مهودا میدیا-
رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئهمڕۆ هەینی دووپاتیکردەوە کە رێککەوتنێک بۆ میکانیزمی پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێران بوونی هەیە.
گرۆسی لە ژاپۆن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی “هیوادارین بەم زووانە لە ئێران بین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران ئاڵوگۆڕێکی سەرەتاییمان هەبووە”.
وتیشى “ئامادەبوونی ئێمە زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە رێککەوتنی ئەمهریکا و ئێران جێی متمانەیە”.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئهوهشى خستهڕوو “ئێمە پێمان وایە کە ماددەی ئەتۆمی ئێران لە دوایین پشکنینی ساڵی 2015ەوە نەجووڵاوە، بەڵام پێویستە ئەوە پشتڕاست بکەینەوە، بە رواڵەت ئاماژەیە بۆ سەدان کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو”.
باسى لهوهشكرد “کەمکردنەوەی بڕی ماددە ئەتۆمییەکان یان گواستنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات بژاردەیەکن کە لەبەردەستی ئێراندایە، بەڵام دەبێت لەسەریان رازی بن”.
ناوبراو وتیشى “پێموایە ئامانجی ئەم رێککەوتنە دڵنیابوونە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی دروست نەکات و حکومەتەکەی بە روونی رایگەیاندووە کە بەنیازی ئەوە نییە”.
خەمڵاندنەکانی ئاژانسەکە پێش جەنگ ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران خاوەنی نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆم بووە کە تا 60% پیتێنراوە، کە نزیکە لەو ئاستە 90%ەی کە پێویستە بۆ بۆمبی ئەتۆمی.
لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا ئێران سەردانەکانی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی راگرت، ئەوەش دوای هەڵمەتێکی بۆردوومانی 12 رۆژە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد و دواتر ئەمریکاش بەشداری کرد.
لە مانگی ئەیلولی 2025دا، دوای رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی نوێ، جارێکی تر رەزامەندی دەربڕی لەسەر وەرگرتنی پشکنەران و ئەندامانی دەزگاکە لە چەند مانگی رابردوودا سەردانی ئەو وڵاتەیان کرد، لەنێویاندا وێستگەی ئەتۆمی بوشێهر لە مانگی حوزەیرانی 2026 بەڵام رێگەیان پێنەدرا بچنە ئەو شوێنانەی کە بۆردومان کرابوون.
ع