کوردستانی

بڕیارێكی مستەفا كازمی جێبەجێ نەكراو و سوپای عیراق گەڕایەوە بازگەكانی كەركوك

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڕیارێكی مستەفا كازمی جێبەجێ نەكراو و سوپای عیراق گەڕایەوە بازگەكانی كەركوك
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دوێنێ یەکشەممە 20ی کانونی یەکەمی 2020، حکومەتی عیراق بڕیاریدا بازگەکانی شاری کەرکوک بە هاوبەشی لەلایەن سوپای عیراق و پۆلیسی ناوخۆی شارەکەوە بەڕێوەببرێن.

بەختیار ئەحمەد، کارگێڕی محەلی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان لەبارەی بڕیاری جێگیرکردنی سوپای عیراق لە بازگەکانی شاری کەرکوک بە مەودا میدیای راگەیاند "بەڵێ ئەو بڕیارە راستە و لە دوێنێوە سوپای عیراق چوونەتە بازگەکانی سلێمانی، هەولێر و شوان لە شاری کەرکوک".

ئاماژەی بەوەشکرد "پێشتر بڕیارێک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە هاتبوو کە بازگەکان تەنیا لەلایەن پۆلیسی ناوخۆی کەرکوکەوە بەڕێوەببردرێن، بەڵام لە دوای هاتنی ئەو سوپا نوێیەی عیراق بۆ شاری کەرکوک بەشێک لە بازگەکان درا بەو سوپایە".

کارگێڕی محەلی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو "لە ئێستادا بازگەکانی شاری کەرکوک بە هاوبەشی لەلایەن سوپای عیراق و پۆلیسی کەرکوکەوە بەڕێوە دەبردرێن".

لەلایەكی دیكەوە مەودا میدیا پەیوەندییكرد بە ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە سوپای ئەو بازگانە رادەستی سوپای عیراق كرابێتەوە و وتی "ئاگاداری بڕیاری لەو شێوەیە نیم".

س.س

Qaiwan
Qaiwan