ئەسعەد جەباری

ئەسعەد جەباری

لە سەدامەوە بۆ حەلبوسی و کازمی

لە تشرینی دووەمی ساڵی 1991 حکومەتی سەدام حسێن بەتەواویی بڕیاری خۆیدا کە هێز و بنە و بارەگا و دامودەزگاکانی بکشێنێتەوە لە کوردستانی دوای راپەڕینی بەهاری ئەو ساڵەدا تاوەکو هێزە سیاسییەکانی کورد کە ئەوکات بەرەیەکی کوردستانیان دروستکردبوو بۆ حوکمڕانی خۆماڵی، ئەم کشانەوەیە لێدانی یەکەم بزماربوو لە تابووتی ئامادەکراوی دەسەڵاتی کوردی تا مرداری بکەنەوە.

ئەمساڵ هەر لە تشرینی دووەمی 2020 لەڕێی یاسای قەرز کازمی و حەلبوسی دووەمین بزماریان لە تابووتی ئامادەکراوی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تاوەکو بەیەکجاری بیمرێنن.

ئەم دوو رێکەوتە هەر لە تشرین بوو، دوو بزمارن لە مێژووی هاوچەرخی سیاسی عیراقدا، سەدام جەلادێکی خوێنڕێژ، حەلبوسی چاوش و کازمی رۆژنامەنووسێکی دڵڕەش بۆ کورد هەرسێکیان یەک تایپ و یەک ماشێن بوون بۆ پووکانەوە شۆڕش و راپەڕین، سەدام پێی وابوو دوای کشانەوەی دەزگاکانی میری کورد دەکەوێت، بەڵام ئەوكات کورد خاوەنی یەک ئیرادە بوو، خاوەنی دڵسۆزی و پشتوپەنای هێزە سیاسییەکان بوو، جەماوەری ئەو سەردەمە بە جلوبەرگی شڕ و سکێ تێر و سکێ برسی گیرفانی خاڵی و ژیانێکی کەمێک لەمەلای مردنەوە چاکی مەردایەتیان لێهەڵماڵی و نەیانهێشت دەستکەوتی راپەڕین بەرەو پووکانەوە بچێ، خۆڕاگربوون لەئاست زیندەگییەکی سەخت و دژوار، بۆ ئەو رۆژە ئەمە هەڵوێستێکی ئاڵتوونی بوو بۆ هێزە سیاسییەکان. بۆیە دوای حەوت مانگ کورد بڕیاری خۆیدا بۆ هەڵبژاردن و دامەزراندنی یەکەم حکومەت وەک تەحەدایەکی مێژوویی بەرانبەر بە سەدام حسێن، بۆ تشرینی ساڵی 1992 کورد فیدراڵیەتی راگەیاند لە چوارچێوەی عیراقدا دوای یەک ساڵ. 

لە سەروبەندی ساڵی 1991 هەتا ساڵی 2003 کورد لەنێو چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە خۆماڵییەی کە هەیبوو توانی بۆ ماوەی 12 ساڵ بە گیرفانی خۆی و بەگومرکی ئیبراهیم خەلیل و دەروازەکانیتر و باج و خەراج و هاوکارییە مرۆییەکان خۆی بژێنێ سەرەڕای سەختی بژێوی جەماوەر چەندین شەڕی ناوخۆ بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتبوو، بەڵام دارایی حکومەت و دامەزراوەکان تا ئەندازەیەی باش جێگیرکرابوو بە پارەیەکی دراوی کۆنی ناڕەسمی‌ توانرا ئیدارەی خۆماڵی کورد رێکبخرێت، هەموو ئەمانە چونکە ئیرادە هەبوو کورد و حزبە دەسەڵاتدارەکان توانیان زاڵبن بەسەر ئەو دۆخە و تێیانپەڕاند.

ئێستا لەسەروبەندی دوای 17 ساڵ حوکمڕانی هاوبەش لەگەڵ عیراقی پاش رووخانی سەدام، کورد دیسانەوە لە تشرینی دووەمدا کەوتە بەر پیلان و داڕووخانی دەسەڵاتی خۆماڵی خۆی کە ئەمجارەیان سەدام نەبوو، بەڵکو حەلبووسی و کازمین، لەگەڵ ستافێکی بێ دایک و باوک کە ئاستەمە لە سەدام باشتربن بۆ کوردی کڵۆڵ، ئەو یاسایەی پێرێ بەیانی لەگەڵ شیڕەی شەبەقدا کە لەپیلانێکی دوای نوێژی بەیانی راگەیەنرا لە پەرلەمانی عیراقەوە هیچی کامتر نەبوو لەو ساتەوەختەی سەدام بە ئەمری مەجلیسی قیادەی سەورە کشایەوە لە کوردستان، هەردوو پیلانەکە رێکەوت وایە لە تشرینی دووەمەدایە بۆ لەباربردنی دەسەڵاتی کورد و دەستکەوتەکانی تا شکستبخوات و هەڵنەسێتەوە.

 کورد ڕێگای سێیەمی نیە بۆ هەڵسانەوە لەم حاڵەتەدا، هەروەکو چۆن هێزە سیاسیەکانی کوردستان لە دانوستاندنی قورس و گران بوون ساڵی 1991 لەگەڵ سەدام، خۆ دیسانەوە شاندی کورد زیاتر لە ساڵێکە لە گفتوگۆدان لەگەڵ کازمی، ئەوی رۆژێ کۆتایی بە کشانەوە هێنا سەدام، ئەمڕۆش دیسانەوە لەبەردەم دووڕیانێکی یان تەسلیمبوون بە بەغدا یان گەڕانەوە بۆ ئیرادە و خۆهەڵسانەوەی وەکو تشرینی ساڵی 1991.

بڕیاردان لە چارەنوسی یەکجارەکی بۆ رێکخستنەوە و بەخۆداچوونەوە و باشترکردنی جومگەکانی حوکم و چاکسازی راستەقینە دەبێت سەرکردەکانی کورد لە خۆیانەوە دەستپێبکەن و سەرلەنوێ بە کۆی هەموو سیستمەکەدا بچنەوە و داهاتی کوردستان بکەن بە یەک داهات و پارە و پولی دزراوی میللەت بهێننەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و حزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان پەیمانی شەرەف بنووسنەوە و ئیمزای بکەن لەبەردەم رای گشتیدا وەک پەیماننامەیەكی نوێ بۆ بەهێزبوونی گیانی برایەتی و پێکەوەیی دوور لە دەمارگیری حزبایەتی تەسک و ملشکاندنی یەکتر، لەسەروو هەموو ئەمانەوە بۆ هەنوکەیی و کاتییش بێت دەتوانن ئەو دوو لایەنە قەرزێکی بچووک بکەن بۆ ئەوەی ئەمانیش دوو تا سێ مووچە بدەن تا سەری ساڵی ئاییندە و پەنا ببەن بۆ میللەتی خۆیان باشترە تابچن کڕنووش بەرن بۆ داگیرکەر و حوکمی سەدامی و کازمی کە هەردووکیان لەیەک پێستدان و دراوێکی یەک ڕوون.

من باوەڕم وایە کورد دەتوانێ ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ و باشترین هەلە کە ئەزموونی تشرینی ساڵی 1991 بگێڕنەوە کە چۆن میللەت پشتوپەناتان بوو، هەر ئاوهاش هەوڵبدەن میللەت بە راستگۆیی خۆتان ئاشتیان بکەنەوە تاکو ببنە پشتوپەناتان بۆ ئێستا و ئاییندە، باوەڕتان بێت هەلی وا زێڕینی کوردانە و پێشمەرگانە بۆ کورد هەرگیز هەڵناکەوێت بەو مەرجەی بتوانن ئیرادەتان هەبێت بۆ خۆهەڵسانەوە و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە قوورسە.

داهاتی کوردستان ئەگەر تەخشان و پەخشان نەکرێت و بۆ حکومەت بگەڕێتەوە دڵنیام بەشی دوو حکومەت داهاتمان هەیە، بەڵام ئەفسووس نیوەی داهاتی کوردستان کەس نازانێ کام ساحیر لووشی دەدات، ئەمە گرفتە گەورەکەیە و ئەوەش پێویستی بە بڕیاری قورسە لەلایەن پارتی دیموکراتی کورستان و یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بدرێت، دیسانەوە دەیڵێمەوە ئەگەر ئیرادە هەبێت ئەوەش ئاسانە، خۆ ئەگەر نەبوو، ئەوا گەنمم گرت و جۆبڵاو تا شۆڕشێکیتر بەخواتان دەسپێرم.
 


وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan