کوردستانی

پەرلەمانتارێک ئەو پرسیارانەی لە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کردووە ئاشکرا دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەرلەمانتارێک ئەو پرسیارانەی لە شاندی دانوستانکاری  هەرێمی کردووە ئاشکرا دەکات
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی کە بەشداربوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، روونیدەکاتەوە چەند پرسیارێکی لەو شاندە کردووە و دەڵێت پرسیم "بۆچی پێداجوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت بە تایبەتی گرێبەستەکانی بواری خزمەتگوزاری ناکەن، بەشێوەک لە قازانجی حکومەت بێت، کە نەزیفێکی دارایی بۆ هەرێم دروستکردووە؟".

رێبوار بابکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەڵێت چەند پرسیارێکم لە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کرد، نووسیویەتی "بۆچی چاکسازی لە خاڵە سنوورییەکان و گومرگەکان ناکەن، بە شێوەیەک کە داهاتەکەی سەد لە سەد بچێتەوە خەزینەی حکومەت؟ کێی رێگرە بەئاشکرا و روونی رەوانی پێمان بڵێن؟".

دەقی نووسینەکەی رێبوار بابکەیی:
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان و شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا، ئەو پرسیارانەمان ئاراستەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەریان کرد:
1- ئەگەر پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2021 پەسەند نەکرا، کە تیایدا ئێوە رێککەوتوون لەگەڵ حکومەتی عیراق بە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل روژانە لەگەڵ 50% داهاتە فیدراڵییەکان بە حکومەتی عیراق لە هەمبەر 12067 پشکی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە نزیک 13 ترلیۆن دینار بۆ هەوڵ نادەن گیرفانی نێوخۆیی ببوژێنەوە، چیتر بەتەمای بەغدا نەبن، لە کاتێکدا حکومەتی عیراق خۆی قەرزار  بێ چارەیە!؟. 

2- بۆچی پێداجوونەوە بە گرێبەستەکانی نەوت بە تایبەتی گرێبەستەکانی بواری خزمەتگوزاری ناکەن، بەشێوەک لە قازانجی حکومەت بێت، کە نەزیفێکی دارایی بۆ هەرێم دروستکردووە؟.

3- بۆچی چاکسازی لە خاڵە سنوورییەکان و گومرگەکان ناکەن، بە شێوەیەک کە داهاتەکەی سەد لە سەد بچێتەوە خەزینەی حکومەت؟ کێی رێگرە بەئاشکرا و روونی رەوانی پێمان بڵێن؟.

4- ئەو بڕگەیەی کە پەیوەستە بە خانەنشینی پلە باڵای نایاسایی لە یاسای چاکسازی بۆ چی تاکو ئێستا جێبەجێنەکراوە؟.
ئەم هەنگاوانە ئەگەر بگرێتە بەر، باری دارایی حکومەتی هەرێم باشتر دەبێت.

پێشنیازیشم کرد پەرلەمان چیتر لە شێوەی مەعنەوی هەڵوێست نەنوێنێت، بەڵکو هەڵوێستەکانی کرداری بکات هاوتەریب لەگەڵ بزافی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەر کردنی پرسەکان، خۆشی سەردانی پەرلەمانی عیراق بکات تا گڤتوگۆ لەگەڵ ئەو کوتلانە بکات لە بەغدا کە هەژموونیان بەسەر پڕۆسەی تەشریع و بڕیاری تەشریعی هەیە، چونکە شەڕی پەسەندکردنی بودجە دەکەوێتە پەرلەمانی عیراق.
Qaiwan
Qaiwan