بەشێک لە زیندانیانی سیاسیی 15 ساڵی تر مینحەیان پێدەدرێت

مەودا میدیا-

سەرۆکی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکان لە پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ بەغدا رەزامەندیی حکومەتی هەرێم و عیراقی هەیە و کۆنووسی بۆ کراوە.

عیماد سەعید، سەرۆکی کۆمکاری زیندانییە سیاسییەکانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند “یاسای ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی لە پەرلەمانی عیراق هەموارکراوەتەوە و بەپێی هەموارەکە زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش لە یاساکە سوودمەند دەبن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “بابەتی تەرخانکردنی شایستەی دارایی بۆ مینحەی زیندانیانی سیاسیی ماوەتەوە و شاندی هەرێمیش بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدایان کردووە، لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەش کۆتایی بەپرۆسەکە دێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “وەجبەکانی (1 تاوەکو 8) ماوەی 10 ساڵە لە حکومەتی هەرێم مینحە وەردەگرن لەگەڵ هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ بەغدا 15 ساڵی تریان بۆ درێژدەکرێتەوە، چونکە بەپێ یاساکە لە عیراق ماوەی 25 ساڵ مینحەیان پێدەدرێت، هەروەها وەجبەی (9 تاوەکو 15) ماوەی 25 ساڵ مینحەیان بۆ خەرج دەکرێت”.

باسی لەوەشکرد “ئەو وەجبانەی کە ماون تاوەکو ئێستا دادوەریان نەبینیوە، لیژنە پێکدەهێنرێت و مامەڵەیان بۆ دەکرێت، ئەو لیژنانەش لە بەغداوە دێن و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نووسینگە دەکەنەوە و پێداچوونەوە بە دۆسییەکانیاندا دەکەن”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان