کوردستانی

ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا ئاشکرا دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا ئاشکرا دەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بچنە پەرلەمانی کوردستان و دواین ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عیراق بۆ پەرلەمانی کوردستان روون بکەنەوە.

سامان ئەحمەد، بەڕ‌ێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای رگەیاند "سەرجەم ئامادەکارییەکان کراوە و بڕیارە شاندی دانوستانکار لەکاتژمێر 11:00ى پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 28ی کانونی یەکەمی 2020، لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی (دارایی و كاروبارى ئابووری، كاروبارى یاسایی، وزه‌ و سامانە سروشتییەکان) کۆببنەوە و روونکردنەوە لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بخەنەڕوو و دواین ئەنجامی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بخەنە بەردەم پەرلەمان و وردەکارییەکانی گفتوگۆکان بۆ پەرلەمان روون بكه‌نه‌وه‌".

ئاماژەی بەوەشکرد "هەریەک لە وەزیری دارایی و كاروبارى ئابووری، وه‌زیرى پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی عیراق و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، یاوەریی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەن لەهاتنی بۆ پەرلەمانی کوردستان".

شایه‌نی باسه‌، سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان له‌ وه‌ڵامی نوسراوی ژماره‌ 2906ى په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له ‌رێكه‌وتى 2020/12/16 ئاراسته‌ی حكومه‌تى كردووه ‌و تیایدا داواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانه‌كانی نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى ناوه‌ند كردووه‌، به ‌نوسراوی ژماره‌ 9019 كه‌ له‌ رێكه‌وتى 2020/12/23 ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستانى كردووه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 2020/12/28 شاندى دانوستانكار له‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ ده‌بن.

س.س
Qaiwan
Qaiwan