کوردستانی

لێدوانی کۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی سووتاندنی بارەگاکەیانەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لێدوانی کۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی سووتاندنی بارەگاکەیانەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیەنێت خۆپیشاندان مافی سەرەتایی هەر هاوڵاتییەکە و کۆمەڵی ئیسلامی پشتیوانی لە داواکانی خۆپیشاندەران دەکات، ئاماژە بەوەشدەکات ناکرێت کە گلەیی لە دەسەڵات هەبێت و حزبە ئۆپۆزيسیۆنەکانیش بکرێنە هاوئاستی دەسەڵات.

سەباح قارەمانی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "خۆپیشاندان مافی سەرەتایی هەر هاوڵاتییەکە و کۆمەڵی ئیسلامی پشتیوانی لە داواکانی خۆپیشاندەران دەکات، بە تایبەتی ئێستاش روون و ئاشکرایە کە کوردستان بە کۆمەڵێک قەیراندا تێدەپەڕێت و دۆخی دارایی هاوڵاتییان خراپە لەبەر نەبوونی مووچە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵیش ئاماژەی بەوەدا "هاوڵاتییان وا تێگەیشتوون کە شاندی هەرێمی کوردستان دەچێت بۆ بەغدا بۆ چارەسەر ناڕۆن، بەڵکو بۆ کات بەفیڕۆدان دەڕۆن، ئەوەشی کە ماندوو دەبێت و باج دەدات هاوڵاتییانە".

قارەمانی وتی "خۆپیشاندان مافی هاوڵاتییانە بەشێوەیەکی مەدەنییانە، نەک بەشێوازێک کە توندوتیژی لێبکەوێتەوە و بارەگای حزبەکان  بسوتێنن، چونکە ئەوە چارەسەری کێشەکان ناکات".

وتیشی "ناکرێت کە گلەیی لە دەسەڵات هەبێت و حزبە ئۆپۆزيسیۆنەکانیش بکرێنە هاوئاستی دەسەڵات، چونکە حزبە ئۆپۆزيسیۆنەکان نە گرێبەستی نەوتیان کردووە و نە توانای مادیان بەدەستە، بۆیە نازانین چ دەستێکی لە پشتە هەموو حزبەکانی هاوئاست کردووە و بارەگاکانیان دەسوتێنن".

س.س
Qaiwan
Qaiwan