کوردستانی

پەکەکە: پێشمەرگەکانی پارتی ھێرشیان کردە سەرمان و سێ بریندارمان ھەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەکەکە: پێشمەرگەکانی پارتی ھێرشیان کردە سەرمان و سێ بریندارمان ھەیە
مەودا میدیا-

هێزی پاراستنی گەل "هەپەگە" لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی دوێنێ شەوی هێزەکانی پێشمەرگە و پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە سنووری قەزای ئامێدی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئەو رووداوە هێرشکارییە.

لە راگەیەندراوێکدا هەپەگە رایگەیاند "رۆژی 13ی کانونی یەکەمی 2020  کاتژمێر10:00ی پێشنیوەڕۆ، لەنزیک گوندی رەشانکێ لە شارەدێی زاویتەی سەر بە پارێزگای دهۆک، هێزە تایبەتەکانی پەدەکە، ئۆتۆمبێلێکیان راگرت کە هەڤاڵانی ئێمە و ئەندامی رێکخستنێکی دۆستمانی تێدابوون، هێزەکانی پەدەکە کە بینییان گەریلا لەناو ئۆتۆمبێلەکەدایە، بە قورسی دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کرد".

ئاماژە بەوەشکراوە "هەر ئێوارەی ئەو رۆژە کاتژمێر 8:30 خولەک لە ناوچەیەکی نێوان گوندەکانی کانی و سەرگەلێ لە ناوچەی ئامێدی، کە ساڵانێکە ئۆتۆمبێلەکانمان تێیدا هاتوچۆ دەکەن، ئۆتۆمبێلێکمان کە لە رێدابوو لەلایەن زرێپۆشەکانی پەدەکەوە، کە چەکی قورسیان پێبوو، گەمارۆدرا، ئۆتۆمبێلەکەی ئێمەش بێ ئەوەی بووەستێت بەردەوامی بە رێگەی خۆیداوە، بەڵام هێزەکانی پەدەکە بە چڕیی دەستڕێژیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە، لەسەر ئەوەش  شەڕ روویداوە و لە ئەنجامیدا سێ هەڤاڵمان برینداربوون، کە دۆخی دووانیان ناجێگیرە".

ئەوەشخراوەتەڕوو "ئاشکرایە کە بڕیار دراوە بە بەرنامە رێگە لە ئۆتۆمبێلەکانمان بگیردرێت و بیانکەنە ئامانج، بۆیەش ئەم رووداوە هێرشکارییە، بەرپرسیارێتی ئەم رووداوانە لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە پلانەکەیان داڕشتووە و جێبەجێیان کردووە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan