کوردستانی

كورد لە دەستووری نوێی سوریا بێ هیوایە و مافەكانی پەراوێز دەخرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


كورد لە دەستووری نوێی سوریا بێ هیوایە و مافەكانی پەراوێز دەخرێت
مەودا میدیا-

چوارەم گەڕی كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی دەستووری سوریا كۆتاییهات و بەپێی قسەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی پێشكەوتنخوازیی كورد لە سوریا، تەنیا یەك كورد تیایدا بەشدارە و چاوەڕێی ئەوەش ناكرێت هیچ مافێكی بۆ كورد تیادا بێت.

چوارەم گەڕی كۆبوونەوەكانی لیژنەی دەستووری سووریا لە رۆژی 30ی تشرینی دووەم كە لە سویسرا دەستیپێكرد، دوێنی شەممە 5ی كانونی یەكەم كۆتاییهات بێ ئەوەی بەتەواوی لەسەر رەشنووسی دەستوورە نوێیەكە رێكبكەون.

عەلی شەمدین، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازیی كورد لە سوریا بە مەودا میدیای وت "چاوەڕێ ناكەم دەستووری نوێی توركیا هیچ ماف و دەستكەوتێكی بۆ نەتەوەی كورد تیادا بێت".

شەمدین كە نوێنەری پارتەكەیەتی لە هەرێمی كوردستان و لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا و رۆژئاوای كوردستانە، لەبارەی بەشداریكردنی كوردەوە لە كۆمیتەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سوریا روونیكردەوە "تەنیا كامیران حاجۆ، سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان- سوریا بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە".

كۆبوونەوەی نووسینەوەی دەستووری نوێی سوریا نوێنەری لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە راستەقینەكانی رۆژئاوای كوردستانی تیادا نییە، لەگەڵ ئەوەش نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی و بەشدارێكی كارایە لە كۆبوونەوەكانیاندا و هەوڵی رێكخستنیان دەدات.

گەیر ئۆتۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرسی سوریا دوای تەواوبوونی گەڕی دووەمی كۆبوونەوەكان بە رۆژنامەڤانانی وت"جیاوازیی زۆر لەنێوان لایەنە بەشدارەكانی كۆبوونەوەكەدا هەیە، دەمەوێ بیرتان بهێنمەوە كە 10 ساڵە لە سوریا شەڕ و پێكدادانە و ئەوەش دۆخێكی ئاڵۆزی دروستكردووە، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین جیاوازییەكان كەمبكەینەوە و لایەنەكان بگەیەنینە رێككەوتن".


Qaiwan
Qaiwan