کوردستانی
ئەوقافی سلێمانی: هیچ مزگەوتێک نەکراوە بە شوێنی لەشفرۆشی، سلێمانی ناشرین مەکەن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - کاروان نوری
بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، هەواڵی کردنی مزگەوتێکی دیارییکراو بە شوێنی مەلها و لەشفرۆشی دوورە لە راستییەوە، ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات، کەسانێک دەیانەوێت سلێمانی ناشرین بکەن.
فەرەیدون غەریب حەسەن، بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "سەرجەم ئەو هەواڵانەی باس لە بوون و کردنی مزگەوتێکی دیاریکراو بە شوێنی مەلها و لەشفرۆشی دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی راستی نییە".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "ئەوانەی ئەو هەواڵ و بابەتانە بڵاودەکەنەوە دەیانەوێت ناو و ناوبانگی سلێمانی ناشرین بکەن، بەبی بەڵگە و راستی هەواڵی جۆراوجۆر بڵاودەکەنەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکە هەواڵێک لە هەندێک لە دەزگا میدیایەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانی کراوە بە مەلها و کاری لەشفرۆشی تێدا دەکرێت.