کوردستانی

یەكێتی و پارتی و گۆڕان كۆدەبنەوە و بەدوای چارەسەری كێشەی مووچە و بودجەدا دەگەڕێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەكێتی و پارتی و گۆڕان كۆدەبنەوە و بەدوای چارەسەری كێشەی مووچە و بودجەدا دەگەڕێن
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

سبەینێ سێشەممە لە بینای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام دەدرێت.

ئاراس حەسۆ، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "سبەینێ سێشەممە لە بینای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، هەروەها چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان ئەو سێ حزبە، بۆ ئەوەی هاوهەڵوێست بین لە ئێستادا، چونکە زۆر گرنگە لەم کاتەدا لایەنە کوردییەکان یەکڕیزبن".

دوێنێ یەکشەممە، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد و بەجیا لەگەڵ یەکێتی و بزووتنەوەی  گۆڕان کۆبووەوە، پێكەوە بڕیاریاندا، سبەینێ سێشەممە 8ی كانونی یەكەمی 2020 کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوانیان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.

س.س
Qaiwan
Qaiwan