کوردستانی

روونکردنەوەیەک لە قایمقامییەتی چەمچەماڵەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوەیەک لە قایمقامییەتی چەمچەماڵەوە
مەودا میدیا-

قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ روونکردنەوەیەکی لەبارەی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە تیادا ئۆتۆمبێلێک بۆ قایمقامی چەمچەماڵ کڕدراوە، لە روونکردنەوەکەدا هاتووە ئەو ئۆتۆمبێلە بۆ فەرمانگەکەیە نەک بۆ شەخس.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "چەند رۆژێکە میدیا و سۆشیال میدیا سێبەرەکان حەملەیەکی ناڕەوایان دژی قایمقامی چەمچەماڵ دەستپێکردووە و بابەتی نوسراوێکی وەزارەتی ناوخۆیان کردووەتە هەواڵی گەرمی سایتەکانیان، بۆیە ئێمە لە قایمقامیەتی چەمچەماڵ رایدەگەیەنین وەک چۆن لە نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ بەژمارەی 17870 لە 5ی تشرینی دووەمی 2020 دا هاتووە ئۆتۆمبێل بۆ قایمقامیەتی چەمچەماڵ وەک فەرمانگە کڕاوە نەک وەک شەخس، ئەو ئۆتۆمبێلە موڵکی دائیرەکەیە و قایمقام لەکاتی جێهێشتنی پۆستەکەی ئۆتۆمبێلەکەی جێدەهێڵێت وەک چۆن بەڕێز قایمقامی پێشوو هەمان کاری کردووە".

ئاماژە بەوەشکراوە "سەبارەت بە داواکاری بۆ کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلە قایمقام هیچ داواکارییەکی شەخسی بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش نەکردووە و کڕینی ئۆتۆمبیل بۆ قایمقامیەتی چەمچەماڵ لە چوارچێوەی کڕینی شەش ئۆتۆمبیلی تر بووە بۆ فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ(هاتوچۆ، پۆلیس، بەرگری شارستانی، دارستان)ی چەمچەماڵ و کردنەوەی سێ بنکەی پۆلیس و فەرمانی کردنەوەی پاسپۆرت و بەشی بەرگریی شارستانی چەمچەماڵ و تەواوکردنی کارەکانی فەرمانگەکانی کارتی نیشتیمانی لە ئاغجەلەر و سەنگاو".

ئەوەش هاتووە "دووبارەی دەکەینەوە کە ئۆتۆمبیل موڵکی شەخسی قایمقام نییە و تایبەتە بە قایمقامیەت و ئەو ئۆتۆمبێلەشی کە تا ئێستا قایمقامییەت بەکاری هێناوە دراوە بە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی تەکیە کە تا ئێستا ئۆتۆمبیلیان نییە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan