مەودا میدیا-
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت” لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا جگە لەو مووچانەی كە خەرج نەكراوە، بڕی 65 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجكراوە”.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات”لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا تێكڕای خەرجییە كردارییەكان دەگاتە زیاتر لە 87 تۆلیۆن و 500 ملیار دینار”.
دەقی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی:
لە درێژەی بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكی و چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی 2019 تا 2025، بەشێكی تایبەتە بەخەرجییە گشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەو حەوت ساڵەدا كە تێكڕای خەرجییە كردارییەكان دەگاتە زیاتر لە 87 ترلیۆن و 500 ملیار دینار .
لەو ژمارەیە زیاتر لە 65 ترلیۆنی خەرجی مووچە بووە و زیاتر لە 14 ترلیۆنیش خەرجی بەكارخستن كە بریتییە لە خزمەتگوزارییەكانی رۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەكان و هتد….
هەروەها زیاتر لە چوار ترلیۆن خەرجی بەرهەم هێنانی كارەبا بووە و نزیكەی چوار ترلیۆنیش خەرجی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بووە.
ئەمە جگە لەو مووچانەی كە لەو ماوەیەدا خەرج نەكراون، لەگەڵ رێژەی لێبڕینەكانی خانەنشینی مووچەو پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و جیاوازییەكانی، هەروەها لەگەڵ شایستەی كۆمپانیاكان و بەڵێندەران كە خەرج نەكراون، لەگەڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بەشێكیان بەشێوەی چەك و مەقاسە خەرجكراون بەهۆی كەمی نەختینەی بەردەست لە بانكەكاندا.
تێبینی:
1/ سەرجەم خەرجییەكانی بەكارخستن و وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی كارەبا لەداهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت و لە دوای ساڵی 2013ەوە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بەشێك لە تەمویلی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ناردووە كە بۆتە بەشێك لە تەواوكاری خەرجی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆران.
2/ وەك پێشتر لەخشتەكانی میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی حەوت ساڵی رابردوو بە پێی مانگ و ساڵ لە پەیجی فەرمی وەزارەتمان بڵاوكراوەتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری
ئ پ