کوردستانی

كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌و شاندە سیاسییه‌ی كه‌ بڕیاره‌ بچێته‌ به‌غدا به‌شداربێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌  له‌و شاندە سیاسییه‌ی كه‌ بڕیاره‌ بچێته‌ به‌غدا به‌شداربێت
مەودا میدیا - کاروان نوری

ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، کارێکی زەحمەتە ئەو لایەنانەی لە دەسەڵات نین بەشداربن لەو شاندەی کە بڕیارە سەردانی بەغدا بکەن، جەختیشیکردەوە، ناتوانن قورسایی ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرن لە کاتێکدا کە لە حکومەتی ئێستا بەشدار نین.

سەباح قارەمانی، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "هیوادارین سەردانی ئەمجارەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئەنجامێکی دڵخۆشکەری هەبێت و جێگەی ئومێد بێت"، روونیشیکردەوە "بە داخەوە تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە لە نێوان هەرێم و بەغدا و ئەوەی هەیە تەنها بە قسە بووە".

ئەوەشی خستەڕوو "زەحمەتە بەشدار بین لە سەردانی شاندی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و قورسایی ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرین، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری دەسەڵات تەنها لای سێ حزبی پێکهێنەری حکومەتە، بە قورسی دەزانین لایەنەکانی دیکە، ئەوانەی بەشداری حکومەت نین بەشداری لەو سەردانەدا بکەین".
 
بڕیاره‌ شاندێک له‌ نوێنه‌ری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێكبێت، بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ندی، بچنه‌ به‌غدا.

به‌پێی زانیارییه‌كانی مەودا، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی رابردووی نێوان بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و مامۆستا عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ ره‌سمی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش بانگێشتی ئه‌و شاندە كراوه ‌و داوای لێكراوه‌ كه‌ نوێنه‌ری له‌و شاندە سیاسییه‌ هه‌بێت، به‌ڵام ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌.
Qaiwan
Qaiwan