کوردستانی

کۆسرەت رەسوڵ: هەموومان بەجیاوازییەكانمانەوە خەبات بكەین لەپێناو گەلەكەمان و گەیشتن بەدوا ترۆپكی ئاواتەكانمان

مەودا میدیا - سلێمانی |


کۆسرەت رەسوڵ: هەموومان بەجیاوازییەكانمانەوە خەبات بكەین لەپێناو گەلەكەمان و گەیشتن بەدوا ترۆپكی ئاواتەكانمان
مەودا میدیا-

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت دەبێت لەژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستان ئەو ئاڵایەی بەخوێنی تێكۆشەران گەشایەوە و دەگەشێتەوە، ژیانێكی شایستە و شەرەفمەندانە بۆ گەلی کورد دابین بكەن.

كۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی ئاڵاوە رایگەیاند "لە رۆژی ئاڵای كوردستان، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كوردستان و سەرجەم ئەو تێكۆشەرانەی لەپێناو شەكانەوەی ئەم ئاڵا پیرۆزە شەهیدبوون دادەنوێنین".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە "‎لە سەردەمی خەبات و تێكۆشان، لە رۆژگارە سەختەكانی بەرگریكردن لە كوردستان، پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرانی گەلەكەمان لەپێناو شەكانەوەی ئاڵای پیرۆزی كوردستان و ئازادی گەلەكەمان تێكۆشان، خەباتیان كرد تا هەموومان لەژێر ئەم ئاڵا پیرۆزە بە سەربەرزی بژین".

ئاماژەی بەوەشکردووە "‎ئەمڕۆ كە هەموومان ئازادانە و بە شكۆوە ئەم یادە پیرۆز و پڕشكۆیە دەكەینەوە، دەبێت لەژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستان ئەو ئاڵایەی بە خوێنی تێكۆشەران گەشایەوە و دەگەشێتەوە، ژیانێكی شایستە و شەرەفمەندانە بۆ گەلەكەمان دابین بكەین و ببینە هەوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان، وەك رەنگە جیاوازەكانی ئاڵاكەمان، هەموومان بە جیاوازییەكانمانەوە خەبات بكەین لەپێناو گەلەكەمان و گەیشتن بەدوا ترۆپكی ئاواتەكانمان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan