کوردستانی

لیزا فەلەکەدین: ئەوانەی پێشتر دوو مووچەیان ھەبووە و ئێستا بڕدراوە، سزای یاسایی نادرێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


لیزا فەلەکەدین: ئەوانەی پێشتر دوو مووچەیان ھەبووە و ئێستا بڕدراوە، سزای یاسایی نادرێن
مەودا میدیا-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی پرسیاری ئەو کەسانە دەداتەوە کە پرسیویانە، ئایا سزای یاسایی ئەو کەسانە چی دەبێت کە چەندین ساڵە بە نایاسایی مووچە یان خانەنشینی یاخود مینحە وەردەگرن.

لیز فەلەکەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە و نووسیویەتی "بەپێی ئەوەی لێبرینی مووچە و خانەنشینی نایاسایی لەسەر بنەمای (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان خانەنشینی) دەبێت، لە بڕگەی یەکەمی مادەی چواردەی یاساکەدا هاتووە کە دەڵێت، جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە ئاسەواری دارایی و دادوەری لێناکەوێتەوە بۆ حاڵەتەکانی پێش کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر ئەو کەسانەی کە دەیانگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "واتا ئەو مووچەخۆرەی بەهۆی نەبوونی مەرجی یاسایی لە مووچەکەی یان خانەنشینییەکەی یاخود مینحەکەی یاسای چاکسازی دەیگرێتەوە، ئەوە بەرپرسیارێتی دارایی و دادوەری ناکەوێتە ئەستۆی".

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بڕینی مووچەی زیاتر لە 10 هەزار کەسی دا کە دوو مووچەیان هەبووە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan