کوردستانی

وادەی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی دیار نییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


وادەی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی دیار نییە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت لە ساڵی نوێدا کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی بەردەوام دەبن، ئاماژەی بەوەشکرد تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق قورسە.

رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لە سەرەتای ساڵی نوێدا بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ساڵی نوێدا کۆبوونەوەکان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام دەبن، بەڵام هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ کۆبوونەوەیان لە سەرەتای ساڵی نوێدا".

لەبارەی تێپەڕبوونی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق لە ئەنجومەنی نوێنەران رابیحە حەمەد وتی "تێپەڕاندنی یاساکە قورسە لە ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە ئەگەری زۆر هەیە لایەنە سیاسییەکان مەرجی ئەوە دابنێن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەم نەوت و هەم داهاتی خاڵە سنوورییەکان رادەستی حکومەتی عیراق بکەن، ئینجا پشکی هەرێمی کوردستان بنێرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا نەبووە، بۆیە لایەنە سیاسییەکان جەختی زیاتر لەسەر رادەستکردنی داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکان دەکەنەوە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan