راپۆرت

وردەکاریی چوونی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


وردەکاریی چوونی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەبێت
مەودا میدیا- رەنگین عارف

چوار وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن لەگەڵ وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی هەرێم، وا بڕیاریشە وەفدەکان لە سبەینێوە سەردانی بەغدا بکەن و مەوداپرێس دەستی بە هەندێ زانیاری گەیشتووە لەبارەی وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لەگەڵ درووستبوونی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شارە جیاوازەکانی تری عیراقدا، گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا راوەستان و لەئێستاشدا تەنیا مانگێک ماوە لە بەردەم هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ رێككەوتن، بۆیە هەرێم بە چوار وەفدی لاوەکی و وەفدێکی باڵای حکومی سەردانی بەغدا دەکەن و وەک روون دەکرێتەوە، ئەگەری رێککەوتنی هەرێم و بەغدا ئەگەرێکی بەهێزترە وەک لە رێکنەکەوتنیان.

بەپێی زانیارییەکانی مەوداپرێس، ئەو لیژنانەی پێترش لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا گفتوگۆیان کردووە گەیشتوونە گەڵاڵکردنی چەند پێشنیازێک بۆ رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، یەکێک لەو پێشنیازانە بەردەوامبوونی شێوازی رێککەوتنی هەرێم و بەغدایە وەک ئەوەی لە 2019دا هەبوو، دووەم بەغدا تەواوی شایستە داراییەکان بۆ هەرێم بنێرێت و پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەربکات، سێیەمیش ئەوەیە هەرێم نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات و ئەوانیش هەموو مافە داراییەکانی هەرێم بنێرێن.

شیروان جەمال، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عیراق پێی وایە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان گرنگن و ئەوەشی ئاشكرا کرد بەغدا و هەرێم پێش کۆتایی ساڵ دەگەنە رێککەوتن و لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2020یشدا رێککەوتنەکە جێ دەکرێتەوە.

هەریەکە لە هەرێم و بەغدا خواستیان هەیە کە رێککەوتنی ئەمجارەیان بۆ تەمەنی ئەم کابیەنەیە درێژە بکێشێت بۆ ئەوەی هەموو ساڵێک و لە سەروەختی پڕۆژەیاسای بودجەدا ئەو کێشانە لەنێوانیاندا سەرهەڵنەدەنەوە.

"ئەو چوار وەفدەی هەرێم لە بواری جیاوازدان و لەگەڵ لیژنە هاوتاکانیان لە حکومەتی عیراق کۆدەبنەوە و دوا بڕیار لەسەر هەندێ پێشنیاز و رێککەوتن دەدەن کە گەیشتوونەتە تێگەیشتن و رێککەوتن لەسەریان." شیروان جەمال وای وت.

بەپێی زانیارییەکانی مەوداپرێس، وەفدەکانی هەرێم لە بواری پێشمەرگە، وزە، سەرژمێری و بودجەدان و لەگەڵ ئەو وەفدانەشدا شاندێکی تری هەرێم بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی هەرێم دەچنە بەغدا و گفتوگۆکان لە ئاستێکی باڵاتردا دەستپێدەکەنەوە.

جەمال شکور، پەرلەمانتاری کوردی پەرلەمانی عیراق بە مەوداپرێسی راگەیاند "درووستبوونەوەی گفتوگۆکان لەنێوان هەرێم و بەغدادا کارێکی پێویستە، چونکە خۆپیشاندانەکان گفتوگۆکانیان بەشێوەی رەسمی راگرت و ئەوەش وایکرد رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دوابکەوێت.

بەڵام تائێستا لەنێوان هەرێم و بەغدا هەندێ کێشەی بنەڕەتی ماون و چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەتایبەت قەرزەکانی هەرێم کە 27 ملیار دۆلارە و هی مووچەخۆران و کۆمپانیاکانی نەوتە و دەیەوێت بەغدا بیانداتەوە و بیانگرێتە ئەستۆ، بەڵام بەغداش بەبێ ئاشکراکردنی داهاتی پێنج ساڵی رابردووی هەرێم و چۆنێتیی گرێبەستە نەوتییەکان ئامادە نییە ئەو قەرزە بخاتە سەر خۆی.

ناوبراو وتیشی "وا باشترە هەرێم و بەغدا رێککەوتنێکی درێژخایەنیان هەبێت، یان لانیکەم بۆ ئەم چوار ساڵەی کابینەی عادل عەبدولمەهدی، هەرێم و بەغدا لە هەردوو لایانەوە فشاریان لەسەرە و لەو بڕوایەدام ئەگەری رێککەوتن زیاتر بێت لە رێکنەکەوتن."


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان