راپۆرت

پاککردنەوەی مەنهۆڵ بەڕێوەبەرێک دەکاتەوە بە مامۆستا

مەودا میدیا - سلێمانی |


پاککردنەوەی مەنهۆڵ بەڕێوەبەرێک دەکاتەوە بە مامۆستا
مەودا میدیا-رەنگین عارف

چەند کاتژێمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەس بوو بۆ ئەوەی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم بێتە سەر خەت و بڕیاری لە کارلادانی بەڕێوەبەرێک و کردنەوەی بە مامۆستایەکی ئاسایی بدات، بەڵام ئەو بڕیارە کاردانەوەی جۆراوجۆری لێ کەوتەوە.


لە وێنەکەدا دەردەکەوێت خوێندکارێک سەرقاڵی پاککردنەوەی مەنهۆڵێکی خوێندگایە و بەڕێوەبەرەکەشی دەستی خستووەتە کەلەکەیەوە و سەیری دەکات، ئەم وێنەیە لای وەزیری پەروەردە و بە پێی ڕێنماییەکان قەدەغەکراوە کە ئیش بە خوێندکار بکرێت و ڕاستەوخۆ بڕیاری کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرە درا بە مامۆستای ئاسایی، ئەوەش لای هەندێک بڕیارێکی درووست بوو و لای هەندێکیش بڕیارێکی بەپەلە بووە، چونکە دەڵێن خوێندکاران زۆر جاران خۆیان پێیان خۆشە لە خوێندگا کار لەگەڵ مامۆستاکاندا بکەن.


ڕێکان کەمال جەرجیس، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "مەودا پرێس"ی ڕاگەیاند: وەزیری پەروەردە بڕیارەکەی دەرکردووە و ئەو بەڕێوەبەرە کراوەتەوە بە مامۆستایەکی ئاسایی، ئەو بڕیارەش لە دەسەڵاتەکانی وەزیرە و خۆی دەزانێت چۆن بە کاری دەهێنێت.


وتیشی: "کارەکە ڕاستە و بەدواداچوونمان کردووە و دەرکەوتووە ئیش بەو خوێندکارە کراوە، ئەوەش بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و بۆیە ئەو بڕیارە بۆ ئەو بەڕێوەبەرە دەرچووە."


بڵاوبوونەوەی وێنەکە و بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە خێرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، کە جۆراوجۆر بوون.
هێرش عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردە لە شاری سلێمانی، بە "مەودا پرێس"ی ڕاگەیاند: لە خوێندگاکاندا جاری وا هەیە ئیشێک لە حەوشەی مەکتەب دەکرێت، خوێندکارەکان بێ ئاگادارکردنەوەی مامۆستاکان یان ئیدارەی مەکتەب ڕاستەوخۆ دەچن ئیش دەکەن، دوور نییە ئەو ئیشەش وا بووبێت و خوێندکارەکە خۆی حەزی کردبێت ئەو کارە بکات.


وتیشی: "زۆرجار ئەوەمان بینیوە کە خوێندکارەکان هاتوون بۆ ئیدارە یان لە وانەکاندا وتوویانە ئەگەر کارێک لە خوێندنگا هەیە یان پێویستییەک تا پێیان بڵێین و هاوکاریمان بکەن، بۆیە دەبوو وردبینیی زیاتر لەو پرسەدا بکرایە."


لە بەرامبەردا بۆچوونی تر هەیە و پێی وایە بڕیارەکە تەواوە و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت و نابێت کار بە خوێندکار بکرێت و وێنەی بڵاو بکرێتەوە، بەڵام دەشڵێن بڕیارەکە پەلەپەلی پێوە دیار بوو و دەکرا وەزیر لە بڕیارەکەی پەلەی نەکردایە.


ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە "مەودا پرێس"ی وت: "ئەم باسە بە هەردوو دیودا قسەوباسی هەیە، هەم بەو بارەی کە بڕیارەکە تەواوە و لە جێی خۆیەتی، هەم ئەوەش کە ڕەنگە ئەو خوێندکارە خۆی چووبێت ئیشەکەی کردبێت وەک هاوکاری، بۆیە هەردوو خوێندنەوەکەی بۆ دەکرێت." 


وتیشی: "هەموو جۆرە کارکردن یان پارەوەرگرتن قەدەغەیە لە خوێندکار، بەڵام بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە پەلەپەلی پێوە دیار بوو و دەکرا سەبری بگرتایە و بەدواداچوونی زیاتر بکرایە و دواتر بڕیارەکە بدرایە."


لەسەر هەمان پرس، د.شێرکۆ حەمەئەمین، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە "مەودا پرێس"ی وت: "من لەگەڵ ئەوەم کە بە هیچ شێوەیەک لە ناوەندەکانی خوێندن کار بە خوێندکار نەکرێت و بەو شێوەش کە دەیبینین وێنەی بڵاو بکرێتەوە، بۆیە من بڕیارەکەم پێ درووستە، بەڵام ئاسایی دەبوو وەزیری پەروەردە لە بڕیارەکە پەلەی نەکردایە و زیاتر لە پرسەکە ورد ببوایەتەوە."


وتیشی: "ئەو قسانەی دەڵێن خوێندکاریش خۆی هاوکاریی خوێندنگە دەکات و ڕەنگە خۆی هاتبێت بۆ کار پاساوی بڵاوبوونەوەی وێنەکە و کردنی کار نییە، دەبێت بەڕێوەبەر نەهێڵێت خوێندکار کار بکات، پاککردنەوەی مەنهۆڵ ئیشی تیمی تایبەتە و ئەگەر کارگوزاریش نەبێت نووسراوێک بۆ پەروەردە دەکرێت و داوای تیمێک دەکرێت نەک بەو شێوەیە خوێندکار کار بکات."
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب