کوردستانی

گۆڕان: پێشبینی دەکرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دوابخرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


گۆڕان: پێشبینی دەکرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دوابخرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ماوەی هەفتەیەکی دیاریکردووە بۆ تۆمارکردنی ناوی حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت "سەرجەم ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن".

یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە مەودا میدیای راگەیاند "بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە بڕیارە لە 6ی حوزەیرانی 2021دا بەڕێوەبچێت سەرجەم ئامادەکارییەکانمان کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "چەند جارێک موراجەعەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عیراقمان کردووەتەوە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ناو تۆمارکردن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ رێککار و رێنماییەکی تایبەت بە تۆمارکردن، پێشکەشکردنی داوای هاوپەیمانییەتی و پێشکەشکردنی ناوی کاندید بۆ مەکتەبی پارێزگاکان نەهاتووە لەلایەن کۆمسیۆنەوە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی کۆمسیۆنین".

سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەستیانکردووە بە کارکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تەنانەت رۆژانی پشووش کاردەکەن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەک بۆ مەکتەبی پارێزگاکان نەهاتووە".

ناوبراو باسی لەوەشکرد "ئەوەی پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک دوابکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتەکان وەک خۆین و دەستکاری نەکراون، هەروەها پێشبینی دەکرێت ماوەی ناو تۆمارکردنی حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ ماوەی چەند رۆژێک درێژ بکرێتەوە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan