کوردستانی

لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا روونکردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا روونکردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا- 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت هۆکارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خواست بۆ بەکارهێنانی کارەبا.

لە روونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند "ئاشکرایە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی بەشێوەیەک کە گەیشتووەتە زیاتر لە 2400 مێگاوات لە پارێزگای سلێمانی، پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری خواستیش دەکەین و بەوهۆیەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە ناو شار بۆ (8 بۆ 9) کاتژمێر کەمبووەتەوە ".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ  زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا کە لەمساڵدا گەیشتە 3800 مێگاوات، بەڵام بەداخەوە دابەش نەکردنی نەوتی بەسەر هاوڵاتییاندا و بەکارهێنانی کارەبا لەبری سوتەمەنی خواستی لەسەر کارەبا زۆر زیاد کردووە، جگە لەوەی کە بەشێک لە فیدەر تۆڤەر لۆدە و هەندێک گەڕەک سەرە محەولەی بۆ دانراوە، کە (24) کاتژمێر کارەبای نیشتیمانیان نابێت".

ئەوەش هاتووە "هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی وەک بەرپرسیاری سەرەکی لە دابەشکردنی کارەبا بەسەر فیدەرەکاندا کە (600) فیدەرە، هەوڵدەدات کە جۆرێک لە دادپەوەری هەبێت لە بێدانی کارەبا بەسەر گشت گەڕەک و شار و شارۆچکەکان".

ئەوەشخراوەتەڕوو "لێرەوە داوا لە هاوڵاتییان دەکەین کە هاوکارمان بن، دڵنیابن کە کەمبوونەوەی کارەبای پەیوەندی بە بەرزبونەوەی خواستەوە هەیە، هەوڵی تەواو دەدەین کە ئەو بڕە کارەبایەی هەیە بە دادپەوەری دابەشی بکەین، دووبارەشی دەکەینەوە کە  هاوکاری هاوڵاتییان یارمەتی دەردەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan