کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: داهاتوویەكی باشتر چاوەڕێمانە

مەودا میدیا - سلێمانی |


نێچیرڤان بارزانی: داهاتوویەكی باشتر چاوەڕێمانە
مەودا میدیا-

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت هەموومان پێكەوە بە تەبایی، یەكڕیزی و خۆڕاگری و قوربانیدان رۆژگاری سەخت و كێشە و قەیرانی زۆرمان بەڕێكردووە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەم دۆخە سەختە و پەتا و قەیرانەكانیش تێدەپەڕێنین و داهاتوویەكی باشتر چاوەڕێمانە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "یادی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح سڵاوی خوای لێ بێت لە خوشك و برایانی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان، عیراق و تەواوی جیهان بە گەرمی پیرۆز دەكەم، جەژن و پشوویەكی خۆش و ئارامیان بۆ دەخوازم، هیوادارم ئەم جەژنە تەبایی، ئاشتەوایی و لێبوردەیی و یەكترقبووڵكردنی زیاتر لە عیراق، ناوچەكە و جیهان بۆ تەواوی مرۆڤایەتی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت". 

لە پەیامەکەشدا ئاماژەی بەوەشکرد "لەم یادە پیرۆزەدا دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بە لانەی تەبایی و فرەیی و پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانی و بە ماڵ و نیشتمانی خوشك و برایانی مەسیحیش دەمێنێتەوە، هەموومان پێكەوە بە تەبایی، یەكڕیزی و خۆڕاگری و قوربانیدان، رۆژگاری سەخت و كێشە و قەیرانی زۆرمان بەڕێكردووە، بە هەمان شێوە ئەم دۆخە سەختە و پەتا و قەیرانەكانیش تێدەپەڕێنین و داهاتوویەكی باشتر چاوەڕێمانە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan