کوردستانی

پێنجوێنی: شەڕی پارتی - پەکەکە رووبدات، ھەموو کورد زیان دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێنجوێنی: شەڕی پارتی - پەکەکە رووبدات، ھەموو کورد زیان دەکات
مەودا میدیا - کاروان نوری

سیاسەتمەدارێکی دیاری باشووری کوردستان ئاماژە بە مەترسی دروستبوونی شەڕی پارتی - پەکەکە دەکات و روونیدەکاتەوە، بە پەکەکە و پارتی و بە یەکێتی و هەرچی هێزی کوردی هەیە، پێویستە هەوڵبدەن نەبێت بەشەڕی کورد و کورد، ببێت بەو شەڕەی کە هەیە لەنێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا هەروا بمێنێتەوە  کوردی لێی بێتە دەرەوە.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری دیاری باشووری کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بە مەودا میدیای راگەیاند "لەگەڵ وەفدی گۆنگرەی نەتەوەی بۆ ئاشتی کۆبووینەوە و گفتوگۆمان کرد سەبارەت بە ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان پارتی و پەکەکە هەیە بۆ ئەوەی کۆتای پێبهێنرێت، هاتنە لای من و پێموتن، بە پەکەکە و پارتی و بە یەکێتی و هەرچی هێزی کوردی هەیە، پێویستە هەوڵبدەن نەبێت بەشەڕی کورد و کورد، ببێت بەو شەڕەی کە هەیە لەنێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا هەروا بمێنێتەوە  کوردی لێی بێتە دەرەوە".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "ئەگەر ببێت بەشەڕی کورد و کورد، پڕۆسەی کوردی بە گشتی زەرەر دەکات، هەڵوێستی ئەوانیش هەر لەسەر ئەوە کاردەکەن کە ئەم شەڕە  نەبێت بە شەڕی کورد و کورد. ئەو ئاڵۆزیەی هەیە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە کۆتای پێبهێنرێت،  پەکەکە سی ساڵە شەڕ دەکات و ئەتوانێ ئەو شەڕە لەگەڵ حکومەتی تورکیا بکات، پێویستە بە هەموو هەوڵێک، بە هەموو هێزی سیاسی، بە هەموو عەقڵی سیاسی هەوڵبدەن ئەو شەڕە نەبێت بە شەڕی کورد و کورد، ئەمە دروشمی ئەوانە و دروشمی منە و دروشمی هەموو کەسێکی دڵسۆزە".

سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و دۆخی کوردانی باشوور ناوبراو روونیکردەوە "ئەم دۆخە دۆخێکی ئاڵۆزە ئەم دۆخە ئاڵۆزەش لەوەوە دروستبووە کە هێزی سیاسی کوردی باشوور لە ناو خۆیاندا ناکۆکن، ئەو ناکۆکیی و لێکتێنەگەشتنەی کوردی باشوور و حزبەکان، کوردی باشوور بووەتە ئەوەی، حکومەتی مەرکەزی بە ئارەزوی خۆی رەئی خۆی فەرز بکات، جارێک مووچە ببڕێت جارێک نەیدات جارێک کەمیبکاتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بارودۆخێکی ئابوری خراپ لە کوردستان دروستبووە، بە رای منیش هۆکارەکەی ئەوەیە کە کوردی باشوور حزبە سیاسییەکانی باشوور لەناو خۆیاندا رێک نەکەوتوون، بەتایبەت ئەوانەی لە دەسەڵاتن، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و هێزە ئیسلامییەکان، ئەمانە هەر هەموویان لە نێوان خۆیاندا ناکۆکن و کەوتوونەتە گیانی یەکتری، بە میدیا و بە قسەکردن و بەهێرشکردنە سەر یەکتر و ناشرینکردنی یەکتری، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی حکومەتی مەرکەزی بە ئارەزووی خۆی یاریمان پێبکات، بەڕای من ئەم دۆخە ئەنجامی ناکۆکی نێوان حزبە کوردییەکانی باشوورە و ئەگەر لەنێوان خۆیاندا تەبابن و یەک بۆچوونیان هەبێت، یەک دروشمی سیاسی و دیبلۆماسیان هەبێت بەرانبەر بە حکومەتی مەرکەزی، بەرانبەر بە تورکیا و بەرانبەر بە ئێران، پەیامەکەش ئاماژە لە بەرژەوەندییەکانی میلەتی کوردی عیراق بکات، ئەوە نە حکومەتی مەرکەزی ئەتوانێت ئەو شتانە فەرز بکات، نە حکومەتەکانی دراوسێ ئەتوانێت یاری بە ساسەتی حکومەتی کوردستانی عیراقی بکەن".
Qaiwan
Qaiwan