مەودا میدیا-
رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی قەتەری ئاشکرایکرد سەرکردە ئەمنی و سەربازیی و سیاسیی و حکومییەکانی عیراق تاوتوێی پڕۆژەیەک دەكەن بۆ دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ کە بە وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵیی ناسراوە.
رۆژنامەی عەرەبی جەدید بڵاویکردەوە “وەزارەتەکە هەموو ئەو یەكەو ناونیشانە چەکدارانە دەگرێتەوە کە لەناو هێزە چەکدارە بنەڕەتییەكاندا (سوپا و پۆلیس)دا نین، بەتایبەت هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “عەلی زەیدی هەوڵدەدات فشارەکانی ئەمەریکا و رۆژئاوا كۆتایی پێبهێنێت سەبارەت بە پرسی كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، لە هەمان کاتیشدا خۆی لە پێکدادان لەگەڵ ئەو لایەنانە بەدوور دەگرێت کە هەر هەوڵێک بۆ داماڵینی چەک بە زۆر رەتدەکەنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو “پڕۆژە پێشنیاز کراوەکە تەنها لە دامەزراندنی وەزارەتێکدا سنووردار نییە کە سیمایەکی کارگێڕیی یان رێکخراوەیی هەبێت، بەڵکو ئامانجی دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئەمنییە کە دەسەڵاتی دیاریکراوی هەبێت، ئەم پێکهاتەیه هێزی پێشمەرگەی کوردی و هێزەكانی حەشدی شەعبی و فیرقەی دەستێوەدانی خێرا و پۆلیسی فیدراڵی له خۆدەگرێت، له ژێر ناونیشانی کۆتاییهێنان بە فرەیی هێزەکان که لە دوای ساڵی 2003وە سەریهەڵداوە”.
ب ح