مەودا میدیا-
بەهۆی بڵاوكردنەوەی بەشێكی زۆر لە خاڵەكانی لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران و پشتڕاستكردنەوەی لەلایەن هەردوو وڵاتە، نرخی زێڕ لە داڕمانێكی گەورەوە جارێكیتر بەرزبووەوە.
سەرەتا و ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو دوای داڕمانێكی زۆری نرخی زێڕ بەهۆی بێهیوابوونی جیهان لە رێكەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران، نرخی زێڕ بە تەواوی داڕما، بەڵام لە كۆتایی هەفتەدا و بە تایبەت شەوی رابردوو پێش داخستنی بازاڕە داراییەكان، جارێكیتر نرخەكەی بەرزبوویەوە و هەر ئۆنسەیەك نزیكەی 200 دۆلاری چووەسەر.
پێشڕەو محەممەد، شارەزای بازاڕە داراییەكان بە مەودا میدیای راگەیاند” نرخی زێڕ لە ئێستادا پەیوەستە بە كردنەوە و نەكردنەوەی گەرووی هورمز و رێكەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێرانەوە، چونكە بە كردنەوەی ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە نرخەكەی بەرزدەبێتەوە و مانەوەشی بە داخراوی زیاتر نرخی زێڕ دادەبەزێنێت”.
وتیشی” پەیوەندی نێوان نرخی نەوت و دۆلار لەگەڵ زێڕ پێچەوانەیە، چونكە هەركات نەوت و دۆلار نرخیان بەرزببێتەوە لەبەرامبەردا نرخی زێڕ دادەبەزیت و بە پێشەوانەشەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” پێویستە بازرگانانی زێڕ بە وریایی مامەڵە بكەن، چونكە هیچ گەرەنتییەك بۆ بەئەنجامگەیشتنی رێكەوتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران نییە و رەنگە لە هەر كاتێكدا تێكبچێت”.
ئ پ