کوردستانی

زانیاریی نوێ لەسەر شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


زانیاریی نوێ لەسەر شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا
مەودا میدیا-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆک فراکسیۆنەکان، قوباد تاڵەبانی وتویەتی "بڕیاری رادەستکردنی نەوت لە دەسەڵاتی ئێمە گەورەترە". 

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی "شاندی هەرێم لە هیچ کوێ و لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا نەیانوتوە ئامادەین نەوت رادەست بکەین، کاک قوباد وتویەتی ئێمە لێرەین بۆ جێبەجێکرنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی مادەی حەوت ئەو مادەیەش باسی ئەقیام واتا قیمەت و داهاتی نەوت دەکات".

وتیشی "ئەو قسانەی کە کران گوایە شاندەکەی هەرێم بە هەموو مەرجێکی عیراق رازیبون و تووشی شۆکیان کردوون زیادەڕۆیی بوون، هەر ئەسڵەن پێویست نییە بە هەموو مەرجێک رازی بن، دانوستاندن ئاڵای سپیی هەڵکردن نییە، ئەرک و مافی دەستورییە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو قسەیەی لە هەموو جێگەیەک باسکردووە، کاتێک لای سەرۆک کۆمار و سەرۆک فراکسیۆنەکان باسکراوە ئایا نەوت رادەست دەکەن یان نا؟! کاک قوباد وتویەتی ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی ئێمە گەورەترە".

ئەمە لەکاتێکدا، ماوەی زیاتر لە یەک هەفتەیە وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان بۆ رێککەوتن لەسەر بودجە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan