یەكخستنی گومرگی نێوان هەرێم و بەغدا سەرچاوەكانی دارایی دەوڵەت زیاتر دەكات

مەودا میدیا-
راوێژكارێكی دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت” یەكخستنی سیستەمی گومرگی لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستاندا هەنگاوێكی ستراتیژی گرنگە لە چوارچێوەی چاكسازی ئابووری و داراییدا و توانای دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە نانەوتییەكان كاراتر دەكات”.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆكی حكومەتی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند” یەكخستنی سیستەمی گومرگی، حاڵەتەكانی خۆدزینەوە و جیاوازی رێكارە گومرگییەكان لە دەروازە سنوورییەكان كەمدەكاتەوە و جگە لەوەش داتابەیسەكانی پەیوەست بە چالاكی هاوردە و هەناردەكردن یەكدەخات و زانیاری وردتر بۆ بڕیاردەرانیش دابین دەكات و ئاسانكاری بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی ئابووری و دارایی كاراتر دەكات”.

وتیشی” سەركەوتنی ئەم هەنگاوە پێویستی بە پەسەندكردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی یەكگرتوو هەیە بۆ كۆكردنەوە و پاككردنەوەی گومرگی، بەستنەوەی هەموو دەروازە سنوورییەكان بە داتابەیسێكی ناوەندییەوە كە رێگە بە بەدواداچوونی راستەقینەی جوڵەی كاڵاكان و چالاككردنی چاودێری و وردبینی هاوبەش دەدات لەگەڵ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “یەكخستنی سیستەمی گومرگی پشتگیری لە زیادكردنی داهاتی نانەوتی دەكات لەرێگەی فراوانكردنی بنكەی گومرگی، كەمكردنەوەی دزەكردنی دارایی و داخستنی ئەو كەلێنانەی كە رێگەیان بە ناتەبایی لە كرێ یان دووبارەكردنەوەی رێكارەكاندا دەدا”.

باسی لەوەشكرد “كاریگەرییەكانی ئەم هەنگاوەی نێوان بەغدا و هەرێم تەنیا زیادكردنی داهاتی دارایی سنووردار نییە، بەڵكو لە ماوەی مامناوەنددا درێژدەبێتەوە بۆ باشتركردنی ژینگەی بازرگانی و بەرزكردنەوەی متمانەی وەبەرهێنەران و چەسپاندنی بنەمای بازاڕێكی یەكگرتووی لە عیراق”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان