کوردستانی

سەردار پشدەری: 20 ساڵی تریش کورد لە ژێر قەرزی نەوت فرۆشتنەکەی رزگاری نابێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەردار پشدەری: 20 ساڵی تریش کورد لە ژێر قەرزی نەوت فرۆشتنەکەی رزگاری نابێت
مەودا میدیا- بەڵێن عزەت میکە

سەردار پشدەری سەردەمێک ناوێکی دیاری مەیدانی خەبات و تێکۆشان بوو، بەڵام وا نزیکەی سێ دەیەیە وەکو خۆی دەڵێت "خامۆش" بووە و چاوەڕێی چەرخی گەردوونە کە لە بەرژەوەندیی ئەو بچەرخێت.

سەردار پشدەری، یەکەم تۆپی شۆڕشی ئەیلولی تەقاندووە، فەرماندەی یەکەی تۆپهاوێژی شۆڕشی ئەیلول بووە، سەرپەرشتی دەیان شەڕی کردووە، لەگەڵ کۆچکردووان مستەفا بارزانی، جەلال تاڵەبانی، عەبدولڕەحمان قاسملۆ و دەیان سەکردەی دیكە خەباتیکردووە.

ئەو یەکەم کەس بوو کە بیری لەوەکردەوە نەوتی ژێر خاکی کوردستان دەربهێنێت و بیفرۆشێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکا توانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت و رازییان بکات بە دەرهێنان و کڕینی نەوتی باشووری کوردستان.

خۆی دەیگێڕێتەوە و دەڵێت "ئەمەریکییەکان ئەفسەرێکی پلە باڵایان لەگەڵدا ناردم بۆ تورکیا، سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەوێمان کرد و ئەفسەرەکە پێی راگەیاندن کە پشتیوانیی لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی کوردستان دەکەن و دەبێت تورکیا لەو بوارەدا هەماهەنگیان بێت".

ئەو ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی، چاوەڕێی هەلێکە کە بتوانێت بگەڕێتەوە و پڕۆژە نەوتییەکەی جێبەجێ بکات و کوردستان بکاتە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز.

مەودا میدیا لەم چاوپێکەوتنەدا گفتوگۆی لەگەڵ سەردار پشدەری، سیاسەتمەدار و خاوەنی پڕۆژەی نەوتی کوردستان کردووە و بۆچوونی ئەوی لەبارەی دۆخی ئابووری کوردستان و پرۆسەی هەناردەی نەوتی کوردستانەوە وەرگرتووە.

سیاسەتی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
سەردار پشدەری: ئێمە سیاسەتی رابردوو و ئێستای دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە سیاسەتێکی هەڵە و سەرنەکەوتوو دەزانین، پێم باشە نەوەی ئەمڕۆی کورد، ئەوە لە بیر نەکات کە هەوڵی دەستکاریکردنی نەوتی کوردستان لەلایەن ئێمەوە بە پشتیوانیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بوو، بەتایبەتی ئەمەریکا، بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام هەوڵەکەی ئەوان تەنها بە پشتیوانیی تورکیا بوو.

هیچ کەسێک ناتوانێ بەبێ رەزامەندیی دەسەڵاتدارنی جیهان دەستکاری نەوتی کوردستان بکات، چونکە کوردستان سەربەخۆ نییە و بەشێکە لە عیراق، زانست و بیروبۆچوونی ئێمە زۆر جیاوازە لە زانست و بیروبۆچوونی سەرکردایەتی ئەو حزبانە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، ئەوان زۆر بێویژدانانە و نەزانانە پرۆژەی نەوتەکەیان لەدەست ئێمە دەرهێنا و خۆیان پێکردە بلیۆێنەر و دواڕۆژی سیاسی و ئابووری کورد و کوردستانیشیان بەو رۆژە رەشەی ئەمڕۆ گەیاند، ئەوەی من ئاگادارم بە 20 ساڵی تریش کورد لە ژێر قەرزی نەوت فرۆشتنەکەی ئەوان رزگاری نابێ، قەرزی کۆمپانیاکان و تورکیا لەلایەک، داواکاری عیراقیش لەلایەک کە داوای پارەی نەوتی فرۆشراو دەکاتەوە.

هەشت ساڵە سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ لە هەرێم پیادە دەکرێت، ئایا پێتوایە سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ پێش بوون بە دەوڵەت سەرکەوتوو دەبێت و دەبێتە دەروازەیەک بۆ سەربەخۆیی؟
سەردار پشدەری: پڕوپاگەندەی ئەوان بۆ ئابووریی سەربەخۆ زیاترە لە هەشت ساڵ، بگرە سی ساڵە، لەو رۆژەوە کە کوردیان فریودا بۆ دەنگدان لە 1992 بەناوی دروستکردنی دەوڵەت و پەرلەمانەوە، باسی ئابووریی سەربەخۆیان دەکرد و بەبێ ئەوەی پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەدەستبهێنن، پەنایان بۆ دروستکردنی دەوڵەت و پەرلەمان برد، بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی دەسەڵات بۆ داگیرکردنی پڕۆژەی نەوتەکەی ئێمە، کە داگیریشیان کرد، هەوڵیان دەدا وەک ئێمە پشتیوانیی نێونەتەوەیی بەدەستبهێنن، بەڵام نەیانتوانی، خۆ ئەگەر رێگری لە من نەکرابایە، دەمانتوانی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ بەڕێوەبەرین پێش ئەوەی ببینە دەوڵەت، چونکە من پشتیوانیی نێونەتەوەیم هەبوو، هاوپەیمانان بە منیان وت، ئێمە دەوڵەت بۆ کورد دروست دەکەین بەشێویەکی یاسایی لە رێگەی پرۆژەی ویلایەتی موسڵەوە، کە ئەو پڕۆژەشیان دایە دەست من و وتیان بڕۆ دەستکاریی نەوتی کوردستان بکە و ئابوورییەکی سەربەخۆ بۆ خۆتان دروستبکەن، بەڵام سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی ئەو پرۆژانەیان لە رێگەی منەوە قبوڵ نەبوو و هاوپەیمانانیش نەیان دەدا بە ئەوان، کاتێک منیان دەنگ دا و لە وڵاتیان دوورخستمەوە، هاوپەیمانان زیاتر دڵیان لە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی رەنجا و بڕیاریان دا وەک عیراقیەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن و کارتی کوردایەتیان لێ بستێنەوە.

زۆرتر باس و سەرنج لەسەر گرێبەستی پەنجا ساڵەی فرۆشتنی نەوتە لە رێگەی بۆرییەوە کە بەناو خاکی تورکیادا دەڕوات، ئایا بەڕێزتان هیچ رێگەچارە و دەرچەیەکی ترتان پێ شک دێت لەبری ئەو رێگەیەی کە ئێستا دەگیرێتەبەر و رەخنەی لێدەگیرێت؟
سەردار پشدەری: پەنابردن بۆ دەستکاری و فرۆشتنی نەوتی کوردستان بەبێ رەزامەندی دەسەڵاتدارانی جیهان ناکرێ، ئەوان ئەو گرێبەستەیان بەبێ رەزامەندی ئەمەریکا کردووە و ئەمەریکاش ئەوەی قبوڵ نییە، کاتی خۆی لە ساڵی 1992 ئەمەریکاییەکان جەنەڕاڵێکی خۆیان لەگەڵ ناردم بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا و بە تورکەکانی وت دەبێ دەرگا بۆ سەردار پشدەری بکەنەوە بۆ ئەوەی نەوتەکە بەڕێ بکات و پارێزگاری لێ بکەن، ئەوانیش وتیان بەڵێ قوربان، هیچ جۆرە پەیمانێکیشم لەگەڵ تورکەکان مۆر نەکرد، بەڵام کاتێک تورکەکان زانیان سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی ئێمەیان لە پرۆژەکە دوورخستەوە و خۆشیان بێ پشت و پەنان، ملیان گرتن و گرێ بەستی پەنجا ساڵەی دەست بەسەرداگرتنی نەوتی کوردستانیان پێ مۆرکردن، ئەوەی من بزانم بە هیچ شێوەیەک ئەوان ناتوانن لەژێر ئەو گرێبەستە بێنە دەر، تاکە چارە بۆ رزگارکردنی کورد لەو گرێبەستە ئەوەیە کە دەبێ سەرکردایەتی ئەو حزبانە دەست لە دەسەڵات هەڵبگرن بۆ ئێمە، ئەوکاتە ئێمەش وەک دەسەڵاتێکی تازە بە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی گۆڕانکارییەکی گەورە دەکەین و هەموو گرێبەستە نەوتییەکان پوچەڵ دەکەینەوە و بارودۆخێکی تازە بۆ سیاسەتی نەوت دەهێنینە ئاراوە.

پرۆژەی بەڕێزتان بۆ خۆماڵیکردن و فرۆشتنی نەوتی کوردستان چی بەسەر هات؟ ئایا بەتەواوی شکستی هێناوە و دەستبەرداری بوویت یان ئێستا لە چ قۆناغێکدایە و دەسەڵاتی ئێستای هەرێم چ هەڵویستێکی بەرانبەر پرۆژەکەتان هەبووە و هەیە؟
سەردار پشدەری: پڕۆژەکانی ئێمە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەبوو،  چرای سەوزمان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ هەڵکرابوو، بۆ دەستکاریکردنی نەوتی کوردستان، نەوتەکەمان دەرهێنا و دەسەڵاتی کوردی بەناوی دەوڵەت و پەرلەمانەوە دەستیان بەستم، منیان دەنگ دا و لە وڵاتیان دوورخستمەوە، دۆستە هاوپەیمانەکانیشم بە منیان وت، تۆ بخەوە و خۆت بپارێزە تا رۆژی خۆی دێت و ئەوانیش بە هیچ جێگایەک ناگەن، باوەڕیان بە دەوڵەت و پەرلەمانەکەیان نەهێنا، وەک دەبینی وا سی ساڵە من خەوتووم و ئەوانیش بە هیچ جێگایەک نەگەیشتوون، ئەوەی گرنگە ئێمە دەستمان لە پڕۆژەکانمان هەڵنەگرتووە و بگرە گەورەترمان کردووە بۆ پرۆژەی نەوت و گازی کوردستانی گەورە، بەشێک لە کارەکانمان بردە رۆژئاوای کوردستان و ئەوەی لەوێ دەیبینی ئەوە هەوڵ و تەقەلای ئێمەیە کە رۆژئاوای گەیاندووەتە ئەو رۆژەی ئەمڕۆ، هەرێم دوای ئەوەی لە ساڵی 1992 ئێمەی دەنگ دا، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئێمەوە نەکردووەتەوە.

جەنابتان لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکا لۆبیتان بۆ دۆزی کورد کردووە، پێتوایە دەسەڵاتی ئێستای هەرێمی كوردستان توانیویەتی نەوت بکاتە ئامرازێکی لۆبیکردن و گەشەپێدەری پەیوەندییەکانی، یان بە پێچەوانەوە بووە؟
سەردار پشدەری: دەسەڵاتی کوردی بە هەموو توانایەکییەوە هەوڵی بێ دەسەڵاتکردن و شکاندنی ئێمەی داوە و پارەیەکی زۆری وەک بەرتیل داوەتە خەڵکانی نێونەتەوەیی بۆ ئەوەی نەوتەکە بدەنە ئەوان، بەڵام سەرکەوت و نەبوون.

پێتوایە داهاتووی ئابووریی کوردستان کە پشتی بە نەوت بەستووە چی بەسەر دێت و لەماوەی دە ساڵی داهاتوودا ئابووریی کوردستان بە کوێ دەگات؟
سەردار پشدەری: لێنەزانی لە سیاسەتی نەوت و بەڕێوەبردنی وڵات، ئابووری ئەو بەشەی کوردستانی تێکشکاند، بێجگە لە مایەپوچبوونی نەوتەکە، شێوازی ئاوەدانکردنەوەکەش هەڵەبوو، هەموو زەوییە بە پیت و بەرەکەتەکان کرانە خانوو و رێگەوبان، دەکرا ئەوانە هەمووی لەسەر گردۆڵکە و چیاکان دروستبکرابایە، زەوییە بە پیت و بەرەکەتەکان داگیر نەکرابایەن، لەلایەکی ترەوە دەکرا لەو سی ساڵەدا هەزاران بەربەستی ئاو دروستبکرابایە و تەواویی زەوییەکانی کوردستان بکرابانە بەر ئاو.

بەڕێزتان بۆ نایەنەوە لە کوردستان بژین و بەشداریی سیاسیتان هەبێت؟ 
سەردار پشدەری: بیروبۆچوونی ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتی ئەو حزبانە زۆر جیاوازە، ئەوان رۆڵەی کوردیان لا وەک مەڕوماڵاتە، خوێنڕشتنیان بەلاوە گرنگ نییە، باش دەزانن کە ئێمە پشتیوانیی نێونەتەوەییمان لە پشتە بۆ گۆڕانکاریی دەسەڵات و ئەوەش قبوڵ ناکەن، هەر وەک چۆن لە ساڵی 1992 چەندها پیلانی لەناوبردنی منیان دا، ئەگەر بگەڕێمەوە دەیان پیلانی تر دادەنێن بۆ لەناوبردنم، نەگەڕانەوەم لە ترسی رۆحی خۆم نییە، لەبەر دوو هۆ ناگەڕێمەوە، یەکەم؛ ئەگەر لەناوبچم، ئەوا هەموو هیوا و ئاواتی کورد لە ناو دەچێ کە دەیان ساڵە کاری بۆ دەکەم و دۆستێکی زۆرم بۆ پەیداکردووە، دووەم؛ من خوێنڕێژ نیم و نامەوێ وەک ئەوان دەستم بە خوێنی رۆڵەی کورد سوور ببێ، بە گەڕانەوەم ئەوان شەڕم پێ دەفرۆشن و رەنگە لایەنگرانی منیش وەک من سینگ فراوان نەبن و لێیان قبوڵ نەکەن، ئەوەش دەبێتە جۆرە شەڕێکی تازەی خۆبەخۆ و منیش شەڕی خۆبەخۆ ناکەم، ئەو جۆرە سیاسەتە قرژاڵیەیی ئەوانیش ناکەم کە بە دە قاچ دەڕۆن و هەر قاچەیان لە شوێنێکە، خۆم بە نزیکبوونەوە لە ئەوان ناسوتینم.

Qaiwan
Qaiwan