کوردستانی

ئاسایش داوایەک ئاراستەی هاوڵاتییان دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاسایش داوایەک ئاراستەی هاوڵاتییان دەکات
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کەیسی سلێمان پشدەری، داوایەک ئاراستەی هاوڵاتییان دەکات، ئاماژە بەوەش دەکات لە دەڤەری راپەڕین لە ساڵانی رابردوودا دیاردەی ناجۆر و مامەڵەی ناعەقڵانی روویان داوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2020 لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین رایگەیاند "ئاسایش و هێزە ئەمنییەكانی سنوورەكە ئەركیان پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییانە، بەداخەوە لە دەڤەری راپەڕین لە ساڵانی رابردوودا دیاردەی ناجۆر و مامەڵەی ناعەقڵانی روودەدەن، بووەتە هۆی زەرەرمەندبوونی زۆرێك لە هاوڵاتییانی سنوورەكە، بەهۆی ناهۆشیاری هاوڵاتییان و رەنجی چەند ساڵەی قوتی ماڵ و منداڵیان دەخەنە بەردەم كەسانێكی لە پڕهەڵتۆقیوی نەناسراو كە هیچ پێشینەیەكی كار و كەسابەتی دوور مەودای نییە و خەڵكی سنوورەكە دەكەنە پەیژە و پێیاندا سەردەكەون و لەپڕدا ئیفلاس بونیانی خۆیان رادەگەیەنن كە دەبێتە هۆی ماڵ وێرانی بۆ دەیان خێزان و دروستبوونی كێشەی كۆمەڵایەتی و تێكچوونی شیرازەی خێزان بەهۆی دەستبردن بۆ مامەڵەی ناشەرعی و نادروست".

ئاماژە بەوەشکراوە "لەكاتێكدا قەیران بەرۆكی هەرێمەكەمانی گرتووە خەڵكانێك زەفەردێنن بە دەیان ملیۆن دۆلار دەبەن و گورزی كەمەر شكێن لە جوڵەی كار و كەسابەتی ئاسایی ئەم سنوورە دەوەشێنن".

 ئەوەش خراوەتەڕوو "بۆیە لای خۆمانەوە داوا لە هاوڵاتییان دەكەین هۆشیار بن و نەكەونە داوی مامەڵەی نادروست و تەماحی بەدەستهێنانی پارە كە دەبێتە هۆی مایە پوچ بوونیان وە ئەوە بۆ چەندین جار دووبارە دەبێتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئەم مامەڵانە دەچێتە خانەی دەست بڕین و لە رۆژانی رابردوودا دۆسیەیەك هەبوو لە سنووری ئاسایشی سەنگەسەر لەسەر سكاڵای هاوڵاتییان كەسێك بە فەرمانی دادوەر بەمادەی (456) دەستگیر كرا لەلایەن هێزەكانمانەوە و دواتر بەهۆی تایبەتمەندیی دۆسیەكە هەواڵەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین كرا".

س.س

Qaiwan
Qaiwan