هاوسەنگیی زەوی و ناسۆرییەکانی خاکی کوردستان

دێرین جەمال

​کاتێک جیهان پێکەوە یادی رۆژی جیهانیی ژینگە دەکەنەوە، ئێمە تەنیا یادکردنەوەیەکی سیمبوڵی ناکەین، بەڵکو رووبەڕووی راستییەکی تاڵ دەبینەوە: گۆی زەوی کە ماڵی هاوبەشی هەموومانە، لەژێر قورسیی ململانێ و پیشەسازییە بێ بەزەییەکاندا دەمرێت. ژینگە سنوور ناناسێت، هەر گازێکی ژەهراوی کە لە گۆشەیەکی جیهاندا بڵاودەبێتەوە، کاریگەریی لەسەر سەرانسەری زەوی دادەنێت و کوردستان بە سرووشتە جوانەکەیەوە بەشێکە لەم سیستمە جیهانییە و پاراستنی ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکمانە.

​جەنگەکان و ململانێ چەکدارییەکان، نەک تەنیا مرۆڤەکان، بەڵکوو سرووشتیش کۆمەڵکوژ دەکەن. لەسەر ئاستی جیهان، جەنگەکان دەبنە هۆی تێکدانی خاک و پیسبوونی ئاو و لە کوردستانیشدا، ساڵانێکی درێژە بەهۆی تۆپباران، بۆردوومان و سووتانی دارستانەکان بەهۆی شەڕ و ململانێوە، سییەکانی ئەم نیشتمانە بریندارکراون. جەنگ گەورەترین دوژمنی سوروشتە و شوێنەوارە وێرانکەرەکانی بۆ دەیان ساڵ بەسەر جەستەی خاکەوە دەمێننەوە.

​لە لایەکی ترەوە، شۆڕشی پیشەسازی و سەردەمیانە باجێکی قورسی لە مرۆڤایەتی سەندەوە. دووکەڵی رەشی کارگە زەبەلاحەکان و پیشەسازییە نادروستەکان، ئاسمانی جیهان و کوردستانیشیان تەنیوە. ئەم پیسبوونە بێ بەزەییەی ژینگە، تەنیا دیمەنەکان ناشرین ناکات، بەڵکوو راستەوخۆ هێرشدەکاتە سەر تەندروستیی مرۆڤ. بەرزبوونەوەی مەترسیداری رێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە جیهان و بەتایبەت لە ناوچەکانی ئێمەدا، تەنیا رێککەوتێک نییە، بەڵکوو ئەنجامێکی راستەوخۆی ئەو هەوا ژەهراوییەیە کە هەڵیدەمژین و ئەو خاک و ئاوە کيمیاییەیە کە خۆراکمانی لێ بەرهەم دێت.

​لەم نێوەندەدا، هەنگاوی ئەرێنی و رووناکیش هەن کە شایانی ئاماژەپێدانن، بۆ نموونە لادانی موەلیدە ئەهلییەکان و گۆڕینیان بە سیستمی تر، کارێکی زۆرباش و کاریگەر بوو کە هەم لە رووی کەمکردنەوەی ژاوەژاو و هەم لە رووی کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکانەوە هۆکارێکی بەرچاو بوو بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی شارەکانمان، بەڵام لە بەرانبەردا، کێشەیەکی دیکە سەریهەڵداوە کە بریتییە لە زیادبوونی لە رادەبەدەری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان. دووکەڵ و گازی پاشماوەی ئۆتۆمبێلەکان لە شەقامەکاندا، بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ قەتیسبوونی گەرما و پیسبوونی هەوای شارەکانمان، کە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە و پەرەپێدانی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی هەیە.

​پاراستنی ژینگە پێویستی بە ستراتیژێکی روون هەیە، لە چاندنی نەمام و پاراستنی ئاوەوە، تا دەگاتە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تاکەکەس بۆ نزمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک و فڕێنەدانی پاشماوەکان لە کاتی گەشتوگوزاردا. سروشت بەبێ مرۆڤ دەتوانێت بژیت، بەڵام مرۆڤ بەبێ سرووشت چرکەیەکیش بەردەوام نابێت.

​لە کۆتاییدا، لێرەوە لێوانلێو لە پێزانین، دەستخۆشییەکی گەرم و بێپایان ئاڕاستەی هەموو ئەو کچ و کوڕە دڵسۆزانە، و ئەو رێکخراوە مەدەنی و ژینگەییانەی کوردستان دەکەین کە شەو و رۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ پاراستنی ئەم سرووشتە. ئەوانەی وەک پاسەوانی راستەقینەی خاک، بە خۆبەخشی دار دەچێنن، سرووشت پاکدەکەنەوە و هۆشیاریی بڵاودەکەنەوە. ئێوە هیوای ئەم نیشتمانەن و بەهۆی کارەکانی ئێوەوەیە کە هێشتا ژیان لەم خاکەدا بە سەوزی ماوەتەوە.

​با پێکەوە بە یەکگرتوویی و بەرپرسیارێتی، ببینە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و جیهان.

خ.غ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان