مەودا میدیا-
رۆژی ٥ی ئادار ساڵی ١٩٩١ لە رانیە راپەڕینیخەڵکی کوردستان دژی رژێمی بەعس دەستیپێکرد، رۆژانی دواتر سەرکەوتنەکانی راپەڕین بەم شێوەیە بەردەوام بوون: راپەڕینی بازیانو دەشتی بتوێن و پشدەر (٦ی ئادار)، راپەڕینی سلێمانی(٧ی ئادار)، دەوروبەری سلێمانی (٨ ئادار)، راپەڕینی کۆیە و شەقڵاوە (٩ی ئادار)،راپەڕینی خەڵکی شار و شارۆچکەکانی مەسیف، تەقتەق، رەواندوز، قەرەهەنجیر، ئاغجەلەر،هەریر، باتاس، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران، مێرگەسوور و چەندینشوێنی تر.
رۆژی ١١ی ئاداری ١٩٩١، خەڵکی شاری هەولێر راپەڕینیان دەستپێکرد و لەماوەیەکی کەمدا شارەکەیان لە دەستی رژێمی بەعس رزگارکرد.
خالید دلێر، شاعیری گەورەی نەتەوەیی کورد بۆ راپەڕینی هەولێر و ئازادبوونی شارەکە، شیعرێکی نووسیوە و مەودا میدیا بۆ یەکەمین جار ئەو شیعرە بڵاودەکاتەوە.
خالید دلێر کێیە؟
ناوی تەواوی خالید واحیدی سولدرووە.باوکی
موختاری گەڕەكی بەفری قەندی بووە لە شاری كۆیە.رۆژی
٢٠ئابی ١٩٣٣ لەدایکبووە.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە كۆیە و ئامادەییشی لە بەغدا و كەركوكتەواوكردووە.یەکێکە
لە شاعیر، چیرۆکنووس و نووسەرە نەتەوەییە گەورەکانی کورد.بەشداریی شۆڕشەکانی کوردی کردووە و هەمیشە دەنگ و قەڵەمی دلێر بووە.
ساڵی ١٩٦٨ لەگەڵ حیلمی عەلی شەریف لە رۆژنامەی (النور) کاری کردووە.
نووسەری شیعری (پێشمەرگەی بە هەڵمەتین/ پاڵەوانی میللەتین)ە کە بووەتەناسنامەی بیری نەتەوەیی و ئازادیخوازیی خالید دلێر و کوردێک نییە ئاوازی ئەوسروودە لە گوێچکەیدا نەزرنگێتەوە.
ئەمانە بەشێکن لە کتێبە چاپکراوەکانی
- گزنگی هەتاو، (دیوان)، كەركوك 1975.2 .
- كەوانەی نەكرای،(چیرۆك)، بەغدا 1958.3.
- خولە و بلە،(چیرۆك)، بەغدا 1985.4 .
- ئاگر و گوڵ،(دیوان)، بەغدا 1970.5.
- بەرەو لوتكەیئاوات، (دیوان)، سلێمانی 1979.6.
- هەندێ وتار و چاوپێكەوتن، بەغدا 1985.7.
- دەریاش هەڵچوونی هەیە، چیرۆك و شانۆگەری، بەغدا 1986.8.
- چەند وشەیەك بۆ مێژوو، كۆمەڵە وتار، سلێمانی 2003.
ئەم شیعرە بەرزەی بۆ راپەڕینی خەڵکی هەولێر نووسیوە و مەودا میدیا بۆیەکەمیجار بڵاویدەکاتەوە



قەڵات قەڵاتی ئەزە
ئەمن قەڵام
بەرز و خۆڕاگر، نەمرم
ناوی خۆم بەخۆمەوەیە
سەد ساڵ تەمەن
وەک کاتژمێرێکە لەلام
داستانەکان تۆماردەکەم
هەروا بووم، ئێستاش وەهام
بۆ داگیرکەر و نۆکەران
مەرگم، جەرگبڕم، بەڵام
+++
چوارسەد ساڵ پێش عیسای مریەم
سوپای وەک گولەی گەزنەفۆن
دەوریاندام
ویستیان بە پێڵاو پیسم کەن
داگیرمکەن
ڕۆڵەکانم، سەردەمی کۆن
لەشکری وەک خۆڵیان شکان
گەزنەفۆنیان ڕاوناو و بەزان
ئەو هێرشەی داگیرکەران
هەر هیچ نەبوو بەلامەوە
چاک بەسەربەرزی مامەوە
قوڕ بەسەر باوکی گەزنەفۆن
چی پێنەکرا لەگەڵ رۆڵەی
ئازا و مەردی قەڵاتەکۆن
+++
پێشمەرگەکانی (کۆرپاشا)
دوای فێڵی (مەلای خەتێ)
من دالدەمدان
گرتمنە خۆم
ئێستە نەوەی ئەو شێرانە
ئازایانە، دلێرانە
وەک باپیریان پێشمەرگەن بۆم
+++
ئەو گەلەی دروستی کردم
لە دوورەوە گڵی هێنا
بە کۆڵی خۆڵ منی هەڵنا
دواتریش
گەزنەفۆنی لەم وڵاتە
شاربەدەر کرد و وە دەرنا
بەم ئەرکە دروستی کردم
دەتوانێ بشمانپارێزێ
+++
من هی ئەوم و ئەو هی منە
قوڕبەسەر هەرچی دوژمنە
لە هەموو تەنگانەیەکدا
یەکتر دەگرین لە ئامێزێ
+++
قوڕبەسەر ئەو زۆڵە کوردەی
ناپاکیمان لەگەڵ دەکا
ژیانی، ناوو و ناتۆرەی
بە خوێن و خۆڵ تێکەڵدەکا
+++
ئەمن بەڵگەی خۆڕاگریی
میللەتێکی لە ستەمدا، قاڵ بووەوەم
بە هیوا و بە ئارامەوە
بە ژانی چەندان زامەوە
چاوەڕوانی سەرکەوتنە
من خاوەنی
بوونێکی ئاوا نەتەوەم
سانت گالن، سویسرە، ٢٨-٣-١٩٩١
ناونیشانی ئەم هۆنراوەیە، بۆ یارییەکی منداڵان دەگوترا لە کۆیە لە سەردەمی تەمەنی منداڵیی شاعیردا، بەکۆمەڵ منداڵان دەیانکرد. جێگایەک دادەنرا بە (قەڵات)، ئەو لایەی قەڵاتی داگیردەکرد، ئەم ئیدیۆمەی لە پێداهەڵنانی قەڵات و هی خۆشیی چەند جارێک بە دەنگی بەرز (بەددان نان لەسەر پیتی -ز-)دا دەگوتەوە. وا پێدەچێ ئەم یارییە لە دیاردەی مێژوویی (قەڵات دروستکردن و قەڵات داری کردن)ی کوردەوە هاتبێ.