راپۆرت

پارتی و پەکەکە جارێکی تر ئێزدییەکان دابەش دەکەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارتی و پەکەکە جارێکی تر ئێزدییەکان دابەش دەکەن
مەودا میدیا-

پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە هەوڵی درووستکردنی بەرە و هێزی نزیک لە خۆیانن لە ناو ئێزدییەکانی شنگال بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم، وەک چاودێرانی سیاسیش دەڵێن، پێشتر پەکەکە و پارتی لە ڕێگەی میرەوە ئێزدییەکانی دابەش کردن و ئێستاش لە ڕێگەی درووستکردنی حزبەوە درێژە بەو دابەشکارییە دەدەن.

بە پێی زانیارییەکانی "مەودا پرێس" کە لە سەرچاوەی ناو ئێزدییەکانەوە وەری گرتووە، هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە شنگال سەرقاڵی درووستکردنی بەرەو حزبی سیاسیی نزیک لە خۆیانن بۆ ڕاکێشانی ئێزدییەکان و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەوەش ئێزدییەکانی نیگەران کردووە و داوای دوورخستنەوەی دەستی هەردوو حزب لە ناوخۆی ئێزدییەکان دەکەن.

حسێن نەرمۆ، کەسایەتیی دیاری ئێزدییەکان بە "مەودا پرێس"ی راگەیاند" ئەو زانیارییە ڕاستە و پارتی و پەکەکە دەستیان خستووەتە ناو ئێزدییەکان و بەرەو حزبی نزیک لە خۆیان درووست دەکەن بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق.

وتیشی "ئەوە کارێکی خراپە، ئێستا ئێزدییەکان پێویستیان بە یەکگرتوویی و یەکگوتارییە بۆ ئەوەی ئەو دۆسیەیەی هەیانە بەرەوپێشی بەرن و مافەکانیان لە جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەربگرنەوە، بەڵام بە داخەوە ئەو دوو حزبە ناکۆکی و دووبەرەکی لە ناو ئێزدییەکان دەچێنن و بەسەر دوو بەرەدا دابەشیان دەکەن."

پێشتریش پارتی و پەکەکە لە دوای مردنی میر تەحسین بەگ دەستیان خستە ناو کاروباری ئێزدییەکان و دوو میریان هەڵبژارد، کە یەکێکیان کوڕی میری کۆچکردووە و یەکێکی ترشیان نزیکە لە پەکەکە و ئەوەش ئێزدییەکانی دابەش کردووە.
نایف داود، کە بە میری ناڕازیی ئێزدییەکان ناسراوە بە "مەودا پرێس"ی ڕاگەیاند"به‌داخه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانی حزب له ‌كاروباری ئێزدییه‌كان و به‌كارهێنانی بۆ به‌رژه‌وەندیی حزبی وای كردووه‌ كه‌یسی ئێزدییه‌كان له‌ عێراق و جیهانیش به‌ خاوی بچێته‌ پێشه‌وه‌ و نه‌یانتوانیوە بگه‌نه ‌مافه‌كانی خۆیان.

وتیشی "ململانێی نێوان پارتی و په‌كه‌كه‌ هاووڵاتییانی شنگالی کردووەتە قوربانی، هه‌رلایه‌ك بۆ به‌رژه‌وەندیی خۆیان ڕایده‌كێشن."
لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ـ ەوە قەزای شنگال و مەخمور و بەشێکی تر لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا لە دەستی حکومەتی هەرێم و پارتی دەرچوون و تا ئێستاش پارتی نەیتوانیوە بگەڕێتەوە تەواوی سنوورەکە، بەڵکوو تەنیا لە بەشێکی شنگال دەسەڵاتی هەیە ئەویش بە هۆی بوونی پەکەکە و حەشدی شەعبییەوە لە بەشەکەی تریدا.

مەحما خەلیل، قائیمقامی پێشووی شنگال بە "مەودا پرێس"ی وت: "ئێزدییەکان بە تەواوی ئازادن و هیچ دەستوەردانێک لە لایەن پارتییەوە بوونی نەبووە، ئەوەی هەیە پەکەکەیە کە تەواو ژیانی لە ئێزدییەکان شێواندووە و دووبەرەکی و ناکۆکیی خستوونەتە ناوەوە."

کۆی ژمارەی ئێزدییه‌كان له‌ عیراق ٥٥٠ هه‌زار كه‌سن و ٣٦٠ هەزار کەسیان بە هۆی هێرشەکانی داعشەوە ئاوارە بوون.

ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ دەرکەوتنی داعش، هێرشیان کردە سەر شنگال و داگیریان کرد، بەو هۆیەوە شەش هه‌زار و ٤١٧ هاووڵاتیی ئێزدی لە لایەن داعشەوە رفێندراون، کە سێ هه‌زار و ٥٤٨ کەسیان لە ڕەگەزی مێ و دوو هه‌زار و ٨٦٩ كه‌سیان لە ڕه‌گه‌زی نێرن و سێ هەزار و ٥٠٩ ئێزدی لە دەستی چەکدارانی داعش ڕزگار کراون.

"مەودا پرێس" پەیوەندیی بە چەند فەرماندەیەکی پەکەکەوە کرد لە شنگال، بەڵام ئامادەی قسەکردن نەبوون لەسەر ئەو پرسە.


Qaiwan
Qaiwan