راپۆرت

کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم چەندین پۆستی پڕ نەکراونەتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم چەندین پۆستی پڕ نەکراونەتەوە
مەودا میدیا_

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا هەیکەلی حکومەتەکە تەواو نەکراوە و جگە لە بریکاری هەندێ لە وەزارەتەکان، شەش پۆستی باڵای ناو حکومەتیش پڕنەکراونەتەوە.

ئەو شەش پۆستە بریتین لە: وەزارەتی سامان سروشتییەکان، سەرۆکی سندووقی داهاتە نەوتییەکان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری چاکسازی، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و سەرۆکی دەزگای کاروباری مین. ئەو پۆستانەش لە نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتدا دابەش کراون و تا ئێستا پڕ نەکراونەتەوە و ئەوەش کێشەی بۆ ئیشوکاری ئەو دامودەزگایانە درووست کردووە.

راهی رەهبەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە مەوداپرێسی راگەیاند" راستە پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە دوا کەوتوون و بەشێک لەو پۆستانەش بەر یەکێتی کەوتوون".

گوتیشی" ئەوەی لای یەکێتییە لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیی بە دوو خاڵەوە هەیە، یەکەمیان لایەنی بەرامبەرمانە کە پارتییە چەند کاندیدێکمان هەبووە و ئەوان رەتیان کردوونەتەوە، دوومەیش ئێستا یەکێتی لە بەردەم کۆنگرەدایە و ئەو پرسەی بۆ دوای کۆنگرە دواخستووە و ئەو کاتە یەکلاییان دەکاتەوە".

کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە لایەنەکانی؛ پارتی، یەکێتی و گۆڕان پێک هاتووە و سەرجەم پۆستەکانی کابینەکەش بە ڕێککەوتن لە نێوانیاندا دابەش کراوە.
بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، پێی وایە پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە دواکەوتوون و دەبوو لایەنەکان زووتر پڕیان بکردایەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ سستی و خاویی جێبەجێکردنی بڕیارەکان لە لایەن حزبەکانەوە دەگەڕێنێتەوە.
گوتیشی" بزووتنەوەی گۆڕان لیستی سەرجەم کاندیدی پۆستەکانی ئامادەیە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی حکومەت دەکرێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی بەر گۆڕان کەوتوون و تا ئێستا وەری نەگرتوون".

جگە لەو شەش پۆستە، لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت تا ئێستا چەند بریکاری وەزیرێکیان پڕ نەکردووەتەوە، ئەوە جگە لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە ژمارەیان زۆرە و هێشتا هەر لە لایەن بەڕێوەبەرە کۆنەکانیانەوە بەڕێوە دەبرێن.

بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە مەوداپرێسی وت: "پڕنەکردنەوەی ئەو پۆستانە پەیوەندیی بە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتەوە هەیە هەر لە پارتییەوە تا یەکێتی و گۆڕان، چونکە تا ئێستا کاندیدیان یەکلایی نەکردووەتەوە یان نەیانناردووە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت تا بخرێنە ئەو پۆستانەوە".

وتیشی" پڕنەکردنەوەی ئەو پۆستانە کێشەی درووست نەکردووە، چونکە ئەو پۆستانە بەتاڵ نین و لە لایەن بەڕێوەبەر و بەرپرسەکانی پێشوویانەوە ئیشوکارەکانیان بەڕێوە دەبرێن تا دانانی کەسە تازەکان".

بەڵام پسپۆڕێکی ئیداری بە پێچەوانەوە قسە دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەو پۆستانە پڕ نەکرێنەوە ئەگەر لە لایەن بەڕێوەبەر یان بەرپرسەکانی پێشوویانەوە بەڕێوە ببرێن بەڵام کێشەی ئیداری درووست دەکات و بەشێکیشیان ئیشەکانیان رادەگرن.
موسا محەمەد، پسپۆڕی ئابووری و ئیداری ئاماژە بەوە دەکات ساردبوونەوەی کاروبارەکان لەو دامەزراوانەی بەرپرسەکانیان دەگۆڕدرێن و دوا دەکەوێت روودەدات.

ناوبراو بۆ مەوداپرێس وتیشی" بەشێک لەو بەرپرسانەش ئیشوکارەکان رادەگرێت تا دەگۆڕدرێت، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیی ئەو ماوەیە کەم بکاتەوە و کاروباری بەڕێوەبەرایەتییەکە یان پۆستەکەی رێک بخاتەوە و هیچ بڕیارێک یان پڕۆژەیەک لەو ماوەیەدا جێبەجێ ناکات".
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب