وادەی کۆتاییهاتنی بارانبارین ئاشکراکرا

مەودا میدیا-

شارەزایەکی بواری کەشناسیی ئاشکرایکرد کاریگەری شەپۆلی بارانبارین بەشێوەی لاواز و پچڕ پچڕ تاوەکو کاتەکانی درەنگی شەو لەسەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت رۆژهەڵاتی هەرێم بەردەوامی دەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسیی بە مەودا میدیای راگەیاند “ئێوارەی ئەمڕۆوە بارستە هەوایەکی وشک و سارد لە باکوورەوە ناوچەکانی هەرێم ئەگرێتەوە کە لەگەڵ کۆتاییەکانی ئەم شەپۆلە، ئەگەر هەیە ئەمشەو بەفرێکی کەم لەسەنتەری حاجی ئۆمەران و ناوچە شاخاوییەکان لە بەرزی (هەزار و 600 مەتر) ببارێت، دواتر شەپۆلەکە کۆتایی پێدێت و کەش جێگیر دەبێتەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سبەینێ کەشی هەرێمی کوردستان بەگشتیی جێگیر دەبێت و ئاسمان ساماڵ ئەبێت، وە لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری ئەو بارستە هەوا ساردەوە پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ (3 تا 4 پلە) نزمدەبنەوە و لە شەودا لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرمی بۆ سفری سەدی نزمدەبێتەوە، تاوەکو کۆتای ئەم هەفتەیە ناوچەکە لەژێر کاریگەری ئەو هەوا ساردەدا دەمێنێتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو “سەرەتای هەفتەی ئایندە لە 14ی مانگەوە بەرگەهەوای ناوچەکە دەکەوێتە ژێرکاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆیەکەوە کە بەهۆیەوە پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە لەگەڵ بەردەوامی جێگیری کەش و هەوا لە ناوچەکەدا کە پێشبینی دەکرێت تا 20ی مانگ بەردەوامی ببێت”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان