چاوپێكەوتن

سەباح قارەمانی: دەمانەوێت بە زووترین کات کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی ببەستین

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەباح قارەمانی: دەمانەوێت بە زووترین کات کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی ببەستین
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بڕیارە لە 6ی حوزەیرانی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق بەڕێوەبچێت ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش رایدەگەیەنێت کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکات، هەروەها لەبارەی بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیەوە ئاماژە بەوەدەکات لە ئێستادا لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرە راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات.

"کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکات"
سەباح قارەمانی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "جارێ کات ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گۆڕانکاری لە شێواز و بازنەکانی هەڵبژاردن کراوە، بەڵام بە دڵنیایەوە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان وەک لایەنێکی ئیسلامی هەمیشە بەشداری دەکات لە هەڵبژاردنەکان".

ئەو  ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "لە ئێستادا سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی دیراسەی چۆنیەتی بەشداری کردنی کۆمەڵ دەکات لە هەڵبژاردنەکانی عیراق".

"سەرکرادیەتیی کۆمەڵ پێی خۆشە بە زووترین کات کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی ببەستێت"
لەبارەی بەستنی کۆنگرەی حزبەکەیەوە قارەمانی باسی لەوەکرد "کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی پێکهێناوە، هەروەها کۆنفرانسی بەشێک لە مەڵبەندەکان ئەنجامدراوە، کۆتا مەڵبەندیش مەڵبەندی دهۆک بوو".

ئەوەشی خستەڕوو "لە ئێستادا لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرە راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات و ئاراستەی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەکات، هەروەها لە ماوەیەکی نزیکدا سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کۆبوونەوە ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتەی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرە ئامادەی کردووە".

باسی لەوەشکرد "سەرکرادیەتیی کۆمەڵ پێی خۆشە بە زووترین کات کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی ببەستێت، بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگربوو، هەروەها بڕیاری کۆتایی دیاریکردنی کاتی کۆنگرە لای سەرکردایەتیی کۆمەڵە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan