ئێران ئاماده‌ نییه‌ كۆگاى یۆرانیۆمى پیتێندراوى راده‌ست بكات

مه‌ودا میدیا-

دوابەدوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا سەبارەت بە رێککەوتنێکی نزیک لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەروەها راپۆرتەکانی میدیا رۆژئاواییەکان سەبارەت بە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەردوولا، تاران لێدوانی دژبەیەک بڵاوکردەوە کە ئەگەری هەیە رێگری لە چارەسەرکردنی قەیرانەکە بکات.

رۆژی شەممە تره‌مپ رایگەیاند کە “بەشێکی بەرچاو لە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران دانوستان کراوە، کە دەبێتە هۆی کردنەوەی گەرووی هورمز”.

سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (TruthSocial) بڵاویکردەوە کە رێککەوتنە سەرهەڵداوەکە دەبێتە هۆی کردنەوەی گەرووەکە، بەبێ ئەوەی دیاری بکات کە رێککەوتنەکە چی دیکە لەخۆدەگرێت.

تره‌م نووسیویەتی “لە ئێستادا لایەنە کۆتاییەکان و وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە تاوتوێ دەکرێت و بەم نزیکانە رادەگەیەنرێت”.

بەڵام مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا هەڵوێستی ئەمه‌ریکای دووپاتکردەوە کە ئێران هەرگیز ناتوانێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، دەبێت یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی خۆی تەسلیمی بکات و گەرووی هورمزیش کراوە بێت”.

بە پشت بەستن بە لێدوانەکانی سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا، راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی خۆی، بەبێ ئەوەی وەرگرەکەی دیاری بکات.

بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە کە لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی ئەمه‌ریکی ئەکسیۆس قسەیان کردووە، ئێران لە رێگەی نێوەندگرانەوە دڵنیایی زارەکیی بە ئەمه‌ریکا داوە سەبارەت بە مەودای ئەو ئیمتیازانەی کە دەیکات سەبارەت بە راگرتنی پیتاندن و وازهێنان لە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

بەڵام هەڵوێستێکی جیاواز لە تارانەوە سەری هەڵدا کە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای قسەکانی ترەمپ و راپۆرتە میدیاکانی دواتر.

سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی ئه‌مڕۆ یەکشەممە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووه‌ ” تاران رازی نەبووە کە کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو رادەست بکات”.

ئەو سەرچاوەیە باسى له‌وه‌شكردووه‌ “پرسی ئەتۆمی ئێران بەشێک نەبووە لە رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ئەمه‌ریکا”.

وتیشی “پرسی ئەتۆمی لە دانوستانەکاندا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی چارەسەر دەکرێت، هەر بۆیەش بەشێک نییە لەو رێککەوتنەی ئێستا کاری لەسەر دەکرێت”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە “هیچ ڕێککەوتنێک سەبارەت بە ناردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات نەکراوە”.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، تاران تا ئێستا هیچ رێوشوێنێکی پەیوەست بە پرسی ئەتۆمی قبوڵ نەکردووە.

ئاژانسەکە روونیشیکردەوە، ماوەی 30 رۆژ بۆ جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی پەیوەست بە گەمارۆی دەریایی و گەرووی هورمز تەرخان دەکرێت، هاوتەریب لەگەڵ ماوەی 60 رۆژ بۆ دانوستان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.

لە روونکردنەوەیەکدا تەسنیم باسى له‌وه‌شكردووه‌ “سەرەڕای راگەیاندنی هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندنی رۆژئاوایی کە لە ماوەی 30 رۆژدا دۆخی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێش جەنگ هەبووە، ئەوەی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەگەریدا هاتووە، پەیوەندیی بە گەڕانەوەی دۆخی پێشووەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە گەڕانەوەی ئەگەری بەزاندنی ژمارەی کەشتییەکانەوە هەیە لەو ئاستەی کە پێش جەنگ لە ماوەی 30 رۆژدا هەبووە”.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان