کوردستانی

ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین و کەمترینیشیان لە کەمپەکاندان

مەودا میدیا - سلێمانی |


ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین و کەمترینیشیان لە کەمپەکاندان
مەودا میدیا-

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە وێنەیەکی دەست مەودا میدیا کەوتووە ئاماژەی بەوەکردووە کە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر دەژین.

بەپێی راپۆرتەکە 71%ی ئاوارە و پەنابەران تێکەڵ بە کۆمەڵگەی کوردی بوون و لە گەڕەک و شار و لادێکاندا دەژین و تەنها رێژەی 29%ی ئەوانە لە کەمپەکاندا ماونەتەوە.

ناوەڕۆکی راپۆرتەکە ئەوەی تێدایە هاتووە "لە ئێستادا هەرێمی کوردستان (956،759)  ئاوارەو پەنابەری لەخۆگرتووە، لەو ژمارەیە  (698،902)  ئاوارەی ناوخۆن و  (238،170)  پەنابەری سووری و (8,452) پەنابەری تورکی و  (10،535)  پەنابەری ئێرانی و  (700)  پەنابەری فەڵەستینی لەخۆدەگرێت.

لەبارەی دابەشبوونی ئاوارە و پەنابەران، بەسەر پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە (39%)  ئاوارە و پەنابەران لە پارێزگای هەولێر دەژین،  لە (41%)  لە پارێزگای دهۆک و  لە (20%) لە پارێزگای سلێمانی.

هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوودا شوێنێکی گونجاو و لەبار بووە بۆ ئاوارە و پەنابەران و بەو هۆیەشەوە لەدوای رووداوەکانی ساڵی 2011ی سوریا و شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان ئەو خێزانانەی ئاوارە بوون و ناچاربوون شوێنی خۆیان جیبهێڵن بەشێکی زۆریان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە ئاستی عیراقیشدا دوای هاتنی داعش و دروستبوونی مەترسی لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کەوتنە ژێر دەستی داعشەوە، بەشێکی زۆری ئەوان ڕوویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرد و تا ئێستاش لێرە ماونەتەوە.

س،س
Qaiwan
Qaiwan