کوردستانی

حکومەت: لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


 حکومەت: لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا
مەودا میدیا - کاروان نوری

ئەمڕۆ شەممە شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عیراق کۆبووەوە. لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە "بە هیچ شێوەیەک سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناکەین و گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی". 

ئەوەش خراوەتەڕوو "لە کۆبوونەوەی شاندی هەرێم لەگەڵ بەغدا، دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا".

ئەمە لە کاتێکدایە دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عیراق لە رووی تەکنیکییەوە رێککەوتوون، ئەوەی کە دەمێنێتەوە پێویستی بە هەندێک رێکارە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە ببێتە دەقێک و جێی بکرێتەوە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا".
Qaiwan
Qaiwan