لەتیف نێرەویی: میدیاکانی هەوڵیاندا ترس لەناو خەڵکدا بڵاوبکەنەوە

مەودا میدیا-

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی ئاشکرایکرد ئەوەی شەوی رابردوو میدیاکانی پارتی بەرانبەر سلێمانی کردیان، هیچی کەمتر نەبوو لە هێرشەکان.

لەتیف نێرەویی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند “میدیاکانی پارتی پێچەوانەی بڕگەکانی یاسای تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رووماڵێکی ڕاستەوخۆیان کرد، زانیارییان سەبارەت بە شوێنەکان بڵاوکردەوە و هەوڵیاندا ترس و تۆقین لەناو خەڵکدا بڵاوبکەنەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “میدیاکانی پارتی سنووری سلێمانییان خستووەتە دەرەوەی بازنەی ئاسایشی نەتەوەییەوە، هەروەها وەک میدیایەکی دژ کاریان دەکرد، لە بەرانبەریشدا، ئەو نەرمییەی کە ئیدارەی سلێمانی بەرانبەر بە میدیای پارتی نواندی، لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتووی دنیا بەدیناکرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو “پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی سلێمانی رێکارەکانیان بە شێوازێک بێت کە لەگەڵ یاسای سەندیکای رۆژنامەنووسان و رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ گونجاوبێت، بەڵام وەک میدیای یەکێتی هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر سنووری پارتی بڵاوناکەنەوە، چونکە هەست بە بەپرسیارێتی دەکەن بەرانبەر خاک و نەتەوەکەیان”.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان