیزەكێك بەر زەوی كەوت، نەیزەكێك بە گەورەیی لوتكەی چیای ئەڤەرێست. ئەم نەیزەكە بە خێرایی 30 كیلۆمەتر لە چركەیەكدا وەك گوللەیەكی ئاگرین بەر زەوی كەوتووە، پێش پێكدادانەكەی لەگەڵ زەوی پلەی گەرمی ئەم نەیزەكە هێندەی رووی خۆر گەرم و سووتێنەر بووە و لە كۆتاییدا پێكدادانەكە روویداوە.
زەبری ئەم نەیزەكە چاڵێكی گەورەی درووستكردووە كە شوێنی ئێستای دەكەوێتە كەنداوی مەكسیك. رەنگە باوەڕ نەكەیت، بەڵام تیرەكەی 150 كیلۆمەتر (واتا بە نزیكەی مەودای نێوان رێگای كەلار-سلێمانی) و قووڵییەكەشی 20 كیلۆمەترە. كێشی ئەم نەیزەكە لە نێوان یەك بۆ دوو تریلیۆن تۆن بووە، ئەو وزەیەشی كە لە پێكدادانەكەوە دەرچووە نزیكەی 100 ملیۆن مێگاتۆن بووە.
دوای ئەم پێكدادانە، شەپۆلێكی گەورەی تەقینەوە دروست بوو، و هەرچییەك لە رێگەكەیدا بوو لەناوی بردووە، دوای پێكدادانەكە پارچە وردبووەكانی نەیزەكەكە بە درێژایی چەندین كیلۆمەتر بۆ ئاسمان بەرزبوونەوە و دووبارە بەر زەوی كەوتنەوە، لەو رۆژەدا، دایناسۆرەكان هێشتا نەیاندەزانی كە تەنها چەند خولەكێك ماوە بۆ كۆتاییهاتنیان و جێهێشتنی زەوی بە یەكجاریی، بەڵام ئەمە تەنها هۆكاری لەناوچوونی دایناسۆرەكان نەبوو.
زاناكان هۆكارێكی تری لەناوچوونی دایناسۆرەكان دەگەڕێننەوە بۆ دووبارەبوونەوەی چالاكیی گڕكانەكان. بەپێی ئەم تیۆرییە، بوونی پێكهاتەی بەردی گڕكانی كە رووبەرەكەی 517 هەزار و 57 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دواتریش بەهۆی گازی ژەهراوی وەك دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و تۆزیان كە لە بەرگەهەوای زەویدا بڵاوبووەتەوە، بووەتە هۆی لەناوچوونی دایناسۆرەكان.
بەشی زۆرینەی زاناكان پێیان وایە گریمانەی دووبارەبوونەوەی چالاكیی گڕكانەكان گریمانەیەكی باوەڕپێكراوترە لە گریمانەی كاریگەری كەوتنەخوارەوەی نەیزەكەكە.
جگە لەوەش، توێژینەوەیەكی ساڵی 2019 دەریدەخات كە چالاكیی گڕكانەكان ئیكۆسیستەمی لاوازكردووە و سەرچاوەی خۆراكی تێكداوە، لە كۆتاییدا بووەتە هۆی لەناوچوونی دایناسۆرەكان.
لە لایەكی تریشەوە توێژینەوەیەكی دیكە گریمانە دەكات كە چالاكیی گڕكانەكان دوای كاریگەری نەیزەكەكە لەسەر ئیكۆسیستەمەكە روویداوە.
هەروەها زاناكان بۆیان دەركەوتووە كە دایناسۆرەكان پێش لەناوچوونیان تووشی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر بوون، وەكو نەخۆشی زراو، شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی سییەكان كە بووەتە هۆی مردنیان.
وەرگێران، ئەرسەلان پەرۆش