کوردستانی

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڕیاری نوێ دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڕیاری نوێ دەدات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆژانە لە 25% بۆ لە 30% کەم بووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد سەرجەم بڕیارەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە، تاوەکو لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە 7ی کانونی دووەم یان 8ی کانونی دووەمی 2021 کۆدەبێتەوە.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆژانە لە 25% بۆ لە 30% کەم بووەتەوە، هەروەها رێژەی گیانلەدەستدان و ئەو کەسانەشی تەندروستییان خراپە کەمترە".

ئاماژەی بەوەشکرد "هۆکاری کەمبوونەوەی ئەو رێژەیەش بۆ ئەو رێکارانە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گرتوویەتییە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەروەها پابەندبوونی هاوڵاتییان و داخستنی هەندێک شوێن و قوتابخانەکان کاریگەری باشیان هەبوو لە کەمکردنەوەی رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان".

حەوێزی وتی "مەترسی کۆرۆنا هەر هەیە، چونکە لە هەندێک وڵات تاوەکو ئێستاش رێژەی تووشبووان بەرزە، بۆیە ئێمە لەو رێکارانە بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی رێژەکە جارێکی دیکە بەرز نەبێتەوە".

لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکان وتیشی "هەندێک هەواڵ هەیە کە گوایە قوتابخانە کراوەتەوە، بەڵام ئەم هەواڵانە راست نین، چونکە سەرجەم بڕیارەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە، تاوەکو لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە 7ی کانونی دووەم یان 8ی کانونی دووەمی 2021 کۆدەبێتەوە و بڕیار و رێنمایی نوێ دەردەکات".

س.س
Qaiwan
Qaiwan