چاوپێكەوتن

ئەبوبەکر هەڵەدنی: لەو بڕوایەدا نیم پرساندنی سەرۆکی حکومەت ئەنجام بدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەبوبەکر هەڵەدنی:  لەو بڕوایەدا نیم پرساندنی سەرۆکی حکومەت ئەنجام بدرێت
مەودا میدیا - کاروان نوری

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان زانیاری نوێ لەسەر دواین دانیشتنی پەرلەمان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "هاتنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و داواکردنی بۆ ئەوەی بێنە پەرلەمان بۆ خستنەڕوو بابەتی چاکسازی و چەند بابەتێکی گرنگی دیکە، بووە هۆی لەباربردنی پرۆسەی پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و لەو بڕوایەدا نیم پرساندنەکە ئەنجام بدرێت".

"لەو بڕوایەدا نیم پرساندنی سەرۆکی حکومەت ئەنجام بدرێت"
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ مەودا میدیا رایگەیاند "هاتنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و داواکردنی بۆ ئەوەی بێنە پەرلەمان بۆ خستنەڕوو بابەتی چاکسازی و چەند بابەتێکی گرنگی دیکە، بووە هۆی لەباربردنی پرۆسەی پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، کە پێشتر بە هەوڵی چەندین ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنە جیاوازەکان هەنگاوی بۆ نرابوو کە دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی هاتنە پەرلەمان لەو بڕوایەدا نیم پرساندنەکە ئەنجام بدرێت".

"سەرۆکی حکومەت لەبری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەو بارودۆخەی کە لە ئێستادا هەیە، کابینەکانی پێشووی حکومەتی تاوانبار دەکرد"
ئەبوبەکر هەڵەدنی سەبارەت بە دواین دانیشتنی پەرلەمان و ئەو بابەتانەی کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی خستیانە روو لە دانیشتنی پەرلەماندا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "سەرۆکی حکومەت و جیگرەکەی و وەزیرەکان لەبری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەو بارودۆخەی کە لە ئێستادا هەیە و ئەو قەیرانانەی کە دروستبوون، کابینەکانی پێشووی حکومەتیان تاوانبار دەکرد و بەرپرسیارێتیان نەدەخستە سەر شانی خۆیان، هیچ شتێکی نوێ باس نەکرا کە بەراستی جێگەی دڵخۆشی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، ئەو زانیاریانەی کە خرایەڕوو پێشتریش باسکرابوو بیسترابوون ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو کە دەبوو چارەسەرێک بخرێتەروو کە نەکرا".

 "چاکسازی بە کەسێک دەکرێت کە  بڕوای بە چاکسازی هەبێت و ویستی ئەنجامدانی هەبێت و کەسانێک بن کە چاکسازی خوازبن"
سەبارەت بە وردەکاری ئەو پرۆژەیەی کە سەرۆکی حکومەت جەختی لەسەر دەکردووە ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان وتی "بابەتی ئەنجامدانی چاکسازی روون نییە، سەرەڕایی هەموو ئەو بابەتانەی کە خرایەڕوو تەنها یەک بەڵێنیش نەدرا کە جێگەی ئومێدی خەڵک بێت و خستنەڕووی چارەسەرێک بێت بۆ ئەو کێشانەی کە هەیە لە هەرێمی کوردستاندا، چاکسازی بە کەسێک دەکرێت کە  بڕوای بە چاکسازی هەبێت و ویستی ئەنجامدانی هەبێت و کەسانێک بن کە چاکسازی خوازبن، چاکسازی کاتێک دەکرێت کە بتوانی کۆنترۆڵی ئەو هەموو بەفیڕۆدانی داهاتە بکەی کە حیزب هەیە لەم هەێمەدا بە تەنها زیاتر لە 21  کەناڵی هەیە کە ئەمە لە هیچ شوێنێکدا شتی وام نەبینیووە".

"هەرێم لە ماوەکانی رابردوودا دەرفەتی زۆر گەورە و زێڕینی لەدەستداوە"
سەبارەت بە کاریگەری بارودۆخی عیراق لەسەر هەرێمی کوردستان و ئەو قەیرانە دارایانەی کە دروستبووە، روونیکردەوە "راستە کاریگەری بارودۆخی ناسەقامگیری عیراق کاریگەری لەسەر هەرێم هەیە بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە ئەوە کە هەیە هەمووی پەیوەندی بە بەرودۆخی حکومەتی عیراقەوە هەیە، چونکە بەشێکی زۆری کێشەکان کێشەی ناوخۆیی هەرێم و کەڵەکەبووی ئەو چەند ساڵە حکومڕانیەیە کە لە هەرێم هەبووە و کە دەبوو لە ساڵانی پێشوودا پاشخانێکی زۆری باش ئامادە بکردایە نەک ئەوەی لەگەڵ دروستبوونی بچوکتری قەیران هەرێم نەتوانێت خۆی بگرێت و لە بەرانبەریدا بتوانێت ئیدارەی ئەو بارودۆخەی پێبکات، نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە هەرێم لە ماوەکانی رابردوودا دەرفەتی زۆر گەورە و زێڕینی لەدەستداوە و دەبوو ئەو دەرفەتانەی بەکاربهێنایە و ئەم رۆژانەی لەبەرچاو بوایە و خۆی ئامادە بکردایە".

"زیاتر لە حەوت ساڵە هەرێم پابەندی ئەو رێککەوتنە نابێت کە لەگەڵ بەغداد ئەنجامی دەدات"
سەبارەت بە پەیوەندیەکای نێوانی هەرێم و بەغداد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "ئەوەی تا ئێستا من لە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد تێگەیشتبم، بەشێکی زۆری رێککنەکەوتنی هەرێم و بەغداد پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە و هەرێم پابەندی ئەو بەڵێنانە نابێت کە لە رێککەوتنەکاندا بەڵێن بە بەغداد دەدات و ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە هەرێم پابەندی ئەو رێککەوتنە نابێت کە لەگەڵ باغداد ئەنجامی دەدات".

ئەمەش دوای ئەوەدێت کە چەند جارێک شاندی دانوستانکاری هەرێم بەمەبەستی رێککەوتن و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە سەرەکیەکانی وەک مووچە و بودجە و داهاتی خاڵە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆ سەردانی بەغداد دەکات و تا ئێستاش نازانرێت کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و پرسی رێککەوتنەکە بە کوێ دەگات، هاوکات لە ئەمساڵدا حکومەت تەنها دوو موچەی دابەش کردووە لە ئێستاشدا چاوەڕوانی ناردنی 320 ملیار دینارەکەی بەغدادە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە بە لێبڕینی 18% دابەش بکات.

ک.ن

Qaiwan
Qaiwan