کوردستانی
محەمەد ئەمین پێنجوێنی پەیامێك بۆ پارتی و پەكەكە دەنێرێت: شەڕ رابگرن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
سیاسەتمەدارێكی دیاری كورد داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات شەڕی نێوانیان رابگرن، ئەوەشیان بیردەخاتەوە شەڕی كورد - كورد پلانی (B)ی توركیایە بۆ لەناوبردنی كورد و زیانگەیاندن بە ئەزموونی كوردستان.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری دیاری كورد، پەیامێكی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوكردووەتەوە و باسی لە مەترسییەكانی شەڕی نێوان پارتی و پەكەكە كردووە و داوای كردووە "بانگەوازێکی دڵسۆزانە لە پەکەکە و پارتی دەکەین کە شەڕی کورد و کورد ھیچ قازانجێکی میللەتی کوردی تیادا نییە و زەرەرێکی زۆر بە دۆزی کورد لە جیھاندا دەگەیەنێت و پرۆسەی سیاسی باشووری کوردستانیش لە کەدار دەکات".
پێنجوێنی كە رۆڵێكی دیاری لە نزیككردنەوەی حزبەكانی هەرێمی كوردستان هەیە و شارەزای كاروباری سیاسی توركیاشە نووسیویەتی "ھیوادارین ھەردوولا ئاگاداری ئەوە بن و پیلانی B دەوڵەتی تورک (وەکو جۆن بۆڵتۆن) وتی کە شەڕی کورد و کوردە، جێبەجێ نەکرێت".
بانگەواز كردن لە زۆرینەی دڵسۆزانی كورد بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ بەشێكی دیكەی پەیامەكەی محەمەد ئەمێن پێنجوێنییە و دەڵێت "داوا لە ھەموو دڵسۆزانی نەتەوەی کورد دەکەین کە بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پیلانی Bیەی دەوڵەتی تورک بکەن".
دەقی پەیامەكەی محەمەد ئەمین پێنجوێنی:
وەکو لە میدیاکاندا بەر گوێمان کەوت، کە پێکدادان لە بەینی ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) روویداوە لە ئەنجامدا ھەردوولا زەرەرمەند بوون.
ئێمە جارێکی تر دەیڵێینەوە و بانگەوازێکی دڵسۆزانە لە پەکەکە و پارتی دەکەین کە شەڕی کورد و کورد ھیچ قازانجێکی میللەتی کوردی تیادا نییە و زەرەرێکی زۆر لە دۆزی کورد لە جیھاندا دەگەیەنێت و پرۆسەی سیاسیی باشووری کوردستانیش لە کەدار دەکات.
ھیوادارین ھەردوولا ئاگاداری ئەوە بن و پیلانی B دەوڵەتی تورک (وەکو جۆن بۆڵتۆن) وتی کە شەڕی کورد و کورد جێبەجێ نەکرێت و داوا لە ھەموو دڵسۆزانی نەتەوەی کورد دەکەین کە بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پیلانەی B دەوڵەتی تورک بکەن.
ھیوادارین ھەردوولا ئاگاداری ئەوە بن و پیلانی B دەوڵەتی تورک (وەکو جۆن بۆڵتۆن) وتی کە شەڕی کورد و کورد جێبەجێ نەکرێت و داوا لە ھەموو دڵسۆزانی نەتەوەی کورد دەکەین کە بە وشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پیلانەی B دەوڵەتی تورک بکەن.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی
15/12/2020