هەڵەبجە زامی گەلێکە و هەمیشە لە دڵماندایە

مەودا میدیا-

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بۆ یادی 38 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد بە خەمێکی قووڵە هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، دەست لەسەر سنگ بە وەفادارییانەوە یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید دەکەنەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند “شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو قوربانییانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن، ئێمە لەم ساتەدا بە سەربەرزییەوە لەگەڵ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان دەوەستین و پێکەوە هەنگاو دەنێین بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە خزمەتکردنی هەڵەبجەی بە ئەرکی خۆی زانیوە، هیوادارم بۆ کەمکردنەوەی زامی ئەم کارەساتە گەورەیە و لەدەستدانی ئازیزانمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق زیاتر لە جاران خزمەتی ئەم شارە خۆشەویستەمان بکەن تاوەکو پێکەوە ناخۆشییەکانیان بگۆڕین بۆ هیوا و بوژاندنەوە و ئاوەدانی زیاتری شارەکە.”.

ئەوەشی خستەڕوو “بەداخەوەین ئەمساڵ بەهۆی دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە و جەنگەوە مەراسیمی فەرمی و شایستە بە شەهیدانی هەڵەبجە ناکرێت، بەڵام هەڵەبجە زامی گەلێکە و هەمیشە لە دڵماندایە، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمان”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان