چاوپێكەوتن

ئاری هەرسین: كوردستان دوو ئیدارەی دیارە و بستێكی ماوە بۆ دوو هەرێمی

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاری هەرسین: كوردستان دوو ئیدارەی دیارە و بستێكی ماوە بۆ دوو هەرێمی
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ مەودا میدیا لەبارەی پەیوەندیی نێوان پارتەكەی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت "هەر کاتێک پەیوەندیی نێوان ئێمە و یەکێتی خراپ بێت دۆخی خەڵکی کوردستان خراپ دەبێت"، ئاماژە بەوەش دەکات "ئێمە لە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەی دیارین".

ئەمساڵ کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی ئەنجام دەدرێت یاخود دوادەکەوێت بۆ ساڵی داهاتوو؟
ئاری هەرسین: ئەگەر لەم ساڵدا کۆنگرە ئەنجام بدرێت نەک هەر لای من، بەڵکو لای هەمووان سەیر دەبێت، چونکە بەم چەند مانگەی ماوە کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چارەسەر نابێت، بۆیە بڕواناکەم ئەمساڵ کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەبچێت.

دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عیراق چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئاری هەرسین: عیراق جگە لە کێشەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆمەڵێک کێشەی دیکەشی هەیە یەکێک لەوانەش بووەتە شوێنی ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران کە ئەمەش لە زیانی عیراق و دانیشتووانەکەی دەبێت، هەروەها سەبارەت بە هەرێمی کوردستان بۆچوونم وایە دۆخی ئێمە لە عیراق زۆر باشترە لە رووی ژێرخانی ئاو و پێدانی کارەبا و رێگاوبان و ئەمنییەتەوە، بۆیە ئەگەر سیاسییەکانی عیراق گوێ لەیەک نەگرن و چارەسەری کێشەکان نەکەن دۆخی سیاسی عیراق هەموو رۆژێک بەرەو خراپتر دەڕوات بەتایبەت دۆخی ئەمنی، هەرێمی کوردستانیش ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لێک نزیک نەبنەوە و گوێ لە یەکتری نەگرن بەتایبەت یەکێتی و پارتی، ئەوا دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، بۆیە مەرجی ئەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو باشی بڕوات ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی باش بێت.

كەواتە بۆچی یەکێتی و پارتی کۆنابنەوە لەکاتێکدا بڕیاربوو بە زووترین کات کۆبوونەوە ئەنجام بدەن؟
ئاری هەرسین: هۆکاری کۆنەبوونەوەی پارتی و یەکێتی بۆ هەست بە بەرپرسیارێتی نەکردن دەگەڕێتەوە، ئەمەش کارێکی خراپە، لەبەرئەوەی هەر کاتێک پەیوەندیی نێوان ئێمە و یەکێتی خراپ بێت دۆخی خەڵکی کوردستان خراپ دەبێت، بۆیە هیوادارم هەندێک شتی لاوەکی هەیە تێیبپەڕێنین لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و یەکێتی و پارتی دابنیشین.

ئەرکی حکومەتی هەرێم چییە لە راگرتنی بۆردوومانکردنی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە؟
ئاری هەرسین: کوردستان دەوڵەت نییە خۆ عیراق دەوڵەتە ناتوانێت هیچ بڵێت بەرانبەر تورکیا، هەروەها تەنیا تورکیا نییە بۆردوومان دەکات، بەڵکو ئێرانیش بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەکات، بۆیە کە دەوڵەت نەبووی هیچ کەس ناتوانێت خۆی بکات بە خاوەنت، بەڵام کە دەوڵەت بووی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە هەڵدەدەنێ لەسەرت، هەروەها کە دەوڵەت نەبووی نەک تورکیا هەموو وڵاتان دەتوانێت بێنە ناوەوە بۆردوومان بکات.

بە هەرێم کردنی شاری سلێمانی چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر یەک پارچەیی کوردستان؟
ئاری هەرسین: ئێمە لە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەی دیارین، تەنیا یەک بستی ماوە بۆ دوو هەرێمی، لەبەر ئەوە دوو هەرێمی بابەتێکی سەیر نییە لای من.

س.س

Qaiwan
Qaiwan