کوردستانی

بۆ پێکهێنانی هێزە هاوبەشەکە، حکومەتی فیدراڵی ئاگادار دەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆ پێکهێنانی هێزە هاوبەشەکە، حکومەتی فیدراڵی ئاگادار دەکرێتەوە
مەودا میدیا-

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە هێزێکی هاوبەش بۆ پاراستنی خاڵە سنورییەکان پێکبهێنێت، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە شۆڕنەبووەتەوە بۆ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە.

رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریدا هێزێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە پێکبهێنێت، بەو ئامانجەی هێزەکە رێگری بکات لە کاری قاچاخچێتی لە سنورەکان.

جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بە مەودا میدیای راگەیاند تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بەدەست نەگەیشتووە.

لەبارەی هەمان پرسەوە، بابەکر فەقێ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە "لە ئێستادا میكانیزمێك بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دادەنرێت و بەم زووانە ھێزەكان ئامادە دەكرێن و بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت".

مەودا میدیا لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئەوەی زانیوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە چەند رێوشوێنێک دەگرێتەبەر لە پێناو ئەوەی هیچ کێشەیەک لە بوونی هێزە جیاوازەکان لە سنورەکان دروست نەبێت.

یەکێک لەو رێکارانەی دەگیرێتەبەر، لە رۆژانیی داهاتوودا حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەو هەنگاوە ئاگادار دەکرێتەوە، چوونکە هەندێک لەو هێزانەی لە خاڵە سنورییەکان هەن سەر بە حکومەتی فیدراڵی عێراقن.

ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت کە لە خاڵە سنورییەکانەوە بڕێکی زۆر کاڵا بە قاچاخ دەهێنرێتە ناو هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکرێت کە تەنها لە هاوردەکردنی جگەرە بە شێوەی قاچاخ، قاچاخچیەکان مانگانە 10 ملیۆن دۆلار قازانج دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمیی سەرەکی و چەند دەروازەیەکی نافەرمیی هەن کە بەردەوام ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا ئەنجام دەدرێت و هەرێمی کوردستان دەبەستنەوە بە تورکیا و ئێرانەوە.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan