کوردستانی
مەلا بەختیار: دەوڵەتانی هەرێمی چاوەڕێی پرۆژەی سیاسیی نوێ دەکەن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
مەلا بەختیار رایگەیاند مەترسی زۆر لەسەر کورد هەیە و دەڵێت دەوڵەتان تەنها بەرژەوەندی خۆیان دەوێت و "دۆخی ئێستا بەباش ناخوێنمەوە".
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی و سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "دۆخەكە بە باشی نابینم، نە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نە عیراق، نە كوردستان و هێزە سیاسییەكانیش بەباش دەخوێنمەوە، تا ئەوەی دەتوانم بڵێم لە كۆڵانێكی داخراوداین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە "دەبێ بپرسین كاتێك ئەمە تابلۆی دۆخەكەیە، ئایا دەوڵەت هەیە چارەنوسی خۆی بە فەوتان بدات، بەهۆی چاوەڕوانی ئەگەر و رووداوەكانەوە؟ نەخێر، بەڵكو بەرژەوەندیان چی بخوازێت هەر ئەوە دەكەن، وەك رابردوو چیان كرد و چۆن بوونە مایەی ئەو هەموو روداوە كە بەهۆی دابینكردنی بەرژەوەندییەكانیانەوە روویاندا".
جەختیشیکردووەتەوە "كاتێك ئەم هەموو رووداوانە دێنە پێشەوە، ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەوێتە مەترسییەوە و كۆرۆنا ئابوری جیهان لاواز دەكات، بێگومان ئیتر دەوڵەتە گەورەكان بیر لەڕێككەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمایەتی دەكەنەوە بۆ ئەوەی هەم بەرژەوەندییەكانیان دابین بكەن و هەم بیپارێزن".
مەلا بەختیار دەشڵێت "هاوكات دەوڵەتانی هەرێمایەتیش هیلاكن و چاوەڕێی پرۆژەی نوێی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ ئەوەی رێكبكەون و لەو چوارچێوەیەشدا بوون و مانەوەی خۆیان بپارێزن، بێگومان بەرژەوەندییەكانیش هاوبەشن".
ئاماژە بەوەش دەکات "لەكاتێكدا دەوڵەتە هەرێمایەتییەكان چەندین كێشەیان هەیە، مافی كورد ناسەلمێنن، ئایا ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتە گەورەكان رێكبكەون، چۆن مافەكانمان دەسەلمێنن".
ب.م