راپۆرت

کورد سەبارەت بە دورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی یەکدەنگ نابێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


کورد سەبارەت بە دورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی یەکدەنگ نابێت
مەودا میدیا_

ئەندامانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوێستی جیاوازیان سەبارەت بە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیەو  یەکدەنگ نین بەوەی پشتگیری سەرۆکوەزیران بکەن بەوەی چاکسازی بکات یاخود دەنگ بدەن بە گۆڕینی و بە هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرۆکوەزیرانێکی نوێ بۆ عێراق هەڵبژێرن.

خۆپیشاندانەکانی بەغدا تادێت پەرە دەستێنێت، هەرچەندە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان دەکرد، بەڵام داواکارییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و لە ئێستادا داوای گۆڕینی سەرۆکوەزیران و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت.

داواکاری خۆپیشاندەران کاریگەری لەسەر کورد و نوێنەرانی کوردی لە بەغدا دروستکردووە و بوونە بە دوو بەرەوە، بەشێکیان پێیان باشە دەرفەت بە عادل عەبدولمەهدی بدرێت بەوەی ئەو گەندەڵییەی لە رابدوو رویداوە چاکسازی تێدا بکات، بەشێکی دیکەشیان پێیان وایە لە ئێستادا شەرعییەتی لەدەست داوە و دەبێت دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.

رۆژی پێنج شەممەی هەفتەی رابردوو فراکسیۆنی سائیرون کە زۆرترین کورسییان هەیلە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا داوایان کرد پەرلەمان بە مەبەستی لێپێچینەوە بانگهێشتی عادل عەبدول مەهدی بکات.

دانا جەزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی کورد لە عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە مەودا پرێسی راگەیاند "ئەو داواکارییە هی فراکسیۆنێکی جیاوازە و ئەجندای تایبەتیان هەیە و هیچ فراکسیۆنێک ناچار نییە دوای ئەجێندای ئەوان بکەوێت".
وتیشی "ئەگەر بۆ کۆکردنەوەی دەنگی پەرلەمانتاران بێت ئێمە فراکسیۆنی پارتی واژۆ ناکەن چونکەئەجێندای سیاسی هەیە و ئێمە مامەڵەی لەگەڵ ناکەین وە ئێمە سیاسەتێکی واقعیمان هەیە و ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو هەنگاوانە دەکەین کە حکومەت کاری پێدەکات".

ئێستا حکومەت نکۆڵی لە مافی هاوڵاتیان ناکات، بەرنامەی هەیە بۆ خزمەتی خەڵک و ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە ئەنجامی خراپی بەڕیوەبردنی چەندساڵی رابردوو بووە".

دانای شەهد جەزا دەڵێت "عادل عەبدولمەهدی کەسێکی تێگەیشتوو پێگەیشتووە لە ئاست کێشەکان و ئەولەویەتی کاری ئێمە ئەوەیە چاوەڕێی ئەم حکومەتە دەکەین چاکسازی بکات، نەک بەوەی بڵێن پشتگیری حکومەتێکی گەندەڵ دەکەین بەڵام بە نەبونی ئەو دۆخەکە خراپتر دەبێت".

هەندێک جار دەوترێت سیاسەتی نەرمی عادل عەبدولمەهدی بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان وچاوپۆشیکردنی لە رادەستنەکردنی نەوت بە حکومەت سەرۆکوەزیرانی وڵاتی بەم دۆخە گەیاند، شێرکۆ حەمە ئەمین ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان بە مەوداپرێسی ووت "سەرۆک وەزیرانی عێراق رەنگە ئێستا باجی باشبون و چاوپۆشی کردن لە کورد بدات، من پێم خۆشە هەموو هاونیشتیمانییەکی کوردستان گوزەرانیان لە هاوڵاتیەکی سوید باشتر بێت، بەڵام ئەم دەستەڵاتدارانەی کوردستان داهاتەکە نادەن بە هاوڵاتیان و بۆ بەغداشی ئاشکرا ناکەن دۆخی عێراق لەوە باشتر نابێت".

شێرکۆ حەمە ئەمین وتیشی "حکومەتی عێراق لەڕووی ئەخلاقییەوە کۆتایی هاتووە، تەنها لەروی سیاسی و کارگێڕییەوە ماوەتەوە".


رێبوار کەریم پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بۆ مەوداپرێس دەڵێت "راستە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کورد باشە بەڵام کۆمەڵێک کێشە لە ناوخۆی عێراق بەگشتی هەیە کە دەبوایە چارەسەری بکات و نەیکردووە، تا یئێستا دیار نییە سەرۆکوەزیران کەی دێتە پەرلەمان بۆیە دیار نییە ئێمە بەشداری دەکەین یاخود نا".


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەپشکی یەکێتی بە مەوداپرێسی راگەیاند "پشتیوانی لە کابینەکەی ئێستا دەکەن و دەبێت هەلی پێبدرێت و کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە بکات کە پێشکەشی پەرلەمانی کردووە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی "ئەو خۆپیشاندانانەی کە ئێستا هەیە هۆکاری کەڵەکەبونی گەندەڵی پازدە ساڵی رابردووە و دەبێت لەم حکومەتەدا هەوڵی چاککردنی بدرێت".

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەپشکی گۆڕان بە مەوداپرێی ووت "داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بەگشتی رەوان هۆشیاربونەوەی هاوڵاتیانە لەو هەموو گەندەڵییەی لە عێراق روودەدات، بەهۆی رشتنی خوێنی خۆپیشاندەران، هیچ شەرعییەتێک بۆ ئەم حکومەتە نەماوەتەوە، حکومەتێک دەستی بە ڕۆڵەکانی سوربێت هیچ بیانویەک بۆ مانەوەی نابینم".
هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت "تەواوی ئەو بەڵێنانەی ئێستا عادل عەبدولمەهدی دەیدات، کۆمەڵێک بەڵێنی نا مەوزوعین کە جێبەجێکردنیان کێشەی گەورە بۆ ستراتیژی بودجەی عێراق دروست دەکات".

وتیشی "لەروی ئابوورییەوە دەستەڵات و دارایی وڵات بەرگەی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە ناگرێت تەنها هەوڵێکن بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران".

سەبارەت بە بەشداری کردنی کورد لە دانیشتنێکدا بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت "من تەنها بە ناوی خۆمەوە قسە دەکەم، بەشداری لە تەواوی دانیشتنەکان دەکەم، وە پشتیوانی لەو رێکارانە دەکەم کە بۆ ئیستیفزازکردنی عادل عەبدولمەهدی بکرێت".

ماوەی مانگێک و 10 رۆژە خۆپیشاندانەکانی عێراق دەستی پێکردووە و تا ئێستا هیچکام لە داواکارییەکانی هاوڵاتیان جێبەجێنەکراوە و نزیکەی 300 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە 12هەزاریش بریندار بوون، چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە خۆپیشاندەران بەبێ دەستکەوت ساحەی تەحریی ناوەندی بەغدای پایتەختی عێراق چۆڵناکەن.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان