چاوپێكەوتن

نەزیرە، ژنێک لەناو خەمەکانیدا رەگی داکوتاوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


نەزیرە، ژنێک لەناو خەمەکانیدا رەگی داکوتاوە
وەک چۆن رژێمی دیکتاتۆریی عیراق درێغیی نەکرد لە راوەدوونان و گرتن و سزادان و ئەشکەنجەدانى ژنان، هەندێک جار بەهۆی بەشداربوونیان لە کارى سیاسی و رێکخراوەیی، هەندێک جاریش تەنها لەبەر ئەوەى کە ئەو ژنە؛ دایک یان خوشک یان هاوسەر یان کەسی نزیکەى پێشمەرگەیەک یان چالاکوانێکی سیاسییە، دەسەڵاتی خۆماڵی و حیزبەکانیش، درێغییان نەکرد لە وەلانان و پشتگوێخستنى ئەو ژنانەى کە لە رۆژگارە سەختەکاندا شانبەشانى پیاوان قوربانییان دا و بەشداربوون لە نووسینەوەى مێژووی نوێی گەلەکەماندا. لەوانەش ناخۆشتر، ئەوەیە کە ئەو ژنانە خۆشیان کەمتەرخەم بوون لە نووسینەوە و گێڕانەوە و باسکردنی ئەو مێژووە جوانەى بۆ خۆیان تۆمار کردووە و بەهۆکارى جۆراوجۆر؛ بێدەنگییان لێ کردووە و ئەو خەبات و قوربانیدانەی کە پێویستە تۆمار بکرێت و نەوە دواى نەوە بیخوێننەوە و وانەى لێ وەربگرن، خەریکە بە نەمانی کەسایەتییەکان، ئەو بەسەرهات و مێژووەش ون دەبێت و دەبێت بەژێر گڵەوە.

وەک ئەرکێکی مێژوویی و ئاکاریی، هیچ کۆسپ و تەگەرە و گرفتێک، بەندە سارد ناکەنەوە لە گەڕان و دواندنی ئەو ژنانەى کە لە رۆژگارە سەختەکانى گەلەکەماندا، بەجۆرێک لە جۆرەکان قوربانییان بە هەموو شتێکی خۆیان دا لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەستیدا. نەزیرە حارس، یەکێکە لەو خاتوونانە و سەرەڕاى ئەوەى کە ژیانى پڕە هەڵدێر و ناخۆشیی، لە قۆناغی جیاواز و بەشێوازی جیاواز، بەشداریی کارای هەبووە لە خەباتى شار و شاخی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا.
  
 سەرەتا باسی کات و شوێنی لەدایکبوون و ئەو خێزانەمان بۆ بکە کە تیایدا پەروەردە بوویت؟
ناوم (نەزیرە حارس عەبدوڵڵا)یە، خەڵکی شاری سلێمانیم، بەڵام لە رانیە لەدایکبووم، لەناو خێزانێک کە پێک هاتبوو لە 12 کەس (دایک، باوک، چوار برا و پێنج خوشک و خۆم). من بچووکترین ئەندامی ئەم خێزانەم. 
باوکی خۆم بەبیر نایەت، چونکە زۆر منداڵ بووم کە باوکم مردووە، بەڵام دایکم هەم وەکوو بەخێوکەری خێزانەکە و هەم وەکوو دایکێکی بەهێز؛ توانیویەتی جێگەی باوکمان بۆ پڕ بکاتەوە.
باوکم بە (حارسە رەش) ناسراو بووە و لەناو خەڵکدا بە (میرزا حارس) بانگ کراوە. دایکی من، ژنی دووەمی باوکم بووە. ژنی یەکەمی مردووە و پێنج منداڵی هەبووە (دوو کوڕ و سێ کچ) کە دایکی منی هێناوە، پێنجەم منداڵ، کچێک بووە تەمەنی یەک ساڵ بووە. دەیانگێڕایەوە کە کاتی مردنی دایکی، لەو کاتەدا کە دەیشۆن، ئەم کچە منداڵە بە گاگۆڵکێ دەچێت دەم دەنێت بە مەمکی دایکییەوە بۆ شیرخواردن. ئیتر لەو تەمەنە بچووکەوە دایکم بەخێوی دەکات.
 
باوکت کاری سیاسیی کردووە؟
باوکم لەگەڵ مەلا مستەفای بارزان کاری سیاسیی کردووە. دایکم بۆی دەگێڕاینەوە کە باوکم یەکێک بووە لەوانەی دەبوایە لەگەڵی بڕۆیشتایە بۆ سۆڤیەت، بەڵام چەند رۆژێک پێش رۆیشتنەکە؛ دەمەوئێوارە مەلا مستەفا دێت بۆ ماڵی ئێمە کە ئەوکات لە گەڕەکی پیرمەنسوور بووە، هەموو خەڵکی گەڕەک پێیان زانیوە، دەستە دەستە ژن و پیاوی گەڕەک هاتوون بۆ سەیری. ئیتر لەبەر ئەم رووداوە، دواتر بڕیاریان داوە کە باوکم نەڕوات. 
هەروەها دایکم دەیگێڕایەوە کە ماڵ و منداڵی مەلا مستەفا هاتوونەتە سلێمانی و لە لای ماڵی شێخ قادری شێخ مەحمود خانوویەکیان بۆ گرتوون، ئیتر باوکم و ئەوانی تر کە دۆستی مەلا مستەفا بوون، ئاگایان لێیان بووە.
 
سەبارەت بە دایکت کە دەڵێیت ژنێکی بەهێز بووە لەو سەردەمەدا، کچی کێیە و لە چ بنەماڵەیەک بوون؟
دایکم کچی مەلا سڵێمانی چنگیانە، پیاوێکی دەستڕۆیشتووی سەردەمی خۆی بووە و ناسراو بووە بەوەی کە زۆر بەرگریی لە مافی جووتیار و خەڵکی ناوچەکە کردووە لە سەردەمی شێخایەتی و ئاغا و دەرەبەگدا، هەمیشە ماڵی کراوە بووە بۆ خەڵک و بە رووی خۆشەوە میوانداریی کردوون و گوێی بۆ کێشەکانیان گرتووە و رووبەڕووی ئەوانە بووەتەوە کە زەوییەکانیانی داگیر کردووە، بەتایبەتی لە سەردەمی شێخ مەحمود کە زۆر نزیک بووە لێوەی. وەکوو باسیان دەرکرد؛ گوایە ئەو یەکەم کەس بووە کە چای هێناوەتە ناوچەکە و خەڵک وتوویانە لە ماڵی مەلا سڵێمان لەجیاتی ئاو شتێکی گەرم دەدەن بە خەڵک بیخواتەوە. 
دایکم چوار کچ و دوو کوڕی دەبێت، کوڕێکیان هەر بە منداڵیی دەمرێت و دواتریش کچە گەورەکەی بەسەر منداڵەرە دەمرێت. دایکم ژنێکی زۆر لێهاتوو و خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بوو، بە جۆرێک کە بووە بە کەسی یەکەم لەناو هەموو خزم و کەسوکاردا و کەس قسەی لە قسەیدا نەکردووە.
 
بارى دارایی و گوزەرانى خێزانەکەتان چۆن بوو؟
تا ئەو کاتەی باوکم لە ژیاندا بووە، باری دارایی خێزانەکامان زۆر باش بووە، باوکم بازرگانیی فەرشی کردووە کە لە ئێرانەوە هێناویەتی و لە کوردستان و خوارووی عیراق فرۆشتوویەتی، ئەمە جگە لەوەی لە سلێمانیی دوکانی بەرگدوورینی جلی پیاوانی هەبووە لەو شوێنەی کە پێی دەڵێن قادرمە پانەکانی ناوبازاڕ. هەروەها لەناو بازاڕی زێوەر دوکانی هەبووە ئەو دوکانەی کە کاک عەبدوڵڵای بلکیان بازرگانیی کووتاڵی تێدا دەکرد.

لە دوای نەمانی باوکم، ئیتر باری دارایی خێزانەکەمان روو لە خراپیی دەکات و بۆ پەیداکردنی بژێویی بۆ منداڵەکانی؛ دایکم دەست بە ئیشکردن دەکات. ئەو ئیشانەی کە دایکم دەیکرد و من لەبیرمە؛ یەکێکیان دروستکردنی زەرفی کاغەز بوو لە کیسەی چیمەنتۆ. دایکم لە هەر شوێنێک ئیشی بینا دروستکردنی لێبوایە، دەچوو کیسە بەتاڵەکانی چیمەنتۆی دەهێنا و دەیبڕی بە پێوانەى جیاواز و هەر خۆی لەماڵەوە بە ئارد سرێشی دروست ئەکرد و زەرفی دروست دەکرد لە گەورە و بچووک. دەیکردن بە دەستە و ئینجا دەیبردن بۆ بازاڕ و دەیفرۆشتن بە دوکاندارەکان. 

یەکێکی تر لەو ئیشانەی کە دایکم دەیکرد؛ سەر گرتنی جگەرە بوو. ماڵێک لە گەڕەکەکەمان (ماڵی حاجی مەجیدی جگەرەچی)، دوکانی جگەرە دروستکردن و فرۆشتنیان هەبوو کە بە دەست دروستیان دەکرد. دایکم دەچوو بە قوڵینەی گەورە جگەرە تێکراوەکانی دەهێنا لەماڵەوە سەری جگەرەکانی دەگرت و دواتر دەیخستنەوە قوڵینەکە و دەیبردەوە بۆ ماڵەکە. بیرم دێت کە من منداڵ بووم، زۆر حەزم دەکرد دەستکاریی بکەم یان چەند جگەرەیەک سەر بگرم، بەڵام دایکم نەیدەهێشت دەستکاریی بکەم، دەیوت: "خراپی دەکەیت". جارجاریش ئیشی دەستی بە زەنگیانە دەکرد، لە بازاڕ لە دوکانی (رەشە خێلی زەنگیانە) زەنگیانە و دەرزی و دەزووی دەهێنا و لەماڵەوە ملوانکە و ژێرچەنە و شتی تری لێ دروست دەکرد و دەیبردەوە بۆ دوکانەکە و هەقدەستی وەردەگرت. 

دایکم زۆر بە زەحمەت و بەو جۆرە ئیشانە دەیتوانی هەندێ پارەی کەم پەیدا بکات بۆ خێزانەکەی، هەتا کارگەی پوختەکردنی تووتن لە سلێمانی کرایەوە، ئیتر لەو کارگەیە دامەزرا وەکوو کرێکار و لەوێ مایەوە هەتا براکەم خوێندنی تەواو کرد و بوو بە مامۆستا. پاشان دایکم دەستی لە ئیشکردن هەڵگرت کە ئەوکات من لە قۆناغی ئامادەیی بووم، هەر لەو ماوەیەشدا خوشکێکی لەخۆم گەورەتر دامەزرا بە فەرمانبەر و ئیتر گوزەرانمان باشتر بوو. 

دایکم هەرگیز نەیدەهێشت کەموکوڕیمان پێوە دیار بێت، هەمیشە فێری دەکردین کە باوەڕمان بە خۆمان هەبێت و پارە و دەوڵەمەندیی هیچ نییە ئەگەر خۆت شت نەبیت، چونکە من قوتابییەکی زۆر زیرەک بووم لە خوێندندا، هەمیشە پێی دەوتم کە ئەو زیرەکییەی تۆ زۆر لە پارە و دەوڵەمەندیی گرنگترە و هەرگیز بە پارە ناکڕدرێت.
 
با بێینە سەر بابەتێکی گرنگی ژیان کە ئەویش خوێندنە، دەمەوێت باسى قۆناغەکانى خوێندنت بکەیت بۆمان؟
قۆناغی سەرەتاییم لە قوتابخانەی خانزاد تەواو کرد کە بەڕێوەبەرەکەی مونیرە خان بوو (مونیرە قەفتان)، مونیرە خان ژنێکی ئازا و شۆڕشگێڕی ئەو زەمانە بوو، منیش منداڵێکی زیرەکی قوتابخانەکە بووم. کە لە پۆلی پێنج بووم، ماڵمان گواستییەوە بۆ گەڕەکی رزگاری، قوتابخانەکەشمان لە سەرکارێز بوو، بۆیە دایکم ویستی بمگوازێتەوە بۆ قوتابخانەیەکی نزیک ماڵی خۆمان، بەڵام مونیرە خان نەیهێشت هەرچەندە براکەم و دایکم هەوڵیان لەگەڵ دا و وتیان: "ئەم زۆر منداڵە و ئەم قوتابخانەیە دوورە بۆی"، بەڵام مونیرە خان وتی: "ئەگەر مەسەلە دووریی ماڵەکەتانە لە قوتابخانەکەوە؛ ئەوا ئێمە بەرپرسیارێتیی هاتوچۆی هەڵدەگرین و ناهێڵین بیگوازنەوە، چونکە بەتەماین لە پۆلی شەش یەکەمی سلێمانیمان بۆ بهێنێت." مامۆستایەکی راسپارد (خاتوو لوتفیە عەنبەر خان، هاوسەری ئەمین مەولود، بەڕێوەبەری فەرمانگەى پوختەکردنی توتن لە سلێمانى) کە ماڵیان لە گەڕەکی عەقاری بوو کە ئەو هاتوچۆ بە من بکات. خاتوو لوتفیە هەموو رۆژێک بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەهات بەشوێنمدا بۆ ماڵەوە و دوای دەوام دەیهێنامەوە. قۆناغی ناوەندی؛ لە قوتابخانەی خانزاد بووم کە قوتابخانەیەکی تازە بوو، لەپێشدا هەر پۆلی یەکی هەبوو، شەش پۆلی یەکی هەبوو، خوێندن بە عەرەبی بوو. لە کۆتایی ساڵ، بە یەکەمی هەر شەش پۆلەکە دەرچووم و لە پۆلی دوو و سێش هەر یەکەمی قوتابخانەکە بووم. 
 
هیچ یەکێک لە مامۆستاکانت کاریگەرییان هەبوو لەسەرت؟
لە قۆناغی ناوەندییەوە هەتا ئێستا، زۆر کاریگەریی دوو مامۆستام لەسەرە، یەکێکیان مامۆستا خانزاد رەئوف حیشمەت بوو کە خوشکی دکتۆر یادگارە. مامۆستا خانزاد وانەی کوردیی پێ دەوتین، زۆر حەزی لە شیعر و ئەدەبی کوردیی بوو، منیش زۆر حەزم لە شیعر بوو، لە پۆلدا شەڕە شیعری پێ دەکردین. هەروەها مامۆستا مەلیحە کە وانەی عەرەبیی پێ دەوتین، ئەویش زۆر بە خۆشیی شیعری عەرەبیی، بەتایبەتی (معلقات السبعة)ی بۆ شی دەکردینەوە کە هەتا ئێستاش زۆریانم لەبیر ماوە. 

دوای ناوەندی، چوومە ئامادەیی سلێمانیی کچان. هەر لە ئامادەیی پەیوەندیم کرد بە یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە لە رێگەی عەتیە خانی هاوسەری گۆران (هاوڕێ بایز). لە ئامادەیی لێپرسراوی پۆل بووم و رێکخەرەکەم (سەبریە رەسوڵ) بوو. دایکم لە خام توورەکەیەکی بۆ دووریبووم لەبەر ئەوەى ئابوونەی خوێندنگەى خۆمان لە لای من کۆ دەبووەوە، لەو توورەکەیەدا دەمبرد بۆ سەبریە خان. لە ماڵێک کۆدەبووینەوە لە پشت سینەما دڵشادی جارانەوە.
ئەو کاتەی کە دایکم کرێکار بوو لە کارگەی پوختەکردنی تووتن، عەتیە خان چاودێر بوو بەسەر کرێکارەکانەوە، ئەو زۆر جار هانی منی دەدا کە نیوەڕوان لە کاتی نانخواردن (کاژێرێک کات هەبوو بۆ نانخواردن) بچم بۆ لای دایکم و هەوڵ بدەم لەو رێگەیەوە بزانم کێ کچی تەمەنی وەکوو منی هەیە و لە چ قوتابخانەیەکن، بەڵکوو بتوانین بیانهێنینە ریزی قوتابیانەوە. هەر لە ئامادەیی، پەری خان مەحمود شەوقی (شەمام)، ئەویش لێپرسراوی پۆل بوو لە یەکێتیی قوتابیان.
 
کەى و لە رێگەى کێوە پەیوەندیت کرد بە رێکخستنەکانى کۆمەڵەوە؟
دواتر لە قۆناغی زانکۆ، لە ساڵی یەکەم، جارێکی تر پەری مەحمود شەوقی (شەمام خان) لەگەڵ کاک جەباری حاجی رەشید پەیوەندییان پێوە کردمەوە و ئەم جارەیان چوومە ریزەکانی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە.  هەر لەو کاتەدا لە خێزانی خۆمان، براکەم (حەمە عەلی) پەیوەندی هەبوو بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە، ئەندامێکی چالاک بوو و من خۆم ئاگام لە هەموو جموجووڵ و چالاکییەکانیان بوو لەگەڵ هاوڕێ دڵشاد (سدیق حەسەن) کە هاوسەری خوشکەکەم (مونیرە حارس) بوو. زۆربەی کۆبوونەوەکان لە ماڵی خۆمان و ماڵی خوشکەکەم ئەنجام دەدرا، بەتایبەتی ئەو چالاکییە چەکدارییانەی ناوشار، بۆیە ئیتر من کاری رێکخستنم لەگەڵ ئەمان درێژە پێ دا کە سەر بە کۆمیتەی یەکی رێکخستنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بووین و هاوڕێ سیروان (شێخ جەمال شێخ نوری شێخ ساڵح) بەرپرسمان بوو.
 
زانکۆ، قۆناغێکی گرنگی ژیانە لە هەموو روویەکەوە، دەمەوێت بە وردی باسی چالاکییەکانى ئەو قۆناغە بکەیت؟
کە چوومە زانکۆ، قۆناغێکی جیاوازتر لە هەموو بارێکەوە دەستی پێ کرد و کرانەوەیەک بوو لە هەموو بوارەکاندا، خەڵکی زۆرترم ناسی کە لە هەموو شوێنێکی کوردستانەوە هاتبوون بۆ خوێندن، ئەمە جگە لە عەرەبی عیراقی و فەلەستینی و ئوردنی و سودانی و سۆماڵی و میسری و یەمەنی و... هتد. هەروەها مامۆستاکانمان یابانی و هیندی و پاکستانی و عەرەبی عیراقی و غەیری عیراقی بوون. ئێمەش ئەوانەی کە لە کۆمەڵە بووین، درێغیمان نەدەکرد لە خۆنزیککردنەوە لە مامۆستا و قوتابییەکان و باسکردنی مەسەلەی کورد بۆیان، هەرچەندە لە مامۆستا بیانییەکانمان دەبیست کە پێش ئەوەی بێن بۆ کوردستان، پێیان دەوترا کە نابێت لە کورد نزیک ببنەوە، چونکە کوردەکان دەیانڕفێنن یان دەیانکوژن. ئەرکی ئێمە بوو کە ئەو بۆچوونە هەڵەیە راست بکەینەوە، هەندێ جار هاتوچۆی ماڵمان لەگەڵ دروست دەکردن. ئەمە وای کردبوو زۆر رق ئەستوور بین بەرامبەر بە عەرەبە عیراقییەکان و بە عەرەبیی قسە نەکەین، دەمانوت عەرەبیی نازانین و هەر بە ئینگلیزی قسەمان دەکرد. 

لەقۆناغی یەکی زانکۆ، وانەی کوردیمان هەبوو کە دوو بەش بوو، یەکێکیان بۆ ئەوانە بوو کە کورد نەبوون، پێی دەوترا (مبتدئین)، ئەوی تریان بۆ کورد بوو، پێی دەوترا (متقدمین). ئێمە هەموو کوردەکانی سلێمانی و کەرکوک لە (متقدمین) بووین، بەڵام بەداخەوە کە زۆربەی هەرە زۆری کوردەکانی هەولێر (چەند کەسێکیان نەبێت) چووبوونە (مبتدئین) کە ئەمەش هەر لە سەرەتاوە بووە هۆی شەڕە دەم و تانە لێدان و لە یەکتر دوورکەوتنەوەمان، چونکە ئێمە زۆر بە نەنگیمان دەزانی کورد بیت و بڵێیت کوردیی نازانم.

لە زانکۆ، ئەو نووسراوانەمان بڵاو دەکردەوە کە دەردەچوون بۆ  ئاگادار کردنەوەی رای گشتیی. ئێمە دەماینەوە لە زانکۆ هەتا کاتێکی درەنگ و فرسەتمان دەهێنا و خۆمان دەکرد بە کۆلێجەکاندا و هەڵماندەواسین یان لە پۆلەکان و راڕەوەکاندا داماندەنان، چونکە ئێمە تاقیگەمان هەبوو زۆر جار هەر خۆمان درەنگ لێدەبووینەوە، بۆیە بە ئاسانیی دەمانتوانی ئەو کارە بکەین.

ئەو کۆمەڵە قوتابییەی قۆناغی ئێمە، زۆر بزێو و گێرەشێوێن بووین، هەرگیز لەگەڵ عام نەدەبووین و لەگەڵ پۆلەکانی خۆمان نەدەچووین بۆ سەیران بە پاسی زانکۆ، هەر خۆمان کوردەکان و فەلەستینییەکانیش نزیکبوون لێمانەوە و دەچووین بۆ سەیران و خۆمان پاسمان لە دەرەوەی زانکۆ دەگرت بە کرێ. لە وەرزی سەیراندا هەموو هەینییەک دەچووین بۆ سەیران و رۆژانی شەممان کە زۆربەی جار تاقیکردنەوە بوو، ئێمە دەمانووت تاقیکردنەوە ناکەین و داوامان دەکرد بۆمان بخەنە رۆژێکی تر. ئەمە هەموو جارێک دەبوو بە کێشە، ئەو کوردانەی کە لەگەڵمان نەبوون بۆ سەیران، دەیانوت: "ئێمە تاقیکردنەوە دەکەین"، بەڵام ئێمە نەماندەهێشت، چونکە لەناو کوردەکانیشدا ئەوانەی کە هەڵویستی کوردایەتی و نیشتمانییان نەبوایە، ئێمە تێکەڵیمان نەدەکردن. لە سەیرانەکانیشدا کە دەچووین، کاتێکی زۆرمان بە وتووێژ و شتی رووناکبیرییەوە بەسەردەبرد. هەر شەوی پێشتر، من و کۆمەڵێك لە کوڕەکان کۆدەبووینەوە و پرسیارمان دەنووسی لە هەموو بابەتێک، لە سەیرانەکە سەرەڕای گۆرانی و هەڵپەڕکێ و بەزم، ئینجا بازنەیەکی گەورەمان دروست دەکرد و توورەکە پرسیارەکانمان دەهێنا و بە ریز هەریەکە و پرسیارێکی دەردەهێنا، هەرکەسێک چی بۆ دەربچوایە، دەبوایە قسەی لەسەر بکردایە یان وەڵامی پرسیارێکی بدایەتەوە، ئەمە وای دەکرد کە هەموو بخوێنینەوە و بەدوای زانیاریدا بگەڕێین، چونکە ئەگەر نەمانزانیبایە، نەنگییەکی گەورە بوو. لە قۆناغی زانکۆ بووم کە سەلام عەبدوڵڵا گیرا، ئەوکات لەگەڵ مامۆستا حەمە عەلی برام پەیوەندیی رێکخستنیان هەبوو، ئێمەش دوای گرتنی ئەو، زۆر شپرزە بووین، چونکە کاک سەلام لە نزیکەوە ئاگاداری هەموو جموجووڵی خێزانی ئێمە بوو.

رۆژێکی پاییزی ساڵی 1977، لە کاتێکدا لەگەڵ کچێکی پۆلی خۆمان لە زانکۆ، لە ماڵی ئێمە خەریکی وانەی کۆنکرێت بووین کە بۆ رۆژی دواتر تاقیکردنەوەمان هەبوو (ئەوکات ئێمە کرێچی بووین لە ماڵێکدا لە گەڕەکی رزگاری پشتی باڵەخانەی عەتار، لەگەڵ خاوەن ماڵەکەمان کە ناوی مامۆستا ئیبراهیم بوو، ئێمە لە بەشی ژووری میوان و نانخواردنەکە بووین) گوێم لە دەنگی دەرگای حەوشە بوو، لە پەنجەرەکەوە سەیرم کرد، سەری کاک سەلامم بینی (کاک سەلام باڵای زۆر بەرز بوو) یەکسەر من رام کرد و چووم دەرگاکە بکەمەوە، بەڵام بینیم مامۆستا ئیبراهیم لە حەوشە پیاسە دەکات، هیچ خۆم تێک نەدا وتم: "کاک ئیسماعیل ئەوە هاتیت، بیستمان شەڕت کردووە"، بەدەم ئەو قسانەوە کاک سەلامم بردە ژوورەوە. کاک سەلام خێرا پێی وتم کە لە هەیئەی کەرکوکەوە رای کردووە. کچەکەی برادەرم لە ژوورەکەی دواوە بوو، کاک سەلامم لە ژووری میوانەکە دانا و چووم بۆ لای دایکم کە لەو کاتەدا لە ناندینەکە خەریکی پەتاتە سوورکردنەوە بوو، پێم وت: "دایە، شتێکت پێ دەڵێم هیچ خۆت تێک مەدە و مەشڵەژێ، خێرا وەرە ژوورەوە و نابێت بهێڵین ئەو کچە هیچ شتێک تێبگات. کاک سەلام لە زیندان رای کردووە و یەکسەر هاتووە بۆ ئێرە، ئەوەتا لە ژوورەوەیە." کاک سەلام زۆر تێکچووبوو، زۆر هیلاک بوو، لە کەرکوکەوە بە پێ هاتبوو بۆ سلێمانی، هەموو سەروقژی خوێن بوو، دەموچاوی بریندار بوو و قاچەکانی زۆر ئاوسا بوون و پێڵاوی لە پێدا نەبوو لەبەر ئاوساویی قاچی. دایکم کە بینی، یەکسەر باوەشێکی دایکانەی پێدا کرد و خێرا بردمانە گەرماوەکە، قژیمان بۆ هەڵپاچی و دەست و دەموچاو و قاچوقولی شۆرد. لەبرسا هێزی نەبوو، خێرا نانی خوارد، بەڵام زۆر دەترسا و دەیوت ئەوان (10) کەس بوون کە بەیەکەوە رایان کردووە. ئەم لەگەڵ یەکێکیان هەتا نزیکی سلێمانی پێکەوە بوون و بەو کەسەی وتووە کە گەیشتە سلێمانی دەچێتە کوێ (ماڵی ئێمە) و لەوە دەترسا ئەگەر ئەو کەسە گیرابێتەوە ئیعتراف بکات و بێن بیگرنەوە. دەیوت: "خێرا حەمە عەلیم بۆ پەیدا بکەن" و دەشیویست هەواڵی ماڵی خۆیان بزانێت ئاخۆ چوون بۆی بۆ ماڵەوە یان نا، چونکە وابزانم هەفتە زیاتر بوو کە رای کردبوو و بەهەفتەیەک گەیشتبووە سلێمانی. 

من هۆشم بە سەعیکردن و هاوڕێکەمەوە نەما و پێم وت: "بەهۆی ئەو خزمەمانەوە کە شەڕی کردووە و رووی کردووەتە ماڵێ ئێمە، من زۆر سەرقاڵم، تۆ خەریکی سەعیی خۆت بە." ئیتر هەرچۆنێکبوو کاکە عەلی برامان دۆزییەوە، چونکە ئەو کاتە شەو لە ماڵەوە نەدەنوست لە ترسی گرتن. من و کاکە عەلی رۆیشتین بۆ ماڵی کاک سەلام بۆ لای دایکی(دایە نازە)، ئەو کاتە وەها بوو کە لە دەزگای ئەمنەوە گومانیان لە هەر ماڵێک بوایە، بەنهێنیی دەچوونە ماڵەکە و هەر کەسێک بچوایە بۆ ئەو ماڵە یان لە دەرگای بدایە، دەیانگرت و لە ژوورەوە نەیاندەهێشت بێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی بزانن کێن ئەوانەی هاتوچۆی ئەو ماڵە دەکەن. کاکە عەلی ماڵەکەی پیشانی من دا لە دوورەوە و خۆی لە دەرەوە چاوەڕێی منی دەکرد. کاک سەلام بە منی وت: "بە دایکم مەڵێ کە من رام کردووە، چونکە زۆر پیرە، لەوانەیە یەکسەر بمرێت." هەروەها وتی: "هەرچۆنێکبێ هەوڵ بدە بە خوشکەکەم بڵێی". خوشکەکەی شووی کردبوو، ئەویش ناوی نەزیرە بوو. ئیتر من بە دایکیم وت کە هاوڕێی نەزیرە خانم و دەمەوێت بیبینم، هەواڵم پرسیی. دایە نازە وتی: "پێش سێ رۆژ جەماعەتێک لە ئەمنەوە هاتن و وتیان سەلامی کوڕت بەر دەبێت لە کەرکوک، بەڵام پێویستمان بە کەفیلێکە ماڵی لە کەرکوک بێت، کێ هەیە لە خزم و ناسیاوتان لە کەرکوک؟ پێمان بڵێ، ئێمە خۆمان دەیدۆزینەوە بۆ ئەوەی ببێت بە کەفیلی." دایە نازەش وتبووی من کەس ناناسم لە کەرکوک هەتا پێتان بڵێم. من بە دایە نازەم وت: "چۆن نەزیرە خان ببینم؟" ئەویش وتی: "خاوەن ماڵەکەیان تەلەفۆنیان هەیە، بەڵام من نازانم چی بکەم، خۆ ئێمە تەلەفۆنمان نییە." چوو ژنێکی دراوسێیان کە ناوی ئامە خان بوو، بۆی بانگ کردم، وتی: "ئەوان تەلەفۆنیان هەیە و ژمارە تەلەفۆنی خاوەن ماڵەکەی نەزیرەش دەزانن." ئامە خان هات، ژنێکی خانومان و لەسەرخۆ، وتی: "ئیشەکەت چییە؟ بە من بڵی." منیش وتم: "هەر ئیشم بە نەزیرە خانە". ئامە خان وتی: "هەر ئێستا تەلەفۆنی بۆ دەکەم"، بەڵام من هەتا ئێوارە دانیشتم و نەزیرە خان هەر نەهات، هەموو ئەندامانی ماڵی ئامە خان و دەرودراوسێ دەهاتن و سەیرێکی منیان دەکرد و دەڕۆیشتن، وەکوو شتێکی سەیر سەیری منیان دەکرد. دەمەوئێوارە، نەزیرە خان گەیشت، بەڵام من ئەوەندە بێزار بووبووم، هەر کە بینیم تەقیمەوە پیایدا کە بۆچی درەنگ هاتووە، ئەویش بە دەروونێکی ساردەوە وتی: "لەبەر ئەوەی خاوەن ماڵەکەمان خۆی لەماڵ نەبوو و بە پشتی من گۆشتی لەسەر ئاگر بەجێهێشتبوو، بۆیە نەمتوانی زوو بێم." منیش پێم وت: "خەڵک برایەکی هەبێت و براکەی گیرابێت و یەکێک بیەوێت خوشکەکەی ببینێت بۆ ئیشێکی گرنگ، نایەت و دادەنیشێت بەدیار تەباخی خاوەن ماڵەکەیەوە!" هەواڵەکەم بە نەزیرە خان وت و رۆیشتم، کە چوومە دەرەوە، کاکە عەلیم هەر لەسەر شەقامەکە چاوەڕێی دەکردم و زۆر ترسابوو وایزانیبوو کە لە ژوورەوە منیان گرتووە. کە گەیشتینەوە ماڵی خۆمان، کچەکەی برادەرم لەوێ رۆیشتبوو، بە دایکمی وتبوو: "نەزیرە زۆر بێ ئسوڵ بووە، منی بەجێهێشتووە".

شەو، کاکە عەلی کاک سەلامی برد بۆ ماڵی کاکە حەمەی فەرەج. 
جارێکی تر لە دوای کارەساتی هەکاری، کاک سەلام هاتبووە ناوشار و لە ماڵی ئێمە خۆی شاردبووەوە، چەند رۆژێک مایەوە. شەوێک کاک عومەری سەید عەلی هات بە شوێنیدا. کاک سەلام بیری نەتەوایەتی و کاژیکی هەبوو. لە کاتى پێشمەرگایەتیدا جارێکیان لە دێی چنگیان بووین، لەگەڵ کاک مستەفا چاوڕەش لە گورگەیەرەوە بە پێ چووین بۆ چنگیان، کاک عومەری سەید عەلیش لەوێبوو، لەسەر نانخواردنەکە کاک عومەر وتی: "نەزیرە، دەزانیت کە ئەو شەوەی هاتم بۆ ماڵی ئێوە بە شوێن سەلامدا، لە دڵی خۆمدا وتم دیارە حەمە عەلی و نەزیرەی خوشکیشی کاژیکن، بۆیە سەلام لە ماڵی ئەمان خۆی شاردووەتەوە." منیش وەڵامم دایەوە وتم: "دەزانیت کاک عومەر ئێمەش لە دڵی خۆماندا هەمان بیرکردنەوەمان هەبوو بەرانبەر بە تۆ، وتمان دیارە کاک عومەری سەید عەلی کاژیکە، بۆیە هاتووە بەشوێن سەلامدا." ئیتر کاک عومەر ئەمەی بە نامە بۆ کاکە عەلیم ناردبوو، پێی وتبوو؛ وەڵامەکەی نەزیرە پڕ بە پێستی خۆی بووە.
 
ئەو ماوەیە بارودۆخی خێزانیتان و گوزەرانتان چۆن بوو؟
ژیانی من لە پێش چوون بۆ شاخ، ژیانێکی ئاسایی و زۆر خۆش بوو هەرچەندە باری داراییمان باش نەبوو، بەڵام زۆر بە خۆشی و بەبێ جیاوازیی رەگەزیی لەنێوان کوڕ و کچ، دەژیاین.  من وەکوو خۆم، کاریگەریی دایکم و براکەم (مامۆستا حەمەعەلی) زۆر بەسەرمەوە بوو. لەناو ئەندامانی خێزانەکەمان، تا رادەیەکی زۆر نازم درابوویە بەهۆی ئەوەی کە زۆر گرنگیم دەدا بە خوێندن و خوێندنەوە و لەگەڵ خوشک و براکانم پەیوەندییەکی بەهێزمان هەبوو، ئەوانیش زۆر هانیان دەدام و هەر بەهۆی پشتگیری و هاندانی ئەوانەوە چوومە زانکۆ و کۆلێجی ئەندازیاریی بەشی شارستانیم تەواو کرد و لە ئیدارە محەلی (بەڕێوەبەرێتی خۆجێیی) سلێمانی دامەزرام.

لە ماوەی قۆناغی زانکۆ، ماڵی خۆمان و ماڵی خوشکەکەشم بووبووە مەڵبەندی زۆربەی چالاکییەکانی ناو شاری سلێمانی و زۆربەی کۆبوونەوەکان و هەروەها شوێنی داڵدەدانی ئەو پێشمەرگانەی کە بۆ چالاکیی دەهاتنە ناو شار و بۆ رێکخستنی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو چالاکییانە، دواتریش ئەگەر هەر بریندارێکی پێشمەرگە یاخود ئەوانەی ناوشار دەهێنرانە لای ئێمە بۆ چارەسەر و ساڕێژ، کە ئەمەش مەترسی و ئەرکێکی زۆری بۆ ئێمە دروست کردبوو. (ناوی زۆرێک لەو بریندار و پێشمەرگانە کە لە ماڵی ئێمە و خوشکەکەم حەشار درابوون، لە لام هەیە). 

نموونەیەک لەوانە؛ جارێک مەفرەزەیەکی پێشمەرگە چووبوونە سەر یەکەیەکی جاش لە سەرووی سلێمانییەوە لەو شوێنەی کە پێی دەوترا خانووە قوڕەکان، لەو پێکدادانەدا پێشمەرگەیەک بەناوی شاخەوان بریندار بوو، برینەکەی وابوو کە فیشەکێک بەر سەری کەوتبوو، بەڵام بەتەواوی نەچووبووە ناوەوە، ئێسکی سەری شکاندبوو، بردبویە ناوەوە و گوشاری لە مێشکی کردبوو و تووشی شەلەلی کردبوو. لە نیوەشەودا شاخەوانیان کرد بە ماڵی ئێمەدا و وتیان: "لە کاتی ئەم چالاکییەدا دەمانچەیەکمان لێ بەجێماوە و نامانەوێت بکەوێتە دەستی دوژمن." هەر بەو شەوە من و یەکێک لە خوشکەکانی وریای وەستا وەهاب لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک رۆیشتین، لە دەوروپشتی شوێنی رووداوەکە دەمانچەکەمان دۆزییەوە و هێنامانەوە. دوانیوەڕۆی رۆژی دواتر، من و ئەمیری برازام لەگەڵ کاک سدیق، کوڕەکەمان برد بۆ کلینکی د.حیکمەت کە لە شەقامی ئۆرزدی لە بینایەکدا بوو لە قاتی سەرەوە، بە پلیکانەیەکی زۆر ناخۆشدا سەرمان خست. بە د.حیکمەتمان وت: "لە پلیکانە کەوتووەتە خوارەوە و شیش چووە بە سەریدا". د.حیکمەت تیشکی بۆ گرت، بەڵام زۆر بە گومانەوە هەندێک پرسیاری کرد، (هەرچەندە د.حیکمەت کەسێکی زۆر باش بوو،  بەڵام ئێمە هەر دەترساین). ئیتر ئەمیر و کاک سدیق بەخێرایی شاخەوانیان بردەوە بۆ ماڵەوە، بۆیە کە لە ژووری تیشکەکە من پشکنینەکەم وەرگرتەوە، نەمبردەوە بۆ دکتۆر حیکمەت بۆ نووسینی راپۆرتەکە. بۆ رۆژی دوایی، پشکنینەکەم برد بۆ لای دکتۆرە  ئەڵوەند ئەمین کە زۆر هاوڕێم بوو، هەموو بابەتەکەم تێگەیاند و بەیەکەوە چووین بۆ نەخۆشخانەی سەرەکی لە شوێنی ئێستای نەخۆشخانەی هاندیکەپ. لەوێ نازانم دکتۆرە ئەڵوەند بردی بۆ لای کام دکتۆر راپۆرتەکەی بۆ نووسی کە بەپێی ئەو راپۆرتە دەبوایە بە نەشتەرگەریی ئێسکی کاسەی سەری کە چووبووە ناوەوە، بەرز بکرێتەوە هەتا ئەو گوشارەی کە لەسەر مێشکی دروست بووە، نەمێنێت. ئەم نەشتەرگەرییە لە ئێران دەکرا، ئیتر پاش ماوەیەک شاخەوان برا بۆ ئێران و نەشتەرگەرییەکەی بۆ کرا، بەڵام نەمانبینییەوە. لێرەدا دەمەوێت بۆ مێژوو ئەو راستییە بڵێم، لەناو پزیشکەکانى ئەوکاتی سلێمانی، من خۆم چەند جارێک د.جەمیلی گورچیلە و د.باقرم بینیوە کە هاتوون بۆ ماڵی ئێمە و مونیرەی خوشکم بۆ تیماری پێشمەرگەی بریندار.
 
 
ئەو چالاکییانە چی بوون کە لە ناوشار ئەنجامتان دەدا؟
چالاکییەکانی ناوشار زۆرن، بە سەدان ئیشی ترسناک جێبەجێ دەکرا کە هەریەکەیان شایانی هەڵوێستە لەسەرکردنە، بەڵام من وەکوو نموونە چەند دانەیەکیان دەگێڕمەوە: شەوێک لە دەرگای ماڵی ئێمە درا، پیاوێک بوو وتی: "کەسێک لە ماڵی ئێمە ئەم ناونیشانەی داومەتێ کە بێم پێتان بڵیم ئەو داوای ئێوە دەکات و زۆر پێویستی پێتانە. ناوی سالارە، بریندارە و دۆخی باش نییە، زۆر خوێنی لەبەر رۆیشتووە." ئیتر من و کاکە عەلی لەگەڵ پیاوەکە رۆیشتین، کە گەیشتین، بینیمان سالار هێزی تیا نەماوە و رەنگی زەرد هەڵگەڕاوە، فیشەک دابووی لە لای راستی سنگی و لەپشتییەوە دەرچووبوو. 
خۆی گێڕایەوە کە لە کاتێکدا لە ماڵی وەستا وەهاب دەبێت (باوکی شەهید وریا)، لەو کاتەدا گوێی لە سروودەکانی نەجمەدینی غوڵامی گرتووە و چاوی لێبووە کە مەفرەزەکەی مچەی ئەحە پوت بەو ناوەدا هاتوچۆ دەکەن (ماڵی وەستا وەهاب لە سەر سەدەکە بوو). ئەمیش حەماسەت دەیگرێت و دەست دەداتە تفەنگ و دەچێتە دەرەوە دەستڕێژ لە ئۆتۆمبێلەکە دەکات و چەند کەسێکیان پێوە دەبن، لەناویاندا وەزیرە کەچەڵ. ئەوانیش دەکەونە تەقە لە سالار و برینداری دەکەن، بەڵام سالار رادەکات بەرەو کۆڵانەکانی دارۆغا. لەبەر ئەوەى ئەوانیش کوژراو و برینداریان پێ دەبێت، ئەمیان بۆ ناگیرێت و سالار بەسەر دیواری حەوشەی ماڵێکدا دەچێتە خوارەوە، بەڵام ماڵەکە لە ماڵ نەبوون. خانووەکە خانوویەکی شەرقیی بووە لەو جۆرانەی کە گەرماو و تەوالێتی لە حەوشەکەدایە، سالاریش خۆی دەکات بە گەرماوەکەدا کە گەرم دەبێت (ژنی ماڵەکە گەرماوی داخستووە و خۆی رۆیشتووە بۆ ماڵی باوکی). ئێوارە کە ژنەکە دێتەوە، یەکسەر خۆی دەکات بە گەرماوەکەدا بۆ ئەوەی بزانێت گەرم بووە، بەڵام دەبینێت یەکێک لە خوێنی خۆیدا گەوزاوە وەکوو مردوو. سالاریش یەکسەر دەڵێت مەترسە، من پێشمەرگەم و بریندارم. ژنەکەش زۆر مەردانە دەڵێت: "خەمت نەبێت، ئێستا مێردەکەم دێتەوە فریات دەکەوین." کە مێردەکەی دێتەوە، بە هەردووکیان دەیبەنە ژوورەوە و جلە خوێناوییەکانی لەبەر دادەکەنن و جلی خۆیانی لەبەر دەکەن و خوێنەکەی بۆ پاک دەکەنەوە و خواردنی پێ دەدەن، بەڵام زۆر دەترسن لەوەی کە ئەو ناوە بگەڕێن. سالار خۆی ناونیشانی ماڵی ئێمە دەدات بە پیاوەکە و دەڵێت: "بڕۆ بۆ ئەو ماڵە پێیان بڵی با بێن بمبەن"، چونکە زۆر دەترسن کە لەو ناوە گەڕان و پشکنین بکەن و بیدۆزنەوە. 

من و کاکە عەلی لەگەڵ پیاوەکە رۆیشتین بۆ ماڵەکە، بینیمان سالار دۆخی زۆر خراپ بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەو خێزانە خزمەتێکی باشیشیان کردبوو. بەتانییەکیان داینێ پێچامان لە سالارەوە و هەر بە تاکسی خاوەن ماڵەکە هێنامان بەرەو ماڵی خۆمان. لەسەر شەقامی سەدەکە، بینیمان ئەو ناوە هەمووی گیراوە بە (قوات خاسە)، ئۆتۆمبێلەکەیان راگرتین، بە عەرەبی وتیان: "ئەوە چییە؟" ئێمەش وتمان: "نەخۆشە، تووشی ریخۆڵەکوێرە بووە دەیبەین بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن." کە تێپەڕین، نەماندەزانی لە خۆشیان چی بکەین کە رزگارمان بوو بە سەلامەتی، دەمانوت: "هەر سوچی بەتانییەکەیان هەڵبدایەتەوە، برینەکەی سەر سنگیان دەبینی." کاکە عەلی نوکتەی دەکرد دەیوت: "بەخوا ئەمانە زۆر گێلن، چۆن وا بە ئاسانی وتیان بڕۆن!" 
ئەوەی راستیی بێت، ئێمە هەر دەترساین، وتمان کێ ناڵێ سبەینێ ئەو گەڕەکە ناگەڕێن و ئەو پیاوە لە ترسی خۆی پێیان ناڵێت و رێک ماڵی ئێمەش دەزانێت، بۆیە نەمانوێرا سالار گل بدەینەوە و هەر بەو شەوە بردمان بۆ ماڵی مونیرەی خوشکم و لەوێ دڵشاد مەریوانی کە شارەزاییەکی باشی هەبوو، سالاری ساڕێژ دەکرد.
 
نەتانزانى ئەو ماڵە کێ بوون کە ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیان هەبوو؟
من لەم بابەتەدا، زۆر خۆم بە کەمتەرخەم دەزانم، چونکە هەرگیز ئەو ماڵەم نەدۆزییەوە، چوومە شوێنەکە لە دوای راپەڕین، زۆر گۆڕابوو، ناوی ژن و پیاوەکەشم نەدەزانی، بۆیە نەمتوانی بیاندۆزمەوە.
 
چارەنووسی کاک سالار بە چی گەیشت؟
کە سالار چاک بووەوە، رۆیشتە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی. من لە گورگەیەرەوە لەگەڵ ئەو رۆیشتم بۆ ناوزەنگ، کە لە ناوزەنگیش بووین، سالار وەکوو برایەکی بچووکی من هەموو رۆژێک سەری لێ دەدام. رۆژێکیان بەهەڵەداوان هات پێی وتم کە بە فەرمانی ملازم عومەر دەچێت بۆ هەولێر. ملازم عومەر پێی وتبوو کە پێویستیان بەیەکێکە بچێت لە هەولێر ئیشێک هەیە بیکات، بەڵام سالار هیچ شارەزای هەولێر نەبوو، بۆ یەک جاریش هەولێری نەبینیبوو، بۆیە من پێم وت: "نابێت بچیت، ئەو ئیشە بە تۆ ناکرێت، با یەکێکی هەولێری یان هیچ نەبێت شارەزای هەولێر بێت بچێت ئەو ئیشە بکات." هەتا پێم وت: "بەکوشتت دەدەن!" سالاریش چووبوو رێک هەموو قسەکانی منی وەکوو خۆی بۆ ملازم عومەر گێڕابووەوە. بۆ سبەینێ ملازم عومەر هەر بە سالار خۆیدا نامەیەکی بۆ من نارد و زۆر بە توندی گلەیی لە من کردبوو، لە نامەکەدا نووسیبووی: "هەرگیز وێنای ئەوەم لە تۆ نەدەکرد کە پێشمەرگەیەکی ئازا و خۆنەویستی وەکوو سالار کە خۆی دەیەوێت ئیشێک بکات، بەڵام تۆ پەشیمانی بکەیتەوە و پێی بڵێیت مەیکە." منیش هەر لە نامەکەی خۆیدا وەڵامم دایەوە و بۆم نووسی: "منیش هەرگیز وێنای ئەوەم نەدەکرد کە پێشمەرگەیەکی ئازای وەکوو سالار بنێرن لە هەولێر بەکوشتی بدەن، ناکرێت ئەو ئیشە هەر بە سالار بکرێت و کەسی تر نەبێت بیکات." بەڵام لە کۆتاییدا من ئەم شەڕەم دۆڕاند و سالار بەقسەی منی نەکرد و پاش ئەوەی کە هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ کردبوو و وابزانم دەمانچەیەکی چاکیشیان دابوو بە خۆی. سالار هات و وتی: "سبەینێ دەڕۆم بۆ هەولێر".
سالار دایکی نەبوو، باوکی ژنی تری هەبوو، ئەم لە ماڵی باوکی جێی نەدەبووەوە، کە لە شاریش بووین، هەر لە لای ئێمە و مونیرەی خوشکم بوو، من زۆر مەبەستم بوو ئاگام لێی بێت. بە سالارم وت: "کە دەچیتە هەولێر، یەکەم جار روو دەکەیتە کوێ؟" وتی: "نازانم، یەک دوو ناویان داومەتێ کە بیاندۆزمەوە و بچمە لای ئەوان." منیش پێم وت: "کچێکی هاوڕێم هەیە لە هەولێر، کەسێکی زۆر باشە و من نامەیەکت دەدەمێ کە گەیشتیتە هەولێر یەکسەر بچۆ بۆ لای ئەو." کچەکەی هاوڕێم ناوی (عابدە)یە، ئەندازیار بوو لە کارگەی دروستکردنی مافوور، بە سالارم وت: "کە چوویتە کارگەی دروستکردنی مافوور، نەچیتە ژوورەوە بەو جانتا تەقەمەنی و دەمانچەیەوە، بڵێ عابدە خانم بۆ بانگ بکەنە دەرەوە." نامەکەم نووسی بۆ عابدە، نووسیم "ئەم کوڕە برادەری براکانی منە و کێشەیەکی هەیە، پارەی لای خەڵکە لە هەولێر و دەیەوێت بێت، بەڵکو بتوانێت بیاندۆزێتەوە".
 
سالار لە ناوزەنگەوە رۆیشت هەتا وەرتێ و لەوێشەوە بە ماتۆڕسکیل بۆ ناو شاری هەولێر. یەکسەر چووبوو بۆ کارگەی مافوور و لە پرسگە داوای عابدەی کردبوو، کە هاتبوو، سالار نامەکەى دابووە دەستی، ئەویش پێی وتبوو چاوەڕێ بکە دەچم مۆڵەت وەردەگرم و دەچینەوە بۆ ماڵی خۆمان. عابدە، سالاری بردبووەوە ماڵی خۆیان بە بێ ئەوەی بزانێت جانتاکەی دەستی چی تیایە و نیازی چییە؟ سالار چەند رۆژێک لە ماڵی ئەوان مابووەوە لە گەڕەکی شۆڕش نزیکی بەنزینخانەی شۆڕش. لە رێگەی براکانی عابدەوە کەمێک شارەزایی پەیدا کردبوو، بەتایبەتی ئەو شوێنەی کە دەبوایە چالاکییەکەی تیا ئەنجام بدات، هەروەها ئەو کەسانەی دۆزیبووەوە کە ناوەکانی درابوویە و ئیتر ئەوان سالاریان بردبوو بۆ شوێنێکی تر. نزیکەی 10 رۆژێک تێپەڕی بەسەر رۆیشتنی سالاردا، لەپڕ رۆژێک دەمەوئێوارە بەهەڵەداوان خۆی کرد بە لای مندا و منیش حەپەسام کە بینیم، پێم وت: "ها خێرە! سەرکەوتووبوویت لە کارەکەتدا؟" وەک هەمیشە بە جرپنیی دەستی کرد بە قسەکردن و هەندێ جنێویشی تێکەڵ کرد و لە نوکەوە بۆی گێڕامەوە کە چی روویداوە و ئەم بۆچی نەیتوانیوە ئیشەکەی بەجێ بگەیەنێت. بۆی باس کردم کە لە دوای ماڵی عابدە، بردوویانە بۆ ماڵێک ماڵەکە چۆڵ بووە و هەموو شتێکیان بۆ داناوە لە خواردن و پێویستیی تری رۆژانە، سەریان لێ داوە و ئەمیش بەتەواوەتی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بۆی دیاری کراون چالاکییەکە بکەن، رێڕەوی ئیشەکەیان دیاری کردووە و هەموو شتێک باش بووە هەتا کاتی ئەنجامدانی ئیشەکە. سالار وتی: "ئەو بەیانییەی کە گوایە ئیتر دەبێت ئیشەکە بکەین، من لە ماڵەکە خۆم ئامادە کرد و ئەو کەسەی کە دەبوایە لەگەڵم بوایە، لە کاتی دیاریکراودا هات، بینیم زەرفێکی عەلاگەی بەدەستەوە بوو، منش پرسیم ئەو زەرفە چییە پێتە؟ ئەویش وتی ئەوە دەمانچەکەمە لەو زەرفەدا هەڵمگرتووە. منیش پێم وت نابێت دەمانچەکەت لە زەرفدا بێت، دەبێت بیخەیتە سەر پێ و بیکەیت بەقەدتەوە، بەڵام ئەو وتی بەهیچ جۆرێک نایکەم بە قەدمەوە. من پێم وت ئەی تۆ چۆن ئاگات لە من دەبێت و پاسەوانیم دەکەیت کە من کەوتمە مەترسییەوە، هەتا تۆ دەمانچەکەت دەردەهێنیت و ئامادە دەبیت، من دەکوژرێم یان دەگیرێم، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی کە نایکات بە قەدیدا و دەیوت کە کەوتینە مەترسییەوە، زەرفەکە فڕێ دەدەم. ئیتر من هەر یەکسەر بڕیارم دا کە بەو شێوە ئیشکردنە رازی نابم و ناتوانم بیکەم." هەر ئەو رۆژە سالار بەڕێ کەوتبووەوە بۆ سەرکردایەتی و یەکسەر بۆ لای من، منیش پێم وت: "بڕۆ بۆ لای ملازم عومەر و هەموو رووداوەکەی وەکوو خۆی بۆ باس بکە".
بەداخەوە، لە کاتی گفتوگۆی یەکێتیی لەگەڵ حکومەتی عیراق، رۆژێک لە شەقامی پیرەمێرد (سەرووی سەرای سلێمانی)، هێزەکانی ئەمن، سالار دەگرن و لە رێگە کە بەرەو ئەمنی سلێمانى دەیبەن، لە لای مزگەوی قامیشان، سالار پەلاماری چەکی یەکێک لە ئەمنەکان دەدات و دەستڕێژیان لێ دەکات، هەموویان دەکوژێت و خۆی لە ئۆتۆمبێلەکە فڕێ دەداتە خوارەوە و بە کۆڵانەکاندا را دەکات، بەڵام شۆفێرەکە سەلامەت دەبێت، دوای سالار دەکەوێت و سالاریش دیارە زۆر شارەزای ئەو کۆڵانانە نابێت، خۆی دەکات بە کۆڵانێکدا کە دەرناچێت، ئیتر شۆفێرەکە دەنیشێتە سەری و شەهیدی دەکات. 
 
ئەو کچەى هاوڕێت (عابدە)، هەر نەیزانى کە شەهید سالار بۆ ئەو مەبەستە چووەتە هەولێر؟
لەم ساڵانەی دواییدا، رۆژێک لەگەڵ دکتۆر رێبوار کە جێگری مەڵبەندی هەولێر بوو (ئێستا بەرپرسی مەڵبەندی هەولێرە)، باسی ئەم رووداوەی سالارم بۆ کرد. وتی: "من کاتی خۆی ئاگاداری ورد و درشتی ئەو رووداوە بووم." وتیشی: "ئەو کچەی هاوڕێت بێنە بۆ مەڵبەند با رێزلێنانی بۆ بکەین و بیدەین بە راگەیاندن." بەڵام من نەمتوانی، چونکە ئەو کچە، ئەو کاتە و ئێستاشی لەسەر بێت نازانێت کە سالار بۆچی لە هەولێر بووە و جانتاکەی کە پێی بوو پڕ بووە لە شتی مەترسیدار. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە؛ ئەو کچەی کە 39 ساڵ پێش ئێستا بە نامەیەکی کچێکی هاوڕێی کوڕێکی نەناسراوی لە ماڵی باوکی داڵدە دا بۆ ماوەی هەفتەیەک و رێزیان لێ گرت، ئێستا کەسێکی زۆر ئیماندار و باڵاپۆشە و هەموو ژیانی تەرخان کردووە بۆ دینەکەی، بەڵام ئەم جیاوازیی بیرکردنەوەیەی لەگەڵ مندا، هیچ کاریگەریی نییە لەسەر هاوڕێیەتیمان کە هەتا ئێستاش بەردەوامە.
پێش ئەوەى بچینە سەر پرسیارێکی تر، دەمەوێت نموونەیەکی تر لە چالاکییەکانى ئەو کاتە باس بکەم؛ کاک بەرزانی رەئوف بەگ (خاڵی د.بەرهەم)، زۆر برادەری کاکە عەلی بوو، خانوویەکی دابوو بە کرێ بە جەیشی شەعبی کە وەک مەخزەن بەکاریان دەهێنا، پڕی بوو لە کەلوپەلی بابەتی جلی ژێرەوە و ملپێچ و گۆرەوی و تراکسود و پێڵاوی کالەی باش و کڵاو و...هتد،  زۆر جار من و کاکە عەلی و کاک بەرزان، شەوان درەنگ دەچووین بە پیکاب لەو شتانەمان دەهێنا و دەماننارد بۆ دەرەوە بۆ پێشمەرگە. کە خۆمان چووینە دەرەوە، زۆرێك لەو شتانەم دەبینییەوە کە پێشمەرگەکان بەکاریان دەهێنا و سوودیان لێ دەبینی.
 
ئەو ژنانەى کە لە رێکخستنەکانى ناوشاری کۆمەڵە بوون، ئەرک و چالاکیتان چی بوو؟
ژمارەیەکی بەرچاو لە کچان و ژنان لە ریزی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران و رێکخراوی شەهید لەیلا قاسم کاریان دەکرد، زۆربەی هەرە زۆری ئەو کچ و ژنانە زۆر بوێرانە بەشداریی هەموو جۆرە چالاکییەکیان دەکرد.
ئیشی من وەکوو خۆم، بریتی بوو لەوەی کە خەڵک هان بدەین بێنە ناو ریزەکانی رێکخستنەوە کە ئەمەش بەوە دەستی پێ دەکرد کە پەیوەندی بکەین بەو کەسانەوە کە بە کەسانی باش ناسرابوون و هەستی نەتەوایەتییان تێدا بوو و بۆنی ئەوەیان لێ دەهات کە بێنە ناو ریزەکانی رێکخستنەوە. دوای ئەوەی کە رەزامەندیی پیشان دەدا، دەخرایە ئەڵقەی رۆشنبیرییەوە کە بریتی بوو لە خۆڕۆشنبیرکردن بە زانیارییەکانی مادەی دیالەکتیک و قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵ و زانستی سەرمایەداری و شۆڕشی پرۆلیتاریا و خوێندنەوەی ئەو نووسراوانەی کە لەسەر هەموو جموجووڵی شۆڕشە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان دەردەچوون، هەروەها بەدواداچوونی رووداوەکانی ناوخۆ و دەرەوە و خۆڕێکخستن بە شێوەیەک کە دەبوایە ئەو کەسە ببوایە بە نموونەی مرۆڤی خاوەن هەڵوێست و خاوەن بیروباوەڕی بەرز و خۆنەویستانە و پەیڕەوکردنی سیاسەتی رەخنە و رەخنە لەخۆ گرتن. دواتر دوای هەڵسەنگاندن و بەسەربردنی ماوەی ئەڵقەی رۆشنبیریی بە سەرکەوتووانە، دەپاڵێورا بۆ ئەندامیەتی و دوای پەسەندکردن، شەرەفی ئەندامیەتی پێ دەبەخشرا و دەبووە جێی متمانە بۆ کار و چالاکییەکانی کۆمەڵە. زۆربەی زۆری پێشمەرگەکانیش لە رێگەی رێکخستنەوە تەزکیە دەکران بۆ چوونە ناو ریزی هێزی پێشمەرگە، زۆر جاریش بەهۆی ئەوەی کە ئەندامەکان ئاشکرا دەبوون بەهۆی ئەنجامدانی چالاکییەوە یان بەهۆی گرتنی هاوڕێیەکیانەوە یان بەهۆی کەسانی سیخوڕ و خراپەوە، کە من خۆم یەکێک بووم لەوانەی کە بەهۆی ئاشکرابوونم و بە فەرمانی رێکخستن، چوومە شاخ، ئەویش دوای ئەوەی کە سێ ئەندامی زۆر چالاکی کۆمیتەی یەکی سلێمانی گیران، کە بریتی بوون لە: هاوڕێ دڵشاد (سدیق حەسەن)، مامۆستا محەمەد، عومەری شەکرەکە. ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی کە زۆرێک لە ئەندامان دانپێدانانیان لەسەر بکرێت لە ئەمنی سلێمانی و ئاشکرابوونی ماڵی ئێمە و ماڵی خوشکەکەم کە زۆرێک لە دۆکیۆمێنت و چەکی رێکخستنی ناوشاری تێدا شاردرابووەوە، بۆیە نەمانتوانی لە شار بژین و بە فەرمانی رێکخستن چووینە شاخ، ئەمەش لە سەرەتای ساڵی 1981 بوو کە ئەوکات من لە ئیدارە محەلی بووم وەکوو ئەندازیار، فەرمانبەر بووم و یەکەم ساڵی ئیشکردنم بوو.
 
جگە لە تۆ کەسی تر هەبوو لە ئیدارە محەلی کە سەر بە رێکخستنەکان بێت؟
لە ئیدارە محەلی، من وەکوو ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکان کارم دەکرد و کۆمەڵێک هاوڕێم هەبوو، بەڵام لەوانە دوو کەسیان زۆر هاوڕێی نزیکم بوون و دەمزانی کە سەر بە رێکخستنەکانی ناوشاری سلێمانین، کە بریتی بوون لە: ئەندازیار کاک عومەر فەتاح و کچێک بەناوی سوهەیلە حەسەن کە یاریدەدەری هونەری بوو، بەڵام سوهەیلە لە رێکخراوی شەهید لەیلا قاسم کاری دەکرد و بەهۆی ئەوەی هەردووکمان ئاگامان لەیەکتر بوو کە بەنهێنیی کاری رێکخستن دەکەین، زۆر نزیک بووین لەیەکەوە و دواتریش ئەو رۆژەی کە بە یەکجاری شارم بەجێهێشت بەرەو شاخ، هەر لە ماڵی ئەوانەوە رۆیشتم، دواتر بە درێژی باسی دەکەم.
کاتی ئیشکردنم لە ئیدارە محەلی، زۆر جار بەهۆی هەڵوێست و شێوەی کارکردن، تووشی بەرهەڵستی و شەڕپێفرۆشتن دەبووینەوە و هەمیشە لە بەرەی کەمینە و ئەوانەدا بووین کە لە کات و شوێنی خۆیدا هەڵوێستی پێویستمان هەبووە، ئەمە جگە لەوەی کە لەسەر ئەو هەڵوێستانەی کە پەیوەندیی بە چالاکییەکانی حکومەتی ئەوسا و حیزبی بەعسەوە هەبوو، دژایەتی دەکراین، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو دژایەتیکردنە، هەرگیز رۆژێک بێڕێزییان پێ نەکردین و هەر بە جیاواز لە خەڵکانی ئاسایی سەیریان دەکردین، چونکە ئێمەش ئیشکردن لە رێکخستن و خزمەتکردنی شۆڕش بووبوو بە پێوەر بۆمان بۆ ناسینی خەڵک و پەیوەندیمان بە رێکخستنەوە و بەشداریمان لە چالاکییە کردارییەکاندا، جۆرە کەسایەتییەکی بەهێزی بۆ دروست کردبووین کە هەر کەس ئەو شەرەفی کارکردنەی نەبوایە، بە بیر و بۆچوونی ئەوسا و بە رای ئێمە، کەسانی بچووک و ترسنۆک و بێ هەڵویست بوون.
 
ئەو ماوەیەی کە رێکخستنەکانی کۆمەڵە لە سلێمانى کەوتنە بەر شاڵاوی گرتن و راوەدوونان و زۆرێک گیران و زۆرێکیش خۆیان شاردەوە و پاشان چوونە دەرەوە، ئێوە چیتان کرد و چالاکیتان چی بوو؟
سەرەتای ساڵی 1981 بوو، کە زۆربەی زۆری ئەندامانی کۆمیتەی یەکی رێکخستنی سلێمانی کەوتنە بەر شاڵاوی گرتن و راوەدوونان لەلایەن دەزگای ئەمنی سلێمانییەوە کە ئەو کاتە (نەقیب/ مەدحەت) بووبووە پاڵەوانی کوشتن و بڕین و گرتن لەدوای ملازم موحسین، ئەمەش بە گرتنی هەر سێ ئەندامی کۆمەڵە (هاوڕێ دڵشاد (کاک سدیق) و مامۆستا محەمەد و عومەری شەکرەکە) دەستی پێ کرد و بەهۆی ئەوەی کە ئێمەش لەنزیکەوە لەگەڵیان ئیشمان دەکرد، هەروەها بەهۆی ئەوەی کە زۆر شتی نهێنی لە ماڵی ئێمە و مونیرەی خوشکم بوون و ئەم شتانە ئاشکرا بووبوون، فەرمانی گرتنمان بۆ دەرچوو لەلایەن دەزگای ئەمنی سلێمانییەوە و (نەقیب/ مەدحەت) کەوتە گەڕان بەشوێنماندا. لەپێشدا هەردوو براکەم و مونیرەی خوشکم فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچوو و کەوتنە خۆشاردنەوە. بڕیار وابوو کە من بمێنمەوە و هەرچۆنێکبێ بە وریاییەوە هەڵسوکەوت بکەم و هەتا بتوانم پارێزگاری لە خۆم بکەم. ئەو کاتە هەر من بووم لە ناوشار کە لەگەڵ ئەندامانی ناوشار وەکوو: شێخ جەمال کە بەرپرسمان بوو، عومەر سۆڵەیی (عومەر غەریب)، محەمەد چاوشین، دڵشاد مەریوانی، رۆژانە بۆ هەواڵ و دەنگوباس یەکتریمان دەبینی.

زۆر باش لە یادمە؛ رۆژێک  پێش ئەوەی بزانین فەرمانی گرتن بۆ مونیرەی خوشکم دەرچووە، بەیەکەوە چووین بۆ ماڵی خەزووری مامۆستا محەمەد بۆ هەواڵ پرسین، وابزانم لە گەڕەکی ئازادی بوو، کە چووین، هەر خەسووی لەوێ بوو، هەواڵی هاوسەرەکەیمان پرسی. دایکی وتی: "چووە بۆ هەڵەبجە بۆ سەردان"، هیچی تری نەوت. ئێمە هاتینەوە بۆ ماڵی خۆمان، بەڵام هەر کە لە سەری گەڕەک دەرکەوتین، دایکم بینی هاتبووە سەر رێگەکە بۆ ئەوەی پێمان بڵێت کە نەچینە ماڵەوە، چونکە نەقیب مەدحەت چووبووە ماڵی ئێمە بۆ مونیرە. ئێمە دواتر زانیمان کە پێش ماڵی ئێمە، چوونەتە ماڵی خەزووری مامۆستا محەمەد بۆ گرتنی هاوسەرەکەی، بەڵام خەسووی بە ئێمەی نەوت. 

هەروەها رۆژێکی تر بە منیان وت کە بچم لە بەکرەجۆ ماڵی کاک عومەر غەریب بدۆزمەوە و پێی رابگەیەنم کە نەچێ بۆ دەوامەکەی (ئەو کاتە فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ بوو) و ماوەیەک خۆی بشارێتەوە. من رۆیشتم بۆ بەکرەجۆ و رۆژێکی باران بوو، زۆر گەڕام هەتا خانووەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵم دۆزییەوە کە ئەو لەو خانووانەدا دەژیا. من شارەرا نەبووم، پاش هیلاکییەکی زۆر کە دۆزیمەوە، بینیم کەسی لێ نییە و دراوسێیەکیان پێی وتم کە خانووەکەیان چۆڵ کردووە و کاک عومەر رۆیشتووە و هاوسەرەکەشی چووەتەوە بۆ ماڵی باوکی. 

رۆژێک دوای ئەوەی چووبووینە دەرەوە، لە گورگەیەر، شێخ جەمال لەشارەوە هاتبوو و لە ماڵی ئێمە کاک عومەر غەریبی بانگ کرد بۆ پرسیار و وەڵامی ئەوەی کە بۆچی وەها بەپەلە و بەبێ ئەوەی کەس پێی بڵێت شاری بەجێهێشتووە. بەهەرحاڵ، لەو ماوەیەدا کەس بە کەس نەبوو، هەر کەس خەمی خۆی بوو کە نەگیرێت. هەروەها رۆژێکی تر ناردمیان بۆ ماڵێک کە کاک حەمە چاوشین و نازەنین خانی هاوسەری خۆیان تێدا شاردبووەوە، نامەیەکم بۆ برد، ئەویش وەڵامی نامەکەی نووسی و هێنامەوە. 

ئێمە لەو ماوەیەدا لە ناوشار هەر رۆژە و لە ماڵێک بووین، هەتا رۆژێک لە ماڵی کوڕی پوری خۆم بەناوی (مەلا حەسەن) کە خێزانەکەی ناوی (رەعنا خان) بوو پوری مامۆستا جەمال تاهیر بوو، مونیرەی خوشکمیان گرت بە خۆی و دوو منداڵەوە کە بچووکەکەیان تەمەنی مانگێک بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە چووبوونە ماڵی خوشکێکی ترم بۆ گرتنی مونیرە، بەڵام ئەو لەوێ نەبووبوو، کچەکەی کە ئەوکات لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بوو، لەوێبوو بۆ ئەوەی لەوێوە بچێت بۆ قوتابخانەکەی. نەقیب مەدحەت فرسەتی هێنابوو و لێی پرسیبوو: تۆ کچی کێیت؟ ئەویش منداڵ بوو، وتبووی: "کچی مونیرەم"، پاشان لێی پرسی بوو: ئەی دایکت لەکوێیە؟ ئەویش وتبووی: "لە ماڵی مەلا حەسەنە" کە نزیک بوو لەوێوە، ئیتر چووبوون یەکسەر مونیرەیان گرتبوو. رەعنا خانیش لە نەقیب مەدحەتی پرسی بوو: خوشکەزایەکم دەمێکە گیراوە و هیچ هەواڵی نازانین، ئەگەر هەواڵێکی دەزانیت پێم بڵێ! ئەویش پرسیبووی: خوشکەزاکەت ناوی چییە؟ بۆت بەر دەدەم! رەعنا خان وتبووی: "ناوی مامۆستا جەمال تایەرە". بەوەش ئەوەندەی تر قوڕ بۆ ئێمە گیرایەوە.
 
دواى گیرانى مونیرەى خوشکت، چارەنووسی بە چی گەیشت؟
پاش چەند رۆژێک، شێخ محەمەد، کە شوبرای مونیرەی خوشکم بوو و پیاوێکی دەوڵەمەند بوو، زۆرێک لە خەڵکانی بەرپرسی حکومی و حیزبی دەناسی، چوو بۆ دەزگای ئەمن بۆ سۆراغی مونیرە و منداڵەکانی. لەوێ پێیان وتبوو کە شتومەکی زۆر لە ماڵی ئەواندا بووە و ئێستا ئەو شتانە لەوێ نەماون و گوێزراونەتەوە، ئەگەر تۆ دەبیت بە کەفیلی ئەوەى کە مونیرە ئەو شتانەمان بۆ دەهێنێتەوە؛ ئەوا بۆت بەر دەدەین، بەمەرجێک لە ماوەی دوو سێ رۆژدا بگات بە دەستمان. ئیتر شێخ محەمەد بە بەرائەتی خۆیەوە بوو بە کەفیلی مونیرە و بردیە ماڵی خۆیان، بەڵام هەر رۆژی دواتر و لە رێگەی رێکخستنەوە مونیرەیان لە ماڵی شێخ محەمەد دەرهێنا و لە شوێنێکی نادیار خۆی شاردەوە. بەو هۆیەوە شێخ محەمەدیان گرت و لە زیندان مایەوە هەتا لە لێبووردنە گشتییەکەی مانگی تەمووزی ١٩٨٢ بەربوو. بەداخەوە، لەو ماوەیەدا کە لە شێخ محەمەد لە زیندان بوو، ژنەکەی کە نەخۆش بوو و لە بەغدا چارەسەری بۆ دەکرا،  مرد.
شێخ محەمەد، جگە کار و کاسبی، هیچی تری نەدەکرد و بەهۆی ئێمەوە تووشی ئەو هەموو ناخۆشییە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە هیچ جۆرێک و بۆ یەک جاریش ئەمەی بە رووی ئێمەدا نەدایەوە.
هەر لەو ماوەیەدا کەوتنە گەڕان بەدوای منیشدا، ئیتر من نەمتوانی بە هیچ شێوەیەک خۆم دەربخەم. ئەوەبوو بڕیار درا کە من و مونیرە و منداڵەکانی و دایکم، شار بەجێبهێڵین بچینە دەرەوە.
 
ئەو ماوەیەى خۆشاردنەوە تا چوونە دەرەوە، لەکوێ خۆتان حەشار دا و بارودۆختان چۆن بوو؟
ئەو ماوەیە قورسترین کات بوو بۆ ئێمە، چونکە شوێنێک نەبوو کە تیایدا هەست بە دڵنیایی بکەین و لە هەر ماڵێک کە دەچووین خۆمان بشارینەوە، ماڵەکە زۆر دەترسان و خۆشمان لە حاڵەتێکی زۆر خراپدا بووین. رۆژێک پێش ئەو رۆژەى کە هەموو ئامادەکارییەک کرابوو بۆ رۆیشتمان، هەر وەکوو پێشتر وتم؛ ئەو هاوڕێیەم لە ئیدارە محەلی زۆر برادەرم بوو کە ناوی سوهەیلە بوو، تەلەفۆنم بۆ کرد و پێم وت کە مۆڵەتی درێژخایەنم وەرگرتووە و سەفەر دەکەم و ناتوانم بیبینم، ویستم خواحافیزیی لێ بکەم، بەڵام ئەو وتی: "دەبێت پێم بڵێیت مۆڵەتی چەند رۆژت وەرگرتووە" و زۆر پێداگریی کرد، بۆیە منیش وتم: "ما لا نهایة". ئیتر ئەو تێگەیشت و زۆر سووربوو لەسەر ئەوەی کە هەر دەبێت بمبینێت پێش ئەوەی بڕۆم، وتی: "لەکوێیت؟ دێم بۆ لات"، بەڵام من نەموێرا لە تەلەفۆنەکەدا پێی بڵێم لەکوێم، بۆیە وتم: "خۆم هەوڵ دەدەم بتبینم". بۆ شەوەکەی داوام کرد و بردمیان بۆ ماڵیان کە لە گەڕەکی مەڵکەندی بوو. درەنگانێکی شەو کە هاتن بە شوێنمدا و ویستم بڕۆم، سوهەیلە نەیهێشت بڕۆم، وتی: "هەر دەبێت ئەمشەو لە لای من بیت". ئەو شەوە لە ماڵی سوهەیلە مامەوە، هەر خۆی و دایکی و خوشکێکی بوو بەناوی (نەسرین) کە لە پۆلی شەشی ئامادەیی بوو. ئەو شەوە هەتا بەیانی نەنووستین. بۆ بەیانی، رۆژێکی سەخت بوو، بەفرێکی زۆر باریبوو. سوهەیلە رۆیشت بۆ دەوامەکەی لە ئیدارە محەلی و منیش چاوەڕێی ئۆتۆمبێلم دەکرد بێت بەشوێنمدا، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو سوهەیلە هاتەوە بۆ ماڵەوە و زۆر شپرزە بوو، چونکە هەر کە گەیشتبووە دەوام، ئەفسەری ئەمنی ئیدارە محەلی کە کچێک بوو بەناوی (سەبریە)، دەنێرێت بە دوای سوهەیلەدا بچێت بۆ لای بۆ ژوورەکەی، بەڵام سوهەیلە زۆر ترسابوو لەوەی زانیارییان هەبێت کە شەو من لە ماڵیان بووم، بۆیە داوای دەکەن. لەبەر ئەوە نەیوێرابوو بچێت و خۆی دزیبووەوە، هاتەوە بۆ ماڵەوە و یەکسەر بڕیاری دا کە خۆی و خوشکەکەی لەگەڵ ئێمە بێنە دەرەوە. هەرچەندە دایکی ناڕەزایی دەربڕی، بەڵام سوهەیلە بڕیاری تەواوی دا و کە ئۆتۆمبێلەکە هات بە شوێن مندا، سوهەیلە و نەسرینی خوشکیشی لەگەڵمان هاتن.
 
ئێوە کۆمەڵێک ژن و منداڵی بچووک، چۆن رۆیشتن و چوونە کوێ؟
لە2ی کانوونی دووەمی 1981، لە رێگەی دوکانیان عەربەتەوە و لە دێی خەراجیانەوە بە جێپێک بەرەو شارباژێڕ کەوتینە رێ. هەر وەکوو پێشتر ئاماژەم پێ کرد، ئەو رۆژە رۆژێکی زۆر سەخت بوو، بەفرێکی زۆر باریبوو، بۆیە ئۆتۆمبێلەکە لە هەورازەکەی لای بناویلە پەکی کەوت و نەیتوانی بڕوات، شۆفێرەکە چاری نەما، ئێمەی دابەزاند و وتی: "بەو بەفرەدا بڕۆن تا دەگەنە ئاوەدانی". ئێمەش بە نەشارەزایی و بە ناو ئەو بەفرەدا بە سێ منداڵی بچووکەوە کەوتینە رێ، بەڵام دیار بوو کە لەدواوە چاودێرییان دەکردین و ئاگایان لێمان بوو، هەر بۆیە ئەوەندەی پێ نەچوو ئازاد چاوشین وەکوو فریشتە گەیشتە سەرمان و منداڵە بچووکەکەی برد و بە خێرایی رۆیشت، وتی: "ئێوەش بە جێپێی مندا وەرن". ئێمە هێشتا لە نیوەی رێگەکە بووین کە ئازاد منداڵەکەی لە گەڕەدێ دانابوو و گەڕایەوە لامان. بۆ لای نیوەڕۆ گەیشتینە گەڕەدێ و لەوێ لە ماڵی حاجی کاکە رەش دامەزراین.  بۆ رۆژی دواتر، ئازاد چاوشین جارێکی تر هاتەوە بۆ گەڕەدێ  و کۆمەڵێک شتومەک و پێداویستیی منداڵ و کچانەی بۆ ئێمە هێنابوو کە نەسرینی هاوسەری بۆی ناردبووین.
 
هەر لە گەڕەدێ مانەوە، یاخود چوونە شوێنی تر؟
لە شارباژێڕ لە دێی: گەڕەدێ، کانی شێخ، گورگەیەر، هەتا ماوەیەک ماینەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگەی ئەو ناوچەیە زۆر دەترسان لەسەر ژیانی ئێمە و دەترسان لەوەی کە بێن بۆمان بۆ ئەوێش، هەر بۆیە بە فەرمانی ئەوان پەڕینەوە بۆ سیرەمێرگ و خەمزە و دواتر جارێکی تر گەڕاینەوە بۆ گورگەیەر. هەتا مانگی ئازار بەو شێوەیە بردمانە سەر. 
 
ئەى دواى مانگی ئازار بڕیاری چیتان دا؟
لە مانگی ئازار، کە سەرما کەمی کرد و بەفر نەما، ئیتر من تێگەیشتم کە ئەم هاتوچۆ و دێ و دێ کردنە بۆ من نابێت و ئەمە شوێنی من نییە، بۆیە بڕیارم دا کە بڕۆم بۆ ناوزەنگ بۆ سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی. سەرلەبەیانی رۆژێکی مانگی ئازار، لە گورگەیەرەوە بە پێ بەڕێ کەوتم بە رێگەی دۆڵەتوو بەرەو ناوزەنگ. لە نزیک دێی مامە خەلان، مەفرەزەیەکی پێشمەرگەمان بینی کە شەوی پێشتر چووبوونە ناو شاری سلێمانی و ئۆتۆمبێلێکی حکومییان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، پێشمەرگەکان وتیان: "با کەمێک نزیکتان بکەینەوە"، ئێمەش لە خۆشیی ئەوەى کە ئۆتۆمبێلەکەمان بینی، بەبێ چەندوچوون سەرکەوتین بەرەو دێی زێ، بەڵام لە رێگە ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕا و لە شاخێکەوە کەوتینە ناو دار و دەوەن، ئۆتۆمبێلەکە لەسەر سەقفەکەی گیرسایەوە، خۆشبەختانە هەموومان سەلامەت بووین، هەرچەندە من زۆر ئازاری پشتم هەبوو. هەرچۆنێکبێ کەوتینەوە رێ و شەو لە دێی زێ ماینەوە. 

بۆ بەیانیی زوو بەڕێ کەوتینەوە، چووینە ناو خاکی ئێرانەوە و گەیشتینە دێی بێژوێ، شەو لە بێژوێ ماینەوە لە ماڵی پێشمەرگەیەکی  کۆمەڵەی ئێران، ناوی پێشمەرگەکەم لەبیر نییە، بەڵام هاوسەرەکەی ناوی فەوزیە بوو،  مێردەکەی بە (هاوڕێ فەوزیە) بانگی دەکرد، ئەوەی کە سەیر بوو بە لای منەوە؛ ئەوەبوو کە ئەو پێشمەرگەیە لەناو بێژوێ چێشتخانەی هەبوو، بە رۆژ ئیشی دەکرد و شەو دەهاتەوە ماڵی خۆی. هەرچەند بیرم دەکردەوە لە چۆنیەتی پێشمەرگایەتی لە لای خۆمان کە چۆن نەک هەر پێشمەرگەکە، بەڵکوو کەسوکارەکەشی نەیاندەتوانی لە ماڵی خۆیان دابنیشن و بە ئاسانی ژیان بەسەربەن. 
هەر لەو رۆیشتنەمان بەرەو ناوزەنگ، گەیشتینە سەردەشت و لەوێش چووینە ماڵێک کە ماڵی دوو برا بوو، هەردووکیان گیرابوون، ژنەکانیشیان خوشک بوون، بەڵام یەکێک لە براکان بە مۆڵەت هاتبووەوە ماڵەوە بۆ چەند رۆژێک و هەر لەوێش جارێکی تر کەوتمە بیرکردنەوە لەوەی کە یەکێک لە لای خۆمان بگیرێت، کەس ناوێرێ تەنانەت هەواڵیشی بپرسێت!

لە دوای پێنج رۆژ رۆیشتن، بۆ رۆژی شەشەم گەیشتینە ناوچەی زەڵێ و چووینە مەکتەبی عەسکەری کە ملازم عومەر بەرپرسی بوو. کاتەکەی نزیکی ئێوارە بوو، ئەو شەوە لە مەکتەبی عەسکەری لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر پێشمەرگە لە ژوورێکی گەورەدا نووستین، هەرچەندە من هەتا بەیانی خەوم لێنەکەوت، چونکە یەکەم جارم بوو لە شوێنێکی وادا و لەگەڵ ئەو هەموو پێشمەرگەیە شەو لە ژوورێکدا بم.

بۆ بەیانی، بەرەو ناوزەنگ رۆیشتین کە زۆر دوور نەبوو، کە گەیشتینە ناوزەنگ، رۆژێک پێشتر  سهیلە و نەسرینی خوشکی  و چوار کچ لە بەغداوە کە سیانیان خوێندکاری زانکۆی بەغدا بوون و سەر بە یەکێتیی خوێندکارانی بەغدا بوون، گەیشتبوونە ناوزەنگ، بە ناوەکانی: شنە (هاوڕێ دێرین)، گەلاوێژ (هاوڕێ دیلمان)، فریال (هاوڕێ هاوژین)، ئینتصار (هاوڕێ دابان). پێشتریش وەکوو یەکەم دوو کچ؛ نازەنین عوسمان و بەیان چووبوونە شاخ، هەروەها نەرمین و فریشتە و ئاشتی و خەدیجە لە تووژەڵە لە کەرتی ئێستگە ئیشیان دەکرد، ژنێکیش (سروە) لەگەڵ هاوسەرەکەی (عومەر) لە تووژەڵە بوون، ئەمە جگە لە هاوسەر و دایک و دوو خوشکی کاک رەنج، لەسەر ئەو شاخە دەژیان کە پەخشی رادیۆی گەلی کوردستانی لێ دەکرا. ئەم ناوانەی سەرەوە و هێرۆ خانی هاوسەری مام جەلال، رووناک شێخ جەناب هاوسەری مەلا بەختیار، دڵگیر خان هاوسەری کاک سالار عەزیز، پاکیزە خان هاوسەری کاک فەرەیدون عەبدولقادر، گێلاس خان هاوسەری کاک زیڕۆ و لە ساڵی 1981یش، شوعلە خان بە بووکیی هاتە دەرەوە بۆ کاک نەوشیروان. هەروەها ئەفسەرێکی سەربازیی بەناوی فەرەیدون، هاوسەرەکەی لەگەڵ بوو ناوەکەیم لەبیر نییە، لەگەڵ رووخۆشی خێزانی کاک ئەحمەدی زەڕەنگەر کە ئەویش هەر لەگەڵ جەماعەتی ئێمە هاتبوونە دەرەوە.

وەک باست کرد، لە کاتى وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەدا پشتت ئازاری پێ گەیشتبوو، چۆن چارەسەرت کرد؟
لە دوای ئەو وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلە، زۆر ئازاری پشتم هەبوو، لەو کاتەدا پزیشکێک بەناوی فوئاد تاڵەبانی لە سەرکردایەتی بوو لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر بەختیار کاری دەکرد، کچەکان منیان برد بۆ لای کە پشکنینی بۆ کردم وتی: "دەبێت شرینقە بدەم لە بڕبڕەی پشتت"، بەڵام من دەترسام لەو شرینقەیە، چونکە قسەوباسێکی زۆر لەسەر دکتۆر فوئاد هەبوو کە گوایە بە جاسووسیی هاتووەتە ناوزەنگ، بەڵام کچەکان و زۆرێک لەوانەی دەوروبەری خۆمان، سووربوون لەسەر ئەوەی کە ئەو شرینقەیە لە خۆم بدەم، چونکە بە قسەی دکتۆر فوئاد، ئەگەری ئەوە هەبوو کە پاش ماوەیەک لە قاچ بکەوم و دەیانوت خۆ تۆ لە کاک نەوشیروان زیاتر نیت، چونکە پێشتر ئەو شرینقەیەی دابوو لە کاک نەوشیروان هەر بەهۆی ئازاری پشتییەوە. 
بەیانییەک زوو، هەموو کچەکان لەگەڵم هاتن و چووین بۆ نەخۆشخانەکە، دکتۆر فوئاد لەسەر دەم پاڵی خستم و دەرزییەکی وەکوو سوژن کرد بە بڕبڕەی پشتمدا و هاواری لێ هەڵسانم، هەتا دوو کاژێر نەمتوانی بجووڵێمەوە، بەڵام وردە وردە کەوتمەوە جووڵە و بە شەلەشەل بردمیانەوە بۆ ژوورەکەی خۆمان. هەستم دەکرد کچەکان بەدزییەوە بۆم دەگریان.
 
ئەو کچانەى کە چوونە دەرەوە، بارودۆختان چۆن بوو و چۆنتان دەگوزەران لەو شاخ و کێوە کە ئێوە پەروەردەى شار بوون و شارەزایی ژیانى لادێتان نەبوو؟
سەبارەت بە بارودۆخی ئەو کچانەی کە لە شاخ بووین، دەتوانم بڵێم بارودۆخێکی تا رادەیەک ئاسایی بوو، دەشتوانم بڵێم نائاسایی بوو. ئاسایی بوو، لەبەر ئەوەی ئەو ژمارە کەمە لە کچان لەناو ئەو هەموو پیاوەدا لەو شوێنە دوور و دابڕاوەدا؛ بۆ یەک جاریش هیچ کێشەیەک رووی نەدا لەسەر بنەمای جێندەری و کچەکان زۆر بە سەربەستیی لە شوێنی کارەکان و لە بارەگاکاندا هەڵسوکەوتیان دەکرد و هەمیشە دەنگیان دلێر بوو. هەرچەندە زۆرێک لە کچەکان بزێوی و سەرکێشییان تیا بوو، زۆر جار دەمانبیست کە دەیانووت: "کچەکان بوون بە کێشە"، بەڵام هەموو جارێک بەڕێز مام جەلال دەیوت: "ئەو کێشانە بەرەوڕووی من بکەنەوە". زۆر جاریش هەندێ لە ژنەکان کە لەگەڵ هاوسەرەکانیان بوون، هەندێک قسەوباسیان دەکرد و دەیانوت: "ئەم کچانە بۆچی هاتوون؟ دیارە بۆ شوو هاتوون"، بەڵام راستییەک هەیە کە دەبێت بووترێت؛ ئەویش ئەوەیە کە ناوزەنگ ئەوەندە دوور بوو لە شار و شوێنی ژیانەوە، لە چالاکیی چەکدارانەوە، هەر کاری سیاسی و رێکخستنی تیادا دەکرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار کچەکان دەچوون داوای مەفرەزەی چەکدارییان دەکرد و دەیانویست چالاکیی سەربازیی ئەنجام بدەن، بەڵام هەموو جارێک هەر بە ناڕازیبوون وەڵام دەدرانەوە و ئەمە بۆ پیاوەکانیش هەروا بوو، چونکە دووریی شوێنەکە ئەوە نەبوو کە وەکوو هەرێمەکان بتوانن بە شەو بێنە ناوشار و چالاکیی ئەنجام بدەن و بشگەڕێنەوە بنکەکانی خۆیان. 
 
ئەو گرفت و ناخۆشییانە چی بوون کە رووبەڕووتان دەبوونەوە؟
یەکێک لەو شتە ناخۆشانەی کە دووبارە دەبووەوە لە ناوزەنگ، خۆشتمان بوو، چونکە گەرماوەکە بریتی بوو لە چوارگۆشەیەک کە لە بلۆک دروست کرابوو لە شوێنێکی بەتاڵ و هیچی لەدەور نەبوو، هەر دەرگاکە و یەکسەر ناو گەرماوەکە بوو، بۆیە کە کچێک دەچووە گەرماو بۆ خۆشتن، هەموو کچەکانی تر بەدەوریەوە دەبووین لە ترسی ئەوەی نەوەک لەپڕ بە رێکەوت کوڕێکی پێشمەرگە بەوێدا بڕوات و بڵێن لەبەر کچەکانە. دەبوایە زۆر ئاگادار بووینایە، بەڵام لە تووژەڵە ئەو کێشەیەمان نەبوو، چونکە لەوێ لەژێر خێمە خۆمان دەشۆرد. کچەکان سێ خێمەمان هەبوو، دووانیان وەکوو ژوور وابوون بۆ ژیانی رۆژانە و نوستن، یەکێکیشیان کرابوو بە گەرماو و تەوالێت. 
 
خۆتان نانتان دروست دەکرد؟
لە ناوزەنگ زۆربەی بارەگاکان نانەواخانەی خۆیان هەبوو، رۆژانە نانی بارەگایان دەکرد. یەکێک لە نانەواخانەکان، رۆژانە نانی بەشی ئێمەش دەدا کە شتێکی زۆر ئاسایی بوو، بەڵام لەلایەن هەندێ بەرپرسەوە پێیان وترابوو کە نابێت نان بدرێت بە کچەکان، چونکە ئەوانە کچن و دەبێت خۆیان نان بۆ خۆیان بکەن.
 
بێگومان ئەو کۆمەڵە کچە بەیەکەوە یادگاریی خۆشتان هەیە، دەمەوێت باسى یەکێک لەو یادگارییانەمان بۆ بکەیت؟
یەکێک لە یادگارییەکانمان لەگەڵ کچەکان، ئەوە بوو کە شەوانە دونیا کپ دەبوو و هاتوچۆ نەدەما، جلە پێشمەرگایەتییەکانمان دادەکەند و جلی کچانەمان لەبەر دەکرد و مکیاجمان دەکرد و دەستمان دەکرد بە گۆرانی و چەپڵە و قسەی خۆش هەتا ماندوو دەبووین، لە دواییدا خۆمان دەگۆڕی و جلە پێشمەرگەکانمان لەبەر دەکردەوە و تێر دەگریاین و دەنوستین.
 
کار و ئەرکتان چی بوو لە شاخ کاتەکانتان بە چی بەسەر دەبرد؟
لە شاخ، کاتمان بە ئیشکردن بەسەر دەبرد، من خۆم لە ناوەندی کۆمەڵە ئیشم دەکرد. بەیانیان دەچووم هەتا دوای نیوەڕۆ، هەفتەی جارێکیش کۆبوونەوەی رێکخستنمان هەبوو لە کەرتی رێکخستنی شەهید ئازاد. هەفتەی دوو سیمینار لەلایەن کاک نەوشیروان پێشکەش دەکرا لە هۆڵی شەهید شەهاب؛ یەکێکیان لەسەر بابەتە سیاسی و رۆشنبیریی بوو، بە ئەڵقە پێشکەش دەکرا، ئەوی تریشیان لەسەر ئەو بابەتانەی رۆژ بوو کە رۆژانە لە کوردستان و عیراق و جیهان روویان دەدا. 

کچەکانی تریش هەریەکە و ئیشێکی دەکرد؛ سوهەیلە و من لە ناوەندی کۆمەڵە، نەرمین و فریشتە لە کەرتی ئێستگە وەکوو پێشکەشکار، ئاشتی و خەدیجە هەر لە کەرتی ئێستگە ئیشیان دەکرد، بەڵام پێشکەشکار نەبوون و ئیشی تریان دەکرد، گەلاوێژ و دابان و هاوژین لە نەخۆشخانە ئیشی پەرستارییان دەکرد، شنە وانەی نەهێشتنی نەخوێندەواریی دەوتەوە بە منداڵەکانی قاسمەڕەش، چونکە هیچ قوتابخانەیەک لەوێ نەبوو. 
 
کام کار کە لە شاخ کردووتە زۆر بە گرنگی دەزانیت؟
یەکێک لەو ئیشانەی کە لە ناوزەنگ کردم و زۆر بە ئیشێکی گرنگم دەزانی، ئەوەبوو کە لە ناوەند بووم، کتێبخانەیەکی گەورەی لێبوو، پڕ بوو لە کتێب و هەر لەناو ئەو کتێبخانەیەدا دەمبینی کە کاغەزی تەزکیەی هەموو ئەوانەی کە لەناو شارەوە هاتبوونە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی، دانرابوون و بەردەست بوون و هەموو کەسێک دەیتوانی بیانبینێ و بیانخوێنێتەوە، من خۆم دەمخوێندنەوە، بۆیە بیرم لێ کردەوە کە دەبێت ئەم کاغەزانە هەڵبگیرێت وەکوو شتێکی نهێنی، چونکە بە راستیی زانیاریی وەهای تێدا بوو کە چالاکیی زۆر گەورە و شتی زۆر هەستیار بوون. داوام لە کاک نەوشیروان کرد رێگەم پێ بدات رێکیان بخەم، ئەویش رەزامەندیی پیشان دا. تیانووسێکی گەورەی وەکوو تۆماریان بۆ هێنام و کاغەزەکانم ریزبەند کرد بەپێی مێژوو لە یەکەم کاغەوە تا دوایین کاغەز، ئینجا لە تۆمارەکەدا ژمارە یەک چی زانیاریی تێدا بوایە دەمنووسی لە ژمارە یەکدا، بەڵام بە بێ ناو و ئیتر هەر کاغەزە و ژمارەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو لە تۆمارەکەدا و هەر کەسێکیش بیبینیایە و بیخوێندایەتەوە، نەیدەزانی خاوەنەکەی یان بکەرەکەی کێیە و کاغەزەکانیشم هەمووی لای خۆم هەڵگرت. 
سوهەیلەش هەمان ئیشی کرد بۆ ئەو کاغەزانەی کە لە ناوشارەوە هاتبوون و زانیارییان تێدا بوو لەسەر کەسانی سیخوڕ و پیاوخراپ و هەڵسوکەوتیان.
 
ناخۆشترین شتی شاخ چی بوو؟
شتی ناخۆش زۆر بوون، لەوانە: بیستنی هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەکان لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا. جارێکیش جەژن بوو، کە بەیانی لە خەو هەڵساین، شتێکی زۆر ناخۆش رووی دابوو؛ پێشمەرگەیەکی کوڕ لە بارەگاکەی هەڤاڵ خەجۆ بە پشتێنەکەی خۆی هەڵواسی بوو و خۆی خنکاندبوو. بە راستی زۆر ناخۆش بوو. هەروەها روودانی شەڕی یەکێتی و ئێران یەکێک بوو لە هەرە شتە ناخۆشەکان. ئەمە جگە لە دووریی خێزان و کەسوکار کە زۆر بە زەحمەت هەواڵێکمان پێ دەگەیشت. 

هەروەها یەکێک لە شتە ناخۆشەکان کە هەتا ئێستاش بیرم ناچێتەوە، ئەوەبوو کە یەکەم جار بە مۆڵەت گەڕامەوە بۆ گورگەیەر، لە پاش نزیکەی حەوت مانگ پێیان وتم؛ دایکم ئەو رۆژە لەوێ نەبوو کە من گورگەیەرم بەجێهێشت بەرەو ناوزەنگ، لەو رۆژەوە هەموو رۆژێک بەرانبەر رێگەکە دانیشتووە جگەرەی کێشاوە، وتوویەتی: "بەڵکو دەرکەوێت، چۆن لەو رێگەیەوە رۆیشتووە، ئاواش بێتەوە و بۆ یەک جاری تر بیبینم." کە گەیشتیشم، دایکم و مونیرەی خوشکمم بینی لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدا بوون، بەهۆی ئەوەی کە گورگەیەر دێیەکی زۆر خۆش بوو و هەمیشە ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە بۆ حەوانەوە روویان تێ دەکرد و براکانیشم خۆیان لەو هەرێمە پێشمەرگە بوون، هەموو یەکتریان دەناسی، بۆیە هەموو رۆژێک دوو جار ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکانیان هێنابوو بۆ ماڵی ئێمە و دایکم و مونیرە هەر خەریکی چێشتلێنان و خزمەتکردن بوون. مونیرە بە منی وت: "تۆ خۆت دەرباز کرد و ئێمەش لێرە هەر خەریکی خواردن دروستکردن و قاپ شتنین." زۆر ناڕەزایی دەربڕی، چونکە ئەو خۆی زۆر بێتاقەت بوو، تەنانەت تاقەتی منداڵەکانی خۆشی نەبوو خزمەتیان بکات. دواتریش ئەمان هیچ جیاوازییەکیان نەبوو لەگەڵ پێشمەرگە پیاوەکان ئەوە نەبێت کە ئەمان ژن بوون و دەبوایە خزمەتیان بکردایە. هەروەها پێی وتم: "ئەگەر هەتا تۆ لێرەیت چارەسەرێکمان بۆ نەدۆزیتەوە؛ ئەوا من بە جارێک دەڕووخێم، دایکیشم لەتاو خەم و خەفەتی خۆی حەوسەڵەی هیچی نییە."
 
ئەى سەبارەت بە خۆشترین شتی شاخ چی؟
بۆ من، هەموو شتەکانی و هەموو رۆژەکانی زۆر خۆش بوون سەرەڕای قورسیی ژیان و دابڕان لە دونیای دەرەوە. هەستکردن بە بوونی خۆت وەکوو مرۆڤێک کە یاخی دەبیت لەو دەسەڵاتە دڕندەیە، لە لای من یەکێک بوو لەو شتانەی کە زۆر لام پیرۆز بوو. هەروەها لەوێ هیچ کەس بەرژەوەندییەکی وای نەبوو، هەموو یەک شت کۆی کردبووینەوە کە ئەویش باوەڕ بوو بە مەسەلەیەکی رەوا، بە بۆچوونی من. 

یەکێک لە هەرە شتە خۆشەکان لە لای من، ئەوەبوو کە بۆ یەکەم جار بە مەفرەزە لە سەرکردایەتییەوە هاتمە خوارەوە بۆ شارباژێڕ لەگەڵ مەفرەزەکەی مام رۆستەم و ئاواتی شێخ جەناب. دوای ئەوەی مام رۆستەم لە شەڕی ژاڵە بە برینداری هێنابوویان بۆ سەرکردایەتی و لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر بەختیار چارەسەری بۆ کرا بە نەشتەرگەری، دوای چاک بوونەوەی، گەڕایەوە بۆ بەری قەرەداغ لەگەڵ مەفرەزەیەک پێشمەرگە و ئاواتی شێخ جەناب. من بڕیارم دا کە لەگەڵیان دابەزم، هەرچەندە زۆر پێیان وتم: "ئەمە مەکە، خۆت مەکە بە کەواسووری بەر لەشکر و لەگەڵ ئەو هەموو پیاوە بەتەنها مەڕۆ، بەڵام من بڕیارم دا و وتم هەر دەڕۆم.

ئەوانەی زۆر سەریان لە قسەوباس دەخورا لە بەرپرسەکان، یەکە بە یەکە چووم بۆ لایان و وام نیشان دا کە رای ئەوان بۆ من گرنگە و رایان چییە ئەگەر من بۆ یەکەم جار لەگەڵ مەفرەزەیەکی پێشمەرگە دابەزم بۆ هەرێمەکان؟ هەموو دەیانوت: "شتێکی باش دەکەیت، بڕۆ!" من ئەمەم بۆیە کرد، تا لە دواییدا هیچ مەجالی قسەیان بۆ نەمێنیتەوە. 

لە ناوزەنگەوە بەڕێ کەوتین، بە زۆرێک لە دێهاتەکانی کوردستانی عیراق و ئێراندا تێپەڕین، بە یەک هەفتە گەیشتینە شارباژێڕ. 
لەبیرم دێت لە یەکێک لە دێهاتەکانی ئێران، من و مام رۆستەم و ئاوات جەناب، نانی ئێوارەمان دەخوارد، ئاگام لە خۆم نەبوو ژنی خاوەن ماڵەکە لەپڕ سەرپۆشێکی هێنا و دای بەسەرمدا و وتی: "کچێ! تۆ چی دەکەیت بەسەری رووتیی لەناو ئەم هەموو پیاوەدا". هەر حەپەسام، بەڵام مام رۆستەم سەرپۆشەکەی لەسەرم کردەوە و فڕێی دایەوە بۆ ژنەکە و وتی: "ئەم کچە گەورەی هەموومانە و بەرپرسمانە". ئیتر لە دوای ئەوەوە کە دەچووینە هەر دێیەک لەناو ئێران بۆ خۆناساندن بە خەڵکی دێکە، یەکسەر دەیانوت: "ئەم کچە لێپرسراوی مەفرەزەکەمانە". 

یەکێک لەو دێیانەی ئێران (ناوەکەیم لەبیر نییە) کە چووین، بارەگای شێخ عزەدینی لێ بوو، کە گەیشتینە بارەگەکە، پێشمەرگەکان بە ریز لە ئەمبەر و ئەوبەری رێگەی چوونە ژوورەوە وەستابوون، منیش پێش هەموویان کەوتم و خۆم ناساند وەکوو بەرپرسی مەفرەزە. 

هەر لەو جەولەیەدا، رێگەمان کەوتە سەر چەمێک کە دەبوایە لێی بپەڕینایەتەوە، کوڕەکان ویستیان خۆیان رووت بکەنەوە بۆ ئەوەی لە ئاوەکە بدەن، بەڵام من وتم: "نابێت کەس جلەکانی دابکەنێت". مام رۆستەم وتی: "ئەگەر بە جلەوە لە ئاوەکە بدەن، تەڕ دەبن و جلیان پێ نییە خۆیان بگۆڕن"، بەڵام من هەر نەمهێشت جلەکانیان دابکەنن. ئیتر هەموو بە جلەوە لە ئاوەکە پەڕینەوە. ئاوەکە قووڵ بوو، مام رۆستەم و کاک ئاوات یەکی دەستێکی منیان گرت و بە دەستەکەی تریان مەلەیان دەکرد، چونکە من مەلەم نەدەزانی.
 
بێگومان ژیانى رۆژانەتان لە ناوزەنگ جیاوازیی زۆرە لە ژیانى ئاسایی ناوشار، بەڵام ئەو جیاوازییانەى کە زۆر زەق و دیاربوون، کامانە بوون؟
لە ناوزەنگ هەموو شت جیاواز بوو، ئەوانەی کە وەکوو خێزان دەژیان، خەریکی ژیانی خۆیان بوون، ئێمەش (کچەکان) هەتا رادەیەک پابەند بووین بە هەندێک شتی زۆر بچووک کە هیی ئەوە نەبوو خۆتی پێوە خەریک بکەیت، بۆ نموونە؛ ئێمە جلەکانمان بریتی بوو لە شەرواڵێک و بەشی سەرەوە کە هەر لەوێ بۆیان دەدوورین. ئەم جلانە زۆر ناشرین دەبوو کە بەشی سەرەوەی بخرایەتە سەر شەرواڵێکی پان، خۆشتر و جوانتریش بوو کە بخرێتە ناوەوە، بەڵام هەر لە خۆیەوە بووبوو بە نەریت کە هەر دەبێت بخرێتە سەرەوە و ئەگەر کچێک وای نەکردایە؛ ئەوا پێیان دەوت لەشولاری خۆی دردەخات، ئەمە لە کاتێکدا کە لە شار زۆر ئاسایی بوو کراس و بلوز بخرێتە ناو پانتۆڵەوە. ئیتر بەو جۆرە مێشکیان خەریک دەکردی بە شتی زۆر بێکەڵک و بچووکەوە کە جاری وا هەبوو شتە گەورەکانت بیر دەچووەوە. یان پێیان دەوتین کچەکان بە کەوچک و چەتاڵ نان دەخۆن، ئەمە لە کاتێکدا هیچ رێگرییەک نەبوو لەوەی کە هەموو کەس بە کەوچک و چەتاڵ نان بخوات. یان جاری وا هەبوو پێشانگەی وێنە دەکرایەوە بۆ هەندێک پێشمەرگەی هونەرمەند، لەناو تابلۆکاندا کاریکاتێریان دروست دەکرد لەسەر کچەکان وەکوو ئەوەی وێنەی کچێکی پێشمەرگەیان دەکرد بە جلی پێشمەرگایەتییەوە و لەفێكیان دەدا لە قژی، بەڵام لەسەر کوڕەکانیش دەیان کرد، بۆ نموونە؛ وێنەی پێشمەرگەیەکیان دەکرد بە دەستێکی تفەنگێکی هەڵگرتبوو و بە دەستەکەی تری مەکینەیەکی ماستاوی پێبوو. بە کورتی، ژمارەیەکی زۆر کەم کچ هەبوو لەناو ئەو هەموو پیاوانەدا و لەو شوێنە کە تا رادەیەک بۆشایی زۆر تیا بوو، بۆیە ئەمە وای کردبوو کە کچەکان زۆر چاویان لەسەر بێت.
 
مەشقتان نەدەکرد لەسەر شارەزابوون لە چۆنیەتی بەکارهێنانى چەک و تەقەمەنی؟
هەر لە ناوزەنگ کچەکان داوامان کرد خولێکی راهێنانمان بۆ بکەنەوە لەسەر بەکارهێنانی چەک، خولەکە کرایەوە و هەموو کچەکان بەشداریمان کرد. بۆ ماوەی مانگێک راهێنانمان پێ کرا لەلایەن مامۆستا ئەنوەر سەبرییەوە لەسەر بەکارهێنانی چەک لە دەمانچەوە تا گرینۆف و نارنجۆک و تەقەمەنی. لەم خولەدا، هیچ ژنێک لەوانەی کە لەگەڵ هاوسەرەکانیان بوون، بەشدارییان نەکرد و پێشتریش خولی لەو جۆرە نەکرابووەوە، ئیتر نازانم ئەگەر دواتر، هەرچەندە دواتر مەڵبەندەکان دروست بوون و ناوزەنگ وەکوو خۆی نەما، هێزەکەی سەرکردایەتی دابەش بوون بەسەر مەڵبەندەکاندا.
 
لە ناوزەنگ هەر ئەو کۆمەڵە ژنەی کە یەکێتی بوون لەوێ بوون، یاخود حیزبی تر و ژنی تریشی لێبوو؟
ناوزەنگ، شوێنی هەموو حیزبە کوردستانییەکان بوو. کۆمەڵەی ئێران بارەگایان هەبوو و ژمارەیەک ژنیان لەگەڵ بوو، ئەوان پێش هەموو لایەنەکان ژنیان هەبوو لە ریزی چەکداریدا. حیزبی ئاڵای رزگاری کە حیزبێکی کوردستانی باکوور بوو، لە ناوزەنگ بوو، هەڤاڵ خەجۆ سکرتێری ئەو حیزبە بوو. ئاڵای رزگاری، حیزبێکی گەورە بوو، هەڤاڵ خەجۆ ژنێکی زۆر رۆشنبیر و بەهێز بوو، ئێمەی کچەکان ئەوەندەی لەوەوە هێزمان وەردەگرت و ئەو پشتگیریی دەکردین، لە هیچ کەسێکی تر ئەو پشگیرییەمان نەبوو. هەڤاڵ خەجۆ، کەسێک بوو کە هەموو کەس حسابی بۆ دەکرد و خاوەن بیر و باوەڕی پێشکەوتنخوازانە بوو، هەمیشە هەڵوێستی وەردەگرت لە کات و شوێنی خۆیدا و ئێشتاش بۆ ئێمە هەر پشتگیرییە و چاوی لێ دەکەین. شیلانی خوشکیشی، پێشمەرگە بوو لەگەڵ هەڤاڵ خەجۆ.
 
پێش ئەوەی کۆتایی بە باسی ئەو ماوەیەی ژیانى شاخ بهێنین، هیچ بەسەرهاتێک هەیە کە تا ئێستاش لە یادەوەرییتدا مابێت و بتەوێت باسی بکەیت؟
 ئێمە زستانان لە ناوزەنگ دەبووین و هاوینان دەچووین بۆ تووژەڵە، لە توژەڵە سێ خێمەمان هەبوو، دوانیان شوێنی ژیانمان بوو، یەکێکیشیان گەرماو و تەوالێت بوو. 

شەویکێان درەنگانێک بوو هێشتا نەنوستبووین، گوێمان لە دەنگی پیاو بوو لە دەرەوەی خێمەکە، کچەکان هەموومان ترساین و یەکسەر خۆمان گورج کردەوە و هاوارمان کرد: کێن زەلام؟ نەیەنە پێشەوە، چەکمان لایە تەقەتان لێ دەکەین (من دەمانچەیەکی سمنسی نیوم هەبوو، بە دیاری وەرمگرتبوو لە دوای ئەو خولەی لەسەر بەکارهێنانی چەک بینیمان). دوو پیاو بوون، وەڵامیان دایەوە: "ئێمەین، پێشمەرگەی مەکتەبی سیاسین و پاسەوانین، کڵاوەکەمان لێ کەوتووەتە خوارەوە، هاتووین بۆی دەگەڕێین." (مەکتەبی سیاسی، رێک لە سەرووی ئێمەوە بوو، د.خدر مەعسوم لێپرسراوی بوو) ئێمەش بە دەنگی بەرز و بەتووڕەییەوە هاوارمان دەکرد: "یەک هەنگاو نەیەنە پێشەوە، کە رۆژ بووەوە وەرن بۆی بگەڕێن". بەهەرحاڵ، ئەو شەوە زۆر ترساین و من خۆم هەتا بەیانی نەنوستم. کە رۆژ بووەوە، هەموو کچەکان زۆر نیگەران بووین لەو رووداوە، مشتومڕی زۆرمان کرد لەسەر ئەوەی چی بکەین باشە، کچەکان هەموو کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە هیچ نەڵێین و بێدەنگیی لێ بکەین باشە، بۆ ئەوەی نەبێت بە هەرا و قسەوباسی لێ نەکەوێتەوە، بەڵام من بەتەنها ئەوەم بە باش دەزانی کە دەبێت بێدەنگ نەبین و باسی بکەین و وتم: "ئەگەر کەسیش رازی نەبێت و نەیەن لەگەڵم؛ ئەوا هەر خۆم بەتەنها دەچم بۆ لای د.خدر و پێی دەڵێم." هەرواشم کرد، چوومە سەرەوە بۆ لای د.خدر و هەموو رووداوەکەم وەکوو خۆی بۆ گێڕایەوە، پێشم وت: "تکایە بە پێشمەرگەکان بڵێ ئەگەر لەمەودوا کڵاو و شتیان لێ کەوتە خوارەوە، با لە دیوی ئێمەوە لێیان نەکەوێت لە شوێنێکی ترەوە لێیان بکەوێت." د.خدر زۆر بە رێزەوە وەڵامی دامەوە و وتی: "هیچ مەترسن، ئەم شتە هەرگیز دووبارە نابێتەوە". 

لەم ساڵانەی دواییدا، رۆژێک لەگەڵ گوڵستان خانی خێزانی کاک ئاسۆی شێخ نوری چووم بۆ لقی سلێمانیی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان بە ئیشێکی گوڵستان خان، لە ژوورەکەی کاک حەداد دانیشتبووین و پڕ بوو لە پێشمەرگەی دێرین، باسی سەردەمی پێشمەرگایەتیمان دەکرد. من باسی خۆم و کچەکانم کرد کە لە ناوزەنگ و تووژەڵە بووین، کەچی کاک حەداد وتی: "باسی ئەو کچانە مەکە، داخیان لە دڵی مندایە". رووی کردە پیاوەکان و وتی: "جارێکیان لە تووژەڵە، شەو من و برادەرێکی تر پاسەوان بووین، بە رێکەوت كڵاوی یەکێکمان کەوتە خوارەوە و ئێمەش دابەزین بیهێنینەوە، کچەکان لێمان راپەڕین و نەیانهێشت بیدۆزینەوە، بەڵام لەوەش ناخۆشتر؛ بۆ بەیانییەکەی یەکێکیان وەکوو غەزەب لێمان پەیدا بوو و هات بۆ لای د.خدر سکاڵای لێ کردین و د.خدریش سزایەکی باشی هەردووکمانی دا." منیش پێم وت: "ئەو کچە غەزەبە من بووم کە ئێستا لێرە دانیشتووم". ئیتر شتەکە بوو بە پێکەنین و قسەی خۆش.
 
هەر لەو ساڵانەدا وەرچەخانێکی گەورە لە ژیانی تۆدا رووی دا کە ئەویش بەهۆی ئەوەوە بوو کە گیرایت... لێرەدا دەمەوێت لە سەرەتاوە بە وردیی باسى ئەو رووداوەم بۆ بکەیت؟
نزیکەی جەژنی قوربان بوو، زۆر لە پێشمەرگەکان لە ناوزەنگەوە بە مۆڵەت دەهاتنە خوارەوە بۆ هەرێمەکان. لەو کاتەدا ئاراسی حەمە لاو لەگەڵ سوهام خانی خێزانی و کۆمەڵێک پێشمەرگە لە سەرکردایەتی بوون، دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ بارەگاکەی خۆیان لە کانی توو لە ناوچەی مەرگە. من و سوهەیلەش مۆڵەتمان وەرگرتبوو بۆ جەژن بێینە خوارەوە، بۆیە لەگەڵ ئاراسی حەمە لاو و مەفرەزەکەی لە ناوزەنگەوە بەڕێ کەوتین بە پێ بە ئێراندا، بە شاخی زەردتکەدا  سەرکەوتین و گەیشتینە بێتووش، شەوێک لە بێووش ماینەوە و پشوویەکی باشمان دا. بێتووش؛ دێیەکی ئێرانە لە دامێنی شاخی زەردتکە، دێیەکی زۆر خۆش بوو. لەبیرم دێ کە چووینە ناو دێکەوە، خەڵکی دێکە بە هەرەوەز خەریکی هەنار لێکردنەوە بوون، وابزانم نزیکی مانگی تشرینی دووەم بوو. ئێمە بەناو دێکەدا دەڕۆیشتین، خەڵکەکە وەکوو رێزلێنانێک هەناریان بۆ هەڵ دەداین. لە ناوەڕاستی دێکەدا، لەژێر دار شۆڕەبییەکی زۆر گەورەدا شوێنێک هەبوو وەکوو چایخانە، زەوییەکەی کۆنکرێت کرابوو و هەندێک کورسی دانرابوون. لەو چایخانەیە لامان دا و خەڵکی دێکە هاتن بەپێشوازیمانەوە و شەو بردیانین بۆ ماڵێک کە دیار بوو کاک ئاراس و سوهام خان دەیانناسین و پێشتریش چووبوونە ئەو ماڵە. ئەو شەوە زۆر خزمەتیان کردین. بۆ بەیانییەکەی، وتیان: "لەم دێیە گەرماو هەیە، دەتانبەین بۆ گەرماو". بردیانین بۆ گەرماوەکە کە بریتی بوو لە ژووری بچووک بچووک و هەر ژوورەی بۆ یەک کەس دەبوو، گرنگ نەبوو کێ لە ژوورەکان خۆی دەشوات، ژن بێت یان پیاو، چونکە زۆر جیاواز بوون لە یەکتری و کەس کەسی نەدەبینی. دوای خۆشتن و نانی نیوەڕۆ، بەڕێ کەوتین و وابزانم شەو گەیشتینە دێی زەروون و شەو لەوێ ماینەوە. 

هەر کە لە سەرکردایەتییەوە هاتین، من نەخۆش بووم و ئازاری گەدەم هەبوو، بۆیە ئەو شەوە لە زەروون زۆر بێتاقەت بووم. ژنی خاوەن ماڵەکە زۆر بەزەیی پێمدا دەهاتەوە، شەو گوێم لێبوو هاتبووە لامەوە دەیوت: "ئاخۆ ئەم کچە دایکی هەبێت!". لەبەر خۆیەوە دەیوت: "یاخوا دایکی بمرێت، زۆر نەخۆشە". بۆ بەیانی کە هەستاین، هەر بە دەوروپشتمدا دەهات و کە رۆیشتیشین شتێکی دا پێم وتی: "توخوا رۆڵە با ئەمەت پێبێت کە برسیت بوو بیخۆ". لە رێگە سەیرم کرد؛ چەند نانێکی تیری و هەندێک رۆنەکەرە و دۆشاو بوو پێچابوویەوە.  یەک رۆژی تەواو بە دۆڵی سەفرە و زەرووندا رۆیشتین. لە رێگە مامۆستا جەمال تایەر و کاک دلاوەری ئەحمەد مەجید و کۆمەڵێک پێشمەرگەمان بینی، هەر هاوڕێ حەسەنم (هاوڕێ، ئەندازیارێکی برادەری خۆمان بوو) لەبیرە. 
کاک دلاوەر بە منی وت کە لە گورگەیەر بووە، دایکمی بینیوە و چاوەڕێم دەکات. کە گەیشتینە سەر چەمی سەفرە و زەروون، سیمەکە پچڕابوو، دەبوایە بە پێ لە ئاوەکەمان بدایە کە زۆر ترسناک بوو، پێشتر پێشمەرگەیەک بەناوی (کامیل) هەر لەو شوێنەدا خنکابوو. هەروەها کەژاڵی خوشکی کاک زیڕۆش هەر لەو ئاوەدا خنکابوو، بۆیە کەس نەیدەوێرا دەستپێشخەریی بکات. سوهەیلە دەیوت: "ئەمشەو خەوم بە دایکمەوە بینیوە، جلی رەشی لەبەردا بووە، ئەوە ئەمڕۆ لەم ئاوەدا دەخنکێم و دایکم جلی رەشم بۆ لەبەر دەکات." بەڵام پیاوەکان ئەو ترسەیان نەبوو، مەلەیان دەزانی هەرچەندە ئاوەکە هیی ئەوە نەبوو مەلەی تیا بکرێت. پاش ماوەیەک وەستان و مشتومڕ، وتم: "چەند چاوەڕێ بکەین خۆ لە کۆتاییدا هەر دەبێت بپەڕینەوە." بۆیە بڕیارم دا کە یەکەم کەس بپەڕمەوە. لە دوای پەڕینەوە لە ئاوی سەفرە و زەروون، بەڕێ کەوتین بەرەو ناوچەی مەرگە. زۆر باش لەبیرم نییە؛ وابزانم بۆ رۆژی دواتر گەیشتینە کانی توو کە شوێنی بارەگای ناوچە بوو. ئەو رۆژە لەوێ ماینەوە بۆ ئەوەى هەندێک ماندووییمان بحەسێتەوە و بۆ رۆژی دواتر بەڕێ بکەوین بەرەو شارباژێڕ. 

بڕیار وابوو مامە قالەش بێت لەگەڵماندا (مامە قالە، بە مامە قالەی سجن ناسرابوو، خزمی منە، برای براژنمە)، من ئامادە بووم بۆ رۆیشتن، بەڵام سوهەیلە وتی: "نەزیرە، ئەمڕۆ مەڕۆ، یەک دوو رۆژ بوەستە لەسەرم، دایکم دێت بۆ لام، کە هات و گەڕایەوە، منیش لەگەڵت دێم بۆ شارباژێڕ. ئێرە بارەگایە، بۆ من زۆر ناخۆشە بەتەنها لێرەبم، چونکە سوهام هاوسەری خۆی لەگەڵدایە، بەڵام من زۆر هەستێکی ناخۆشم هەیە ئەو ماوە زۆرە لێرە بمێنمەوە هەتا مۆڵەتەکەم تەواو دەبێت." منیش لە وەڵامدا پێم وت: "ئەگەر بە راستیی تۆ لێرە هەڵ ناکەیت و دەتەوێت لەگەڵ من بێیت؛ ئەوا چەند پێویست بکات چاوەڕێت دەکەم، بەڵام توخوا دەستم مەبڕە ئەگەر دەزانیت نایەیت، با منیش دوانەکەوم و بڕۆم." ئەویش وتی: "نا بەڵێن بێت هەر کە دایکم هات و گەڕایەوە، هەر یەک شەو لێرە دەبێت، منیش یەکسەر لەگەڵت دێم." بەڵام بەداخەوە، کە دایکی سوهەیلە هات و گەڕایەوە، سوهەیلە لە بەڵێنەکەی خۆی پەشیمان بووەوە و زۆر بەئاسانی وتی: "دایکم پێی وتووم مەڕۆ بۆ شارباژێڕ و هەر لێرە بمێنەرەوە". 

ئەم هەڵوێستەی سوهەیلە تووشی شۆکی کردم، ئەوەی کە بە خەیاڵی مندا نەدەهات، ئەوەبوو کە سوهەیلە دوو سێ رۆژ من بەدیار خۆیەوە دابنێت و دواییش بڵێت دایکم ناهێڵێت بێم. زۆر تووڕە بووم، هەتا پێم وت: "تۆ کەسێکی بێ هەڵوێستیت و خاوەنی قسەى خۆت نیت، دیارە کە هاتووشیتە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی، بڕیاری خۆت نییە، بەڵکوو دایکت پێی وتوویت ببە بە پێشمەرگە".
 
دواى ئەوە بڕیارى چیت دا؟
کانی توو؛ بارەگای ناوچە کە کاک ئاراسی بەرپرسی بوو و ژمارەیەکی زۆر پیشمەرگەی لێبوو، هەموو چاوەڕێی کەسوکاریان دەکرد کە بەهۆی جەژنەوە دەهاتن بۆ لایان، بۆیە کاک ئاراس وتی: "مادام سوهەیلە نایەت لەگەڵتدا و تۆ بەتەنها هەر خۆت دەڕۆیت، زۆر زەحمەتە ئەو رێگەیە بە پێ و ئێمەش زۆر هیلاکین و چوار پێنج رۆژە بەڕێگەوەین، هەروەها پێشمەرگەکانیش زۆر هیلاکن و رۆیشتن بۆ شارباژێڕ سێ رۆژی دەوێت بە پێ، هەر پێشمەرگەیەکیش بنێرم لەگەڵتدا هەفتەیەکی پێدەچێت بە چوون و هاتنەوە و ئەوانیش زۆربەیان چاوەڕێی کەسوکاریان دەکەن بێن بۆ لایان، ئێستا ئەگەر من لەگەڵ تۆ بیاننێرم؛ ئەوا ستەمیان لێ دەکەم". پێشنیازی کرد کە من بە ئۆتۆمبێل بنێرێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێشەوە هەر بە ئۆتۆمبێل بڕۆم بۆ شارباژێڕ و وتی: "ئۆتۆمبێلی خۆمان هەیە کە جێی متمانەیە، خۆمان زۆر جار بەچەکەوە پێی رۆیشتووین بۆ سلێمانی." بەڵام من بەرهەڵستیی ئەو پێشنیازەی کاک ئاراسم کرد و وتم: "خۆ لە سەرەتاوە من هەر خۆم دەڕۆیشتم و ئێستاش هیچ نەگۆڕاوە ئەوە نەبێت کە چەند رۆژێک بەهۆی سوهەیلەوە دواکەوتووم." بە راستیی زۆر دەترسام لەوەی کە بە ئۆتۆمبێل و بەو رێگەیەدا بڕۆم، بەڵام کاک ئاراس هەر سوور بوو لەسەر پێشنیازەکەی خۆی و لە کۆتاییدا بڕوای پێ هێنام، تەنانەت دەیوت: "هێرۆ خان بەو ئۆتۆمبێلە چووەتەوە بۆ سلێمانی، خۆ تۆ لەو زیاتر نیت".

من و کاک ئاراس بە پێ بەڕێ کەوتین بەرەو مەرگە، بەڵام بە زویری و نەمتوانی ماڵئاوایی لە سوهەیلە بکەم، هەرچەندە ئەو زۆر هەوڵی دا کە وای دەربخات شتەکە ئاساییە، بەڵام من هەر نەمتوانی ئەو هەڵوێستەی ئەو بە ئاسایی وەربگرم و پێم وت: "تۆ بۆ من ئیتر سوهەیلەکەی جاران نیت و ناتوانم هەرگیز متمانەت پێ بکەم." کاک ئاراس شایەتی ئەو بابەتەیە. 

لەگەڵ کاک ئاراس لە کانی تووەوە بە پێ هاتین بۆ مەرگە، بەڵام لە رێگە تراکتۆرێک بۆمان وەستا و لە پشتەکەی سەرکەوتین. پاش ماوەیەک رۆیشتن بە تراکتۆرەکە، کوڕێکی گەنجمان بینی، ئەویش بە پێ دەچوو بۆ مەرگە، شۆفێری تراکتۆرەکە بۆی وەستا و ئەویشی هەڵگرت. کە گەیشتینە مەرگە، کوڕەکە پێش ئێمە دابەزی، بەڵام ئێمە دانەبەزین، چونکە کاک ئاراس دەیویست خەڵکی مەرگە نەمانبینن. بەناو کۆڵانە باریکەکانی مەرگەدا رۆیشتین بۆ ماڵی ئەو شۆفێرەی کە دەبوایە منی بهێنایە بۆ سلێمانی، لەپڕ ئەو کوڕەم بینی کە پێش ئێمە لە تراکتۆرەکە دابەزی، لە ماڵێک دەرگاکەی کردەوە کە ئێمەی بینی یەکسەر دەرگاکەی داخستەوە. بە کاک ئاراسم وت کە ئەوە کوڕی تراکتۆرەکەیە، بانگی بکە و داوای ناسنامەی لێ بکە، بەڵام کاک ئاراس بەلایەوە گرنگ نەبوو. گەیشتینە ماڵی کاک عەبدوڵڵای شۆفێر و هەر کە لە دەرگاکە چووینە ژوورەوە، کچێکی منداڵ بە راکردن هات بەپیرمانەوە و هەڵگەڕا بە کاک ئاراسدا و دەیوت: "تووخوا بمبە بۆ بارەگاکەتان، دەڵێن دوو کچی پێشمەرگەی لێیە، حەز دەکەم بیانبینم، تووخوا کاک ئاراس ئەو کچانە چییان لەبەردایە؟ جلی پێشمەرگە؟ ئەی چۆنن؟ ناویان چییە؟ بۆچی هاتوون؟" من کە ئەمەم بینی و پێشتریش کوڕەکەم بینیبوو، ئەمەندەی تر ترس دایگرتم، بەتایبەتی کە ژنی شۆفێرەکە وتی: "کاک عەبدوڵڵا لە ماڵ نییە و چووە ئەفسەری سەیتەرەکەی بردووە بۆ کەرکوک بۆ جەژن." وتم: "کاک ئاراس، ئێستاش ئاساییە با بگەڕێینەوە بۆ کانی توو، هەر بە پێ بڕۆم باشترە"، بەڵام کاک ئاراس وتی: "کێشە نییە، شۆفێری تر هەیە کە باوەڕپێکراوی خۆمانە". ناوی ئەحمەدی شۆفێری هێنا و وتی: "ئێستا ئەو بانگ دەکەین بتبات". دوای ئەوەی نانی نیوەڕۆمان خوارد، منیان لەگەڵ ئەحمەدی شۆفێر ناردەوە بۆ سلێمانی.
 
هەر بەتەنها تۆ و شۆفێری تاکسییەکە بوون؟
بیرم چوو ئاماژە بەوە بکەم؛ لە کانی توو خێزانی کاک عومەری جۆڵا (کنێر خان)، لەگەڵ مهابادی خوشکی بە بۆنەی جەژنەوە هاتبوون بۆ لای کاک عومەر، کاک ئاراس و کاک عومەر لەسەر ئەوە رێککەوتن؛ بۆ ئەوەی بەتەنها نەبم، مهاباد لەگەڵ من بنێرنەوە (مهاباد کچێکی منداڵی دە دوانزە ساڵان بوو). من و مهاباد بە تاکسییەکەی کاک ئەحمەد کە وابزانم پێیان دەوت "ئەحە کۆڵ" هاتین بەرەو سلێمانی، بەڵام ئەوەندە دەترسام دەمانچەیەکم پێ بوو نەموێرا لەگەڵ خۆم بیهێنم، هەر لەوێ دام بە کاک ئاراس وتم: "دواتر بۆم بنێرەرەوە بۆ ناوزەنگ یان ئەگەر یەکێک هەبوو بۆم بنێرە بۆ گورگەیەر". 

هەتا سوسێ هیچ کێشەیەک نەبوو، بەڵام لە خاڵی پشکنینی سوسێ، ئەو ئۆتۆمبێلەیان راگرت کە گوایە جێی متمانەی هەموو لایەک بوو و هەمیشە پێشمەرگەی هێناوە و بردووە و تەنانەت هێرۆ خانیش، یەکسەر منیان داگرت بەبێ ئەوەی هیچ پرسیار لە شۆفێرەکە بکەن لەکوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەچێت یان لە مهاباد! کەوتنە پشکنینی من، جانتایەکی بچووکم پێ بوو لە سندوقی ئۆتۆمبێلەکە دەریانهێنا، بەڵام لە رێگە هەر زوو زۆر پێش خاڵی پشکنینەکە من هەندێ نامەی پێچراوەم پێ بوو خستمە تەپڵکی جگەری ئۆتۆمبێلەکەوە و ئێستاشی لەسەر بێت نازانم ئەو نامانە چییان لێ هات؟ شۆفێرەکە و مهابادیان بەڕێ کرد و منیان هێشتەوە. 

پاش پرسیار و ئیهانەیەکی زۆر لەلایەن کابرایەکی ئەمنەوە کە ناوی فالح بوو، پانتۆڵێکی پرتەقاڵی و کراسێکی سەوزی لەبەردابوو، زۆر رەزا گران و ناشرین بوو، هەموو دەموچاوی خاڵی کوتراوی شین بوو، بردیانم بۆ یەکێک لە خانووەکانی نزیک سەیتەرەکە کە هیی خۆیان بوو. پاش ماوەیەک بانگیان کردم و بردیانم بۆ بارەگای لیوا. لە رێگە دوو کەسی سەربازیی کە یەکێکیان قاچی لە گەچدا بوو، زۆر قسەی ناشرینیان کرد، سەربازە قاچ شکاوەکە دەیوت: "ئەم قاچەم لە لێدانی خەڵکدا شکاوە و ئەمڕۆ قاچەکەی تریشم دەشکێت، چونکە لە تۆی پێ دەدەم".

 کە لە خانووەکە بووم، هەندێ پارەم پێ بوو، وابزانم سەد دینار بوو، ئەویش مام جەلال دابوینێ، ئەو پارەیەم هەمووی دڕاند و لەگەڵ هەندێ شتی تر تێکەڵم کرد هەتا فڕێیان بدەم. (با لێرەدا باسی ئەو سەد دینارە بکەم: رۆژێک کە لە ناوزەنگ بووین، مام جەلال ناردی بە شوێن کچەکاندا بچین بۆ لای، بەڵام من وتم: "ئێمە ئەندامی کۆمەڵەین، پێویستە ئەو لە رێگەی ناوەندی کۆمەڵەوە ئێمە بانگ بکات، لەبەر ئەوە من نایەم، کێ دەڵێت ناوەند رازییە ئێمە لە خۆمانەوە بچین بۆ لای." کچەکان وتیان: "ئێمە دەچین، ئەگەر هەواڵی تۆی پرسی، پێی دەڵێین وا دەڵێت." منیش وتم: "کێشەم نییە پێی بڵێن". کچەکان چوون و نیوەڕۆ لای ئەو نانیان خواردبوو، پێشیان وتبوو کە نەزیرە لەبەر ئەو هۆیە نەهاتووە. کە هاتبوونەوە، یەکی سەد دیناری دابوونێ و بۆ منیشی ناردبوو، بەڵام من وەرمنەگرت هەرچەندە زۆریشم پێویست بوو، لە دڵی خۆمدا وتم: "ئەوە تاقیم دەکاتەوە، دەڵێت وەکوو نەهاتووە، بزانم بۆ پارەکە چۆنە؟ وەریدەگرێت؟" پارەکەیان بردەوە بۆ مام جەلال، بەڵام ئەو جارێکی تر بۆی ناردمەوە و وتبووی: "هەڵوێستەکەیم پێ خۆشە".) من لە خانووەکە زۆر دەترسام، بۆیە هوو پارەکەم دڕاند. 

ئەو شەوە لە بارەگای لیواکەی سوسێ مامەوە، بەڵام یەک شت زۆر گرنگە دەمەوێت باسی بکەم: کە بردیانم بۆ بارەگای لیوا، فەرماندەى لیواکە وەستابوو لە گۆڕەپانەکە، منیان برد بۆ لای و پێیان وت کە من بەندم، ئەویش بانگی یەکێکی کرد قسەکانی منی بۆ بکات بە عەرەبی. من یەکسەر سکاڵام لە ئەمنەکە کرد، ئەویش لە دوو سەربازەکەی پرسی ئەو ئەمنە کێ بووە؟ وتیان: "ناوی فالحە". خێرا فەرمانی کرد کە فالح بێنن بۆ لای، بە جیهاز بە سەیتەرەکەیان وت کە فالح بێنن. فالحیان هێنا. فەرماندەی لیواکە لە منی پرسی: ئەمەیە کە جنێو و قسەی سووکی بە تۆ وتووە؟ وتم: "بەڵێ، خۆیەتی". فەرماندەکە یەک زللەی لێ دا یەکسەر کەوت، وابزانم بردیان بۆ زیندان. بە منی وت: "هیچ مەترسە، تۆ میوانی ئێمەیت".

منیان برد بۆ ژوورێک، ئەفسەرێک کە ناوی کەمال بوو، هات بۆ لام و زۆر بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ کردم. من نەمزانی کوردە، دواتر پاش چەند ساڵێک بەهۆی ڤینۆسی خێزانی شەهید خەبات کە هاوڕێ هاوسەرەکەی بوو، خۆی باسی کردبوو کە جارێک کچێک گیراوە و ئەو ئێشکگر بووە، زانیم کە کوردە. ئەو ئەفسەرە خواردن و رادیۆیەکی بۆ هێنام و وتی: "با لەلات بێت" و دەرگاکەی داخست بە  کلیل و لەژێر دەرگاکەوە کلیلەکەی خستە ژوورەوە و وتی: "بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کەس نایەت بەلاتدا". 
 
ئەو شەوەت چۆن گوزەراند، بارودۆخی دەروونیت چۆن بوو؟
شەوێکی دوورودرێژی زۆر ناخۆش بوو، هەتا بەیانی خەو نەچووە چاوم، کات نەدەڕۆیشت، کاتژمێرێک لە ژوورەکە هەڵواسرابوو، هەرچەندە خۆم دەخڵەفاند و دواتر سەیری کاتژمێرەکەم دەکردەوە، دەمبینی پێنج خولەکیش تێنەپەڕیوە. ئەو شەوە، ئەو کاتژمێرە بووبوو بە دوژمنی من، هەر چاوم لەسەری بوو. 
 
هەر لەوێ هێشتیتیانەوە، یان رەوانەى شوێنی دیکەیان کردیت بۆ لێکۆڵینەوە؟
کە رۆژ بووەوە، دەرگاکەیان دایە بەر شەق، ئەو رێزەی پێشتر نەمابوو، چەند کەسێک لەودیو دەرگاکەوە وەستابوون و داوای کلیلەکەیان کرد. منیش لەژێر دەرگاکەوە هەڵمدایە دەرەوە. دەرگاکەیان کردەوە و رایانکێشام بۆ دەرەوە، ئۆتۆمبێلێکی جێپ وەستابوو، خستمیانە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، هەرچەندە وتم: "دەمەوێت فەرماندەی لیوا ببینم"، وەڵامیان نەدامەوە. لە ئۆتۆمبێلەکەدا منیان لەدواوە دانا لە ناوەڕاستی دوو کەسی سەربازی و لەپێشیشەوە شۆفێرەکە و سەربازێکی دیکە بوون. ئەوانەی دواوە لەوە دەچوو کەسانی باش بن، یەکێکیان وتی: "دەتبەین بۆ بارەگای فیرقەی سلێمانی، لەوێش هەر وەکوو ئێرە بەهێزبە، لە کەس مەپاڕێرەوە و وریابە کە قسە دەکەیت." ئەوەی راستیی بێت، هەروەکوو لەگەڵ منیشی نەبێت وەها بوو، چونکە خۆم وەها دەرخستبوو کە نەخوێندەوارم و عەرەبی نازانم. هێنایانم بۆ فیرقەی سلێمانی، کە گەیشتینە ئەوێ کردمیانە ژوورێکەوە، بینیم کچێکی تریشی لێ بوو، دواتر تێگەیشتم کە کچەکە پەرستارە لە نەخۆشخانەی گشتیی سلێمانی و بە کۆمەڵێک دەرمانەوە گیراوە کە ویستویەتی بیهێنێتە دەرەوە. 

وتەیان لێ وەرگرتم، لە وتەکاندا ناوی خۆم نابوو شیرین و وتم: "بۆ جەژن چووم بۆ لای براکانم کە سەربازی هەڵهاتوون لە دێکانی نزیک بنگرد، لە گەڕانەوەدا نازانم بۆچی گرتوویانم؟" لەو ژوورە لەگەڵ ئەو کچە هەتا عەسرێکی درەنگ هێشتیانینەوە. تێدەگەیشتم کە دەیانوت فەرماندەی فیرقە لە دەرەوەی شارە لە ناوچەی هەڵەبجە، گوایە بە کۆپتەر چوون بۆ پشکنینی رەبایەکانی ئەو ناوچەیە و چاوەڕێی ئەون بێتەوە پەڕاوی وتەکانم واژوو بکات. من زۆر بێزار بووبووم لەو چاوەڕوانییە، وام دەزانی کە فەرماندەی فیرقە هاتەوە و واژووی کرد، بەر دەبم و وتەکانم تەواوە، ئاگام لەوە نییە کە حسێنی ئیبراهیم دەروێش کە ئەوکات یاریدەدەری پارێزگاری سلێمانی بوو، بۆ جەژنە پیرۆزە هاتووە بۆ فیرقە و کە بیستوویەتی کچێک لە سەیتەرەکەی سوسێ گیراوە و لە فیرقەیە، ئەو یەکسەر وتوویەتی کچێکی ئەندازیار لە ئیدارە محەلی رۆیشتووەتە دەرەوە و ئێستا (موخەڕیبە) بە زمانی ئەوان و لە پەنجەرەکەوە منیان نیشان داوە و کە منی بینیوە؛ وتوویەتی ئەوە (نەزیرە حارس)ە و پەڕاوى وتەکانى منی بینیبوو، وتبووی هەموو قسەکانی درۆیەر و ئەوە دیارە ناردوویانەتەوە بۆ ئیشی خۆیان. 

نازانم کاتەکە کەی بوو، لە دوای نیوەڕۆ دەچوو، کابرایەکی سەربازیی خۆی کرد بە ژووردا و سەیری من و کچەکەی تری کرد و وتی: "کامتان نەزیرەن؟" منیش هیچ خۆم تێک نەدا هەروەکوو لەگەڵ منیشی نەبێت، بەڵام ئەو سەیری منی کرد و وتی: "تۆ نەزیرەیت؟" وتم: "نەخێر، من ناوم شیرینە"، بەڵام ئەو وتی: "تۆ لەوە دەچێت نەزیرە بیت، ئێستا خوشکەکەت لە لای من بوو، لە تۆ دەچێت"، بەڵام من هەر وتم: "من نیم". ئیتر ئەو وتی: "کەواتە هیچ، من بۆ لای نەزیرە ناوێک هاتووم". وای وت و رۆیشت و لە ژوورەکە چووە دەرەوە. ئیتر من تێگەیشتم کە شتێک هەیە، دوای کەوتم وتم: "تۆ کاک فەریقیت؟" بەتووڕەییەوە وتی: "بۆ؟" وتم: "دەمەوێت بزانم، تۆ ناوت کاک فەریقە؟" وتی: "بەڵێ، من ناوم فەریقە". منیش وتم: "ئەگەر تۆ کاک فەریق بیت، منیش نەزیرەم". کەمێک سەیری کردم و وتی: "ئەی خوا بتکوژێت! ئەی بۆچی زوو قسە ناکەیت؟" ئەمەی وت و رۆیشت. 
 
کاک فەریق کێیە؟ چۆن دەتناسی؟
کاک فەریق؛ ئەو کەسە بوو کە دوای لێبووردنە گشتییەکەی مانگی تەمووزی 1982 کە هەواڵی نەمانی کاک سدیقی هاوسەری مونیرەی خوشکم بڵاو بووەوە، چونکە لەو لێبووردنەدا لە هەموو عیراقدا تەنها سێ کەس بەر نەبوون، ئەوانیش کاک سدیق و مامۆستا محەمەد و عومەری شەکرەکە بوون. لە دوای ئەوە مونیرەی خوشکم هیچ هێزی نەما بە سێ منداڵەوە بەرگە بگرێت، بەتایبەتی کچەکەی (ئاڤان) کە لە پۆلی یەکی سەرەتایی بوو و خوێندنەکەی فەوتابوو، بۆیە بڕیاری دا بگەڕێتەوە ناوشار، چونکە بڕیاری لێبووردنەکە ئەوی دەگرتەوە، بەڵام کە هاتبووەوە ناوشار، کەس نەیوێرابوو لەگەڵی بچێت بۆ دەزگای ئەمن خۆی تەسلیم بکاتەوە، ئیتر بەهۆی کاک شێرکۆی عەبدوڵڵا دەروێشەوە کە کاتی خۆی لەگەڵ ئەم کاک فەریقە لە کۆلێجی سەربازیی دەرچووبوون و دواتر کاک شێرکۆ بەهۆی شۆڕشی ساڵی 1974 کە چووبووە ریزی شۆڕشەوە تەسریح کرابوو، بەڵام لەگەڵ ئەم کاک فەریقە هەر پەیوەندییان مابوو. 
کاک فەریق خۆی کورد بوو، لە بنەڕەتدا هەورامی بوو، بەڵام هاوسەرەکەی عەرەبی خەڵکی بەغدا بوو، زۆر دەستڕۆیشتوو بوو، بیستبووم کە مونیرە بەهۆی فەریق ناوێکەوە خۆی تەسلیم بە ئەمن کردووەتەوە.
 
کاک فەریق هەڵوێستی چۆن بوو بەرانبەر بە تۆ؟
کاک فەریق پاش ماوەیەک گەڕایەوە و کۆمەڵێک پەڕاوی پێبوو لەگەڵیشیان وتەکانى من، وتی: "تۆ زۆر ساویلکەیت، وا دەزانیت هەروا بە ئاسانی بۆت دەچێتە سەر کە دەڵێیت من ناوم شیرینە، تۆ نازانیت حسێنی ئیبراهیم دەروێش بەسەر سەرتەوە وەستاوە و هەموو راستییەکان لەسەر تۆ دەزانێت و چووەتە لای فەرماندەی فیرقە و پێی وتووە کە ئەم کچە زۆر مەترسیدارە بۆ ژیانی من و نابێت بەری بدەن." کاک فەریق زۆر تووڕەبوو و دەیوت: "ئەم زۆڵە کوردانەن کە هەمیشە داردەستی بێگانەن". من حەپەسام کە گوێم لەو قسانە بوو، هەرگیز بڕوام نەدەکرد کابرایەک لەو ئاستەدا و لە شوێنێکی وادا ئاوا قسە بکات. 
کاک فەریق خۆی شتێکی نووسیبوو، بە منی وت: "ئەمە واژوو بکە". منیش پێش ئەوەی واژووی بکەم، ویستم بیخوێنمەوە، کە خوێندمەوە نووسرابوو: من پێشمەرگەم و ئێستا دەمەوێت خۆم رادەست بکەمەوە و پەشیمانم و داواکارم ئەو بڕیاری لێبووردنە گشتییە منیش بگرێتەوە. ئەوەی راستیی بێت، کە خوێندمەوە هەستێکی زۆر ناخۆشم لە لا دروست بوو کە بڵێم پەشیمانم و خۆم رادەست دەکەمەوە، بۆیە وتم: "ناتوانم واژووی بکەم"، بەڵام کاک فەریق وتی: "کاتی ئەوە نییە، هەتا زووە واژووی بکە باشترە تا حسێنی ئیبراهیم دەروێش بەتەواوەتی لێی تێک نەداوین". پاشان وتی: "وەرە لەگەڵم با بڕۆین"، بەڵام کابرای لێکۆڵەر کە لە ژوورەکەدا بوو، بە کاک فەریقی وت: "من زۆر رقم لەم کچەیە، چونکە منی خەڵەتاند، زۆر بەزەییم پێیدا دەهاتەوە، بەڵام هەر گومانێکیشم هەبوو، هەرچەندە ئەو هەموو رۆژنامە و شتانەمان دانابوو کە ژوورەکەمان بۆ چۆڵ دەکرد هەتا بزانین دەستی بۆ دەبات بیانخوێنێتەوە، هیچ کات دەستی بۆ نەبردن، بەڵام کە چاوی دەگێڕا بە ئایەتەکاندا کە هەڵواسرابوون، وەکوو خوێندەوار چاوی پێدا دەگێڕان." کاک فەریق منی برد بۆ ژوورەکەی و خۆی رۆیشت بۆ لای فەرماندەی فیرقە و پاش ماوەیەک هاتەوە و هەر قسەی بە حسێنی ئیبراهیم دەروێش دەوت، دەیوت: "ئەو کابرایە ئەمڕۆ ئێرە بەر نادات و واز ناهێنێت". لەم قسانەدا بوو کە حسێن خۆی کرد بەژووردا و بەرانبەر بە من دانیشت و هەر سەیری دەکردم. منیش بە هیچ جۆرێک سەیری ئەوم نەدەکرد، لەناوەوە هەموو لەشم دەلەزی، لەپڕ بە شێوەیەکی سەیر وتی: "نەزیرە حارس، ئەم هەموو درۆودەلەسەیە چییە دەیکەیت؟" بەڵام کاک فەریق وتی: "ببوورە کاک حسێن، نەزیرە لە ژووری مندایە، ئێستا میوانی منە، تۆت بۆت نییە لێرە قسەی پێ بڵێیت." حسێن ویستی قسە بکات و کاک فەریق نەیهێشت، بۆیە بەتووڕەییەوە هەستا و چووە دەرەوە. 

ئەوەندەی پێنەچوو کە فەرماندەی فیرقە ناردی بەشوێن کاک فەریقدا و ئەویش رۆیشت بۆ لای، زۆری پێنەچوو هاتەوە، بەڵام زۆر پەست بوو، وتی: "فەرماندەی فیرقە دەڵێت ئەم پیاوە هەر واز ناهێنێت و سوورە لەسەر هێشتنەوەی تۆ و داوای کەفالەت دەکات و دەیەوێت رەوانەی بەندیخانەت بکات بۆ ماوەیەک." ئیتر من ئەژنۆم شکا. هەروەها وتی: "فەرماندەی فیرقە دەیەوێت خۆت ببینێت". لەگەڵ کاک فەریق چووین بۆ لای فەرماندە فیرقە، پیاوێکی ئەسمەری زۆر کەتە و زل، چاکەت و پانتۆڵی خۆڵەمێشیی لەبەردا بوو، تەوقەی لەگەڵ کردم و وتی: "ئێمە ئەم پیاوەمان زۆر خۆش دەوێت، هەرگیز داوای هیچی لێ نەکردووین، بۆیە ئێستا قسەی ئەو ناشکێنین". 
 
فەرماندەى فیرقە پرسیاری لێ نەکردیت کە بۆچی چوویتە دەرەوە و بۆچی گەڕاویتەوە؟
پرسیاری لێ کردم کە بۆچی من وازم لە ئیش هێناوە و چوومەتە دەرەوە؟ منیش وتم: "لەبەر ئەوەی براکانم سەربازی هەڵهاتوو بوون و منیش هەر خۆم و دایکم بووین، بۆیە نەمانوێراوە لە شار دانیشین و ترساوین بمانگرن." بەڵام ئەو قسەیەکی زۆر سەیری کرد، وتی: "دیارە لە ترسی ملازم موحسین راتان کردووە! ئەی بۆچی خەڵکی ئەم شارە نایەن بۆ لای ئێمە پێمان بڵێن کە ملازم موحسین وا بە خەڵکی ئەم شارە دەکات، خۆ ئەم شارە هەر ئەوی تێدا نییە، ئێمەش لێرەین، با خەڵک بێن لای ئێمە سکاڵای خۆیان لە ملازم موحسین بکەن." 
 
دواى ئەوە چی روویدا؟
بەیانیی رۆژی دواتر، رەوانەی بەندیخانەى سەرەوەیان کردم وەکوو راگیراو و دواتر داوای سپاردەی بیست هەزار دیناریان کرد. کاک جەباری حاجی سەعیدی کونجرینی بوو بە کەفیلم. دەبوایە هەموو پێنجشەممەیەک کاک جەبار منی ببردایە لەگەڵ خۆی بۆ ئیسپات وجود، بەڵام کاک جەبار نازانم چۆن رێکی خستبوو، هەر خۆی دەچوو و منی نەدەبرد لەگەڵ خۆی.

 ئەو هەڵوێستەی کاک جەبار زۆر مەردانە بوو. دەیوت: "من پارەی ئەوەم نییە بیست هەزار دینار بدەم، بەڵام دەتوانم هەر کاتێک کە تۆ رۆیشتیتەوە بۆ دەرەوە، منیش بێم". هەمیشە دەیوت: "هەرگیز سڵ نەکەیتەوە لەوەی کە من کەفیلتم، ئەگەر پێویستی کرد بڕۆیت؛ ئەوا منیش بە خۆم و ماڵ و منداڵەوە دێم." کاک جەبار خۆیشی لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و خاوەن هەڵوێست بوو، بەڵام زۆر قورس بوو کە سەر لە خۆی و خێزانەکەی بشێوێت لەبەر من. 
دوای پەیوەندی کردن بە ناوەندی کۆمەڵەوە لە رێگەی مامۆستا حەمە عەلی برامەوە، لەناوەندەوە  بڕیاریان دا کە من هەر لە شار بمێنمەوە و نەچمەوە دەرەوە.
 
ئەم رووداوانە کاریگەرییان چی بوو لەسەرت؟ ئەو ماوەیە لەکوێ دەژیایت و بژێویت چۆن پەیدا دەکرد؟
تا ماوەیەک، باری دەروونیم زۆر تێکچووبوو، وام لێ هاتبوو لە دەنگی پێڵاو دەترسام، شەو خەوم لێ نەدەکەوت. دوای ماوەی راگیرانەکەم، چووم بۆ هەڵەبجە بۆ لای سروەی کچی پورم کە لەوێ مامۆستا بوو. من کە زانکۆم تەواو کرد، دەبوایە سپاردەی پێنج هەزار دینارمان بدایە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە کەرتی حکومی ئیش بکەین، ئەمە بۆ کۆلێجی ئەندازیاری وابوو. کەفیلی من، مامۆستا حەسەن حسێن بوو، هەر بۆیە پاش ماوەیەک بانگیان کرد کە ئەگەر من نەگەڕێمەوە بۆ دەوام، دەبێت ئەو دەست بکات بە پێدانی ئەو پارەیە. ئەمە منی ناچار کرد کە بگەڕێمەوە بۆ دەوامەکەى خۆم. 
 
دواى گەڕانەوەت بۆ کارەکەت، لێپرسراوان و فەرمانبەران هەڵوێستیان چۆن بوو بەرانبەرت؟
ئەوکات کاک جەلال عومەر سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی بوو لە ئیدارە محەلی و پیاوێکی زۆر باش بوو، خۆی هات بۆ لام پێی وتم کە دەبێت بگەڕێمەوە بۆ دەوام و وتی: "خۆم قسەم لەگەڵ شێخ جەعفەر (پارێزگاری سلێمانی) کردووە، دەیەوێت بتبینێت." هەرچۆنێکبوو بە ترس و لەرزەوە چوومەوە بۆ دەوام، تووشی سەرسووڕمان بووم کە هەندێک لەو کەسانەی کە پێشتر پەیوەندیم پێیانەوە هەبوو یان لە ژوورێکدا بووین، زۆر سارد بوون و نەیاندەوێرا لێم نزیک ببنەوە، یان وتبوویان: "ئەگەر دەمانزانی نەزیرە ئەمە بووە، هەرگیز قسەشمان لەگەڵ نەدەکرد". 

لەگەڵ کاک جەلال چووین بۆ لای پارێزگار کە ئەوکات هەر لە ئیدارە محەلی دەوامی دەکرد، زۆر بە رێزەوە پێشوازیی لێ کردم و هەتا نیوەی ژوورەکە هات بەرەو روومان. کە دانیشتین، لە قسەکانیدا پرسی: لەکوێ بوویت؟ منیش وتم: "لە ناوچەی شارباژێڕ". وتی: "لەکوێی شارباژێڕ؟" وتم: "لە دێهاتەکانی شارباژێڕ"، بەڵام ئەو وتی: "ناوی دێهاتەکانم پێ بڵێ، من بست بە بستی ئەو ناوچەیە شارەزام، چونکە منیش وەکوو تۆ رۆژیک لە رۆژان نیشتمانپەروەر بووم و بە پێشمەرگایەتی هەمووی گەڕاوم، خۆ وەکوو ئێستا مورتەزەقە نەبووم، ئێستاش خۆزگە بەو کاتە دەخوازم." ئەم قسانەی شێخ جەعفەر، بۆ من جێی سەرسووڕمان بوو کە کابرایەکی وەکوو ئەو بە خۆی بڵێ مورتەزەقە. 

لە کاتی دەوامکردنم، تاکە کابوسی من؛ حسێنی ئیبراهیم دەروێش بوو، زۆر لێی دەترسام، وام هەست دەکرد هەر بەدوامەوەیە، بۆیە داوام لە کاک جەلال کرد کە ئیشی دەرەوەی شارم پێ بسپێرێ بۆ ئەوەی هەر لەسەر ئیش بم و کەمتر بکەومە ناو فەرمانگە. کاک جەلال زۆر یارمەتیی دەدام، هەتا ئەوەى کە پێم وت: "ئەگەر ئەمن هات بۆم بۆ دەوام، پێم بڵێ". وتی: "خەمت نەبێت، هەتا من بتوانم ئاگام لێت دەبێت". 

ئەوەی کە زۆر مەبەستمە بیڵێم، ئەوەیە کە جگە لە چەند کەسێک، زۆربەی هەرە زۆری ئەندازیارەکان و فەرمانبەرەکان زۆر یارمەتییان دەدام و رێزیان لێ دەگرتم، بەڵام من خۆم زۆر بەئاگاییەوە هەڵسوکەوتم دەکرد، دەبوایە کارێک بکەم کە ئەگەر هاتوو شتێک رووی دا، نەهێڵم هیچ کەس تێوەبگلێت بە منەوە، لەبەر ئەوە زۆربەی کاتەکەنم بەتەنهایی بەسەردەبرد یان لەناو فەرمانگە دوور دەکەوتمەوە و دەچووم بۆ دەرەوەی شار بۆ سەر ئیش. 
 
سەبارەت بە ماڵەکەتان چی؟
ئێمە ماڵمان نەبوو، هەر رۆژە و لە شوێنێک بووین، چونکە ئەو ماڵەی کە پێشتر تێیدا بووین، خانووی خۆمان نەبوو، بە کرێ گرتبوومان، کە چووینە دەرەوە، هەموو شتەکانمان دەستی بەسەردا گیرابوو لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە و خاوەن ماڵەکە خانووەکەی دابووەوە بە کرێ. ئیتر خانووەیەکی بچووکمان گرت بە کرێ بۆ من و دایکم و ئەمیری برازام.
 
ئەمیری برازات بۆ لەگەڵ ئێوە دەژیا؟
 ئەمیری برازام، هەر لە منداڵییەوە لە ماڵی ئێمە دەژیا، چونکە دایکی و باوکی لەیەک جیابووبوونەوە. 
لە دوای بەربونی من ئەمیر چوبوو بۆ ماڵی باوکی کە لە کەرکوک بوو، بۆ سەردان ژنەکەی باوکی هەر کە بینیبووی پەلاماری دابوو، کەوتبووە قسەی سووک بە من، پێی وتبوو: "کچەکەتان کە شانازیتان پێوە دەکرد، برا بۆ ئەمن، ئیتر شانازیی بە کێوە دەکەن؟ ئەگەر کچی ئێمە بوایە دەمانکوشت، ئیتر ئێوە دەبێت لە رووتان نەیەت سەیری خەڵک بکەن." هەرچی قسەی سووک هەیە کردبووی. ئەمیریش پەلاماری دابوو و لێی دابوو، هەموو دەموچاوی شین کردبووەوە، براکەی (بەختیار)، کە لەو کاتەدا لە ماڵ بوو، هیچی نەکردبوو هەر لەیەکی کردبوونەوە. ئەمیر یەکسەر گەڕابووەوە بۆ سلێمانی و وتی: "شتێکی وەها رووی داوە، ئاگادار بن". 

بۆ رۆژی دواتر دوای نیوەڕۆ، بەختیاری برای ئەمیر لە کەرکوکەوە هات بۆ ماڵی ئێمە و وتی: "راسپاردەیەکم هەیە بۆتان، باوکم بۆی ناردوون". راسپاردەکە نامەیەکی داخراو بوو. وتی: "کە من رۆیشتم ئینجا بیکەنەوە". نامەکەی دایە دەستی دایکم و وتی: "باوکم دەڵێت کەس پەیوەندیم پێوە نەکات لەو بارەیەوە". ئێمە هیچ تێنەگەیشتین، کە رۆیشت، سەیرمان کرد نامەکە نووسراوێکی دادنووس بوو، باوکی ئەمیر لە بەردەمی دادوەر و دادنووس حاشای لە هەموومان کردبوو، بەتایبەتی ئەمیری کوڕی و بێبەریی کردبوو لە هەرچی هەیەتی، نووسرابوو (بە هەموو ئاگاییەکی خۆیەوە لەبەردەمی دادوەردا حاشا لە کوڕەکەی دەکات و بێبەریی دەکات لە هەرچی پارە و ماڵێکی گواستراوە و نەگواستراوە هەیە لە دوای مردنی خۆی). ئێمە تاساین، نەماندەزانی چی بکەین. نامەکەمان پیشانی چەند پارێزەرێک دا و وتیان: "هیچ شتێک ناکرێت لە لایەنی یاساییەوە".  ئەم رووداوە، کارێکی وەهای کرد کە من ئەو برایەم نەبینییەوە هەتا مرد. هەرچەندە دایکم پێش ئەو مرد، بەڵام ئەویش نەهات بۆ پرسەکەی دایکم و بەیەکجاری لە یەکتر دابڕاین.
 
ئەوەبوو لەو ماوەیەدا گفتوگۆی یەکێتی و حکومەتی عیراق دەستی پێ کرد کە قۆناغێکی جیاواز بوو، کاریگەرییەکانى ئەو قۆناغە چی بوو لەسەر ژیانتان؟
کۆتایی ساڵی 1983، گفتوگۆ لەنێوان یەکێتیی نیشتمانی و حکومەتی عیراق دەستی پێ کرد، ئەوەش قۆناغێکی تر بوو لە ژیانی من، چونکە ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەم نەما و شادبوومەوە بە هەموو هاوڕێ و دۆستانی ناوزەنگ. 

ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ تێپەڕی، من لە دۆخێکی دەروونیی زۆر خراپدا بووم بەهۆی مردنی دایکمەوە، هێشتا نەحەسابووینەوە کە دایکم نەخۆش کەوت و دەبوایە لە بەغدا چارەسەری بۆ بکرایە. کەوتینە هاتوچۆی بەغدا، چارەسەری دایکم نزیکەی سێ مانگی خایاند. لەبیرمە جارێکیان من و شلێری هاوڕێم )شلێر کچێکی ئەندازیار بوو لە ئیدارە محەلی)، هەردووکمان داوای مۆڵەتمان کرد، دایکمان دەبرد بۆ بەغدا. هەموو جارێک کە دەچووین، لە ماڵی باپیری شلێر دەماینەوە. کاتێک من و شلێر داواکاری مۆڵەتەکەمان بردە بەردەمی یاریدەدەری پارێزگار، بە ئاسانی رەزامەندیی کرد بۆ شلێر، بەڵام بۆ من پێی وتم: "متمانەمان بە تۆ نییە مۆڵەتی هەفتەیەکت بۆ بکەین، چونکە ئێمە نازانین تۆ لەو هەفتەیەدا بۆ کوێ دەچیت." چەند هەوڵم دا و وتم: "دایکم زۆر نەخۆشە و پێویستی بە منە"، بەڵام هەر رازیی نەبوو. دۆخێکی زۆر ناخۆش بوو، دایکی من نەخۆش بوو، بەڵام نەیانهێشت من بڕۆم و هاوڕێکەم لەگەڵی رۆیشت.
لە دوای مردنی دایکم و بەو بارە دەروونییەوە، وەکوو وتم سێ ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر گرتن و بەربوونی مندا. ئێوارەیەک بە ماندوویی لە ئیش دەهاتمەوە، دەبینیم ئەو دیارییەی پێش سێ ساڵ و بە زۆری زۆرداری کەسوکاری من کڕیبوویان بۆ کاک فەریق (دیارییەکە فەرشێک بوو، کاک فەریق بە هیچ جۆرێک وەرینەدەگرت و هەر بە زۆر کە بۆیان بردبوو لە ماڵەکەیان بەجێیان هێشتبوو)، فڕێدرابووە حەوشەی ماڵی ئێمە و لەگەڵ کۆمەڵێک قسەی ناخۆش و هەڕەشە کە کاک فەریق کردبوونی و سەبری خانی دایکی کاک شێرکۆش هاتبوو بۆ ماڵی ئێمە، قسەکانی کاک فەریق کە وتبووی: "هەموویان دەگرم" و  لەگەڵ گلەییەکی زۆری کاک شێرکۆشمان پێ گەیشت. زۆر ناخۆش بوو کە ئەمەم بینی، مێشکم جام بوو، نەمدەزانی چی بکەم و چی بڵێم! هەر ئەو شەوە کۆمەڵێک پیاوی خزممان بانگ کرد و چووین بۆ ماڵی کاک فەریق لە گەڕەکی چوارباخ لە لای ئامادەیی کوڕانەوە کە لە خانووە سەربازییەکاندا بوون. کە چووین، کاک فەریق وتی: "با نەیەنە ژوورەوە و نامەوێت بیانبینم". بەڵام ئێمە ئەوەندە مەوقیفمان لاواز بوو، هەر وەستاین و بەو کەسەی کە دەرگاکەی کردەوە وتمان: "ناڕۆین هەتا نەیبینین". هەرچۆنێکبوو چووینە ژوورەوە، هەر کە ئێمەی بینی وتی: "من پیاوەتیم کرد لەگەڵ ئێوە یان ناپیاوی؟ ئەمە پاداشتی ئەوەیە کە من کچێکم لە هەرچی شتی ناخۆش و هەتا لە مردنیش رزگار کرد، کەچی ئێوە سووکایەتیتان بە ژنەکەی من کردووە و لە قوتابخانە کێشەتان بۆ دروست کردووە".

ژنەکەی مامۆستا بوو لە قوتابخانەیەکی عەرەبی، ئەو قوتابخانەیە تایبەت بوو بە زمانی عەرەبی و زۆربەی منداڵانی عەرەب و کاربەدەستە حکومی و بەعسییەکان لەوێ بوون. خوشکی ژنی ئەمیری برازای منیش بەناوی (شوکریە) کە لە (اتحاد نساء) بوو، مێردەکەی ناوی حەمە نوری بوو، خەڵکی خانەقین بوو، ئەفسەری ئەمنی فەرمانگەى تەندروستی سلێمانی بوو. ئەم ژنە، لەگەڵ ژنەکەی کاک فەریق دەبێت بە ناخۆشییان لەسەر خشتە و ژمارەی وانەکان. لە ژووری مامۆستاکان لەبەر چاوی بەڕێوەبەر و مامۆستاکان، بە ژنەکەی کاک فەریق دەڵێت: "مێردەکەت خەڵک دەگرێت و دوایی بە دیاری و بەرتیل بەری دەدات". روو دەکاتە مامۆستاکان و دەڵێت: "من بە ناو پێتان دەڵێم مێردی ئەم ژنە چەند کەسی گرتووە و هەر خۆشی بەری داوە، یەکێک لەوانە نەزیرە حارسە". تەنانەت ناوی دیارییەکەشیان پێ دەڵێت. ئیتر ژنەکە بە گریان دێتەوە بۆ ماڵەوە و دواتر دیارییەکەیان هێنایەوە بۆ ماڵی ئێمە و فڕێیان دابووە حەوشەکەمانەوە. 
لە دوای ئەمە، دیوێکی تری ناخۆشییەکان لەناو خێزانی ئێمەدا دروست بوو؛ ئەو ئەمیرەی کە لەسەر من باوکی حاشای لێ کردبوو، ئەویش بوو بە دوژمنی من، چونکە هیچ هەڵوێستێکی نەبوو بەرانبەر بە خوشکی ژنەکەی. ژنەکەی لەگەڵ مامۆستا شوکریەی خوشکی هەرچی قسەی ناخۆش و ناشرین هەیە لەملا و ئەولا بە منیان دەوت و لەیەک دابڕاین، چونکە ئەم کێشەیە لە قوتابخانەکە زۆر گەورە بووبوو، گەیشتە ئەوەی لیژنە دروست بکرێت و دواتر مامۆستا شوکریە سزا درابوو. 

ئێمە دەبوایە بە هەر جۆرێک بێت دڵنەوایی کاک فەیق و ژنەکەی بکەین، چونکە من بە ژیانم قەرزاری ئەوان بووم، لە لایەکی تریشەوە دەترساین لە دەستی بێت شتێکی خراپ بکات بەرامبەر بە ئەمیر یان هەر کەسێکی تر لە خێزانەکەمان. من پێشتر جۆرە پەیوەندییەکم دروست کردبوو لەگەڵ ژنەکەی کاک فەریق، چونکە ئەو ژنێکی زۆر باش بوو، لە سلێمانی کەسی نەدەناسی و ئەویش پێویستی بە هاوڕێیەک هەبوو، بەڵام لەدوای ئەم رووداوە، ئیتر لە رووم نەدەهات بە هیچ جۆرێک خۆمیان پیشان بدەم.

لە راپەرینی ساڵی 1991یش، لەگەڵ محەمەد (هاوسەرەکەم) گەڕاین بەدوای ماڵی کاک فەریقدا و ماڵەکەیمان دۆزییەوە کە لە گەڕەکی (دور الامن) بوو. چووین بۆ لای ژنەکەی، بینیمان لە دۆخێکی خراپدا بوو و زۆر دەترسا. کاک فەریق لە موسڵ بوو، زۆر دڵنەوایی ژنەکەیمان کرد و دڵنیامان کرد کە ئاگامان لێی دەبێت. دوای پەیوەندیکردن بە شوێنی پەیوەندیدارەوە، ژنەکە توانیی بەدڵنیایی لە ماڵی خۆی دانبیشێت و نامەیەکیشمان وەرگرت بۆ کاک فەریق تا لە ناوچەی موسڵ کەس دەستدرێژیی نەکاتە سەر.
 
ئێستا تێڕوانینت چییە بۆ ئەو قۆناغەی خەباتی نهێنیی شار و سەردەمی شاخ؟
 من ئێستاش بەو بایە دەژیم کە لەو شوێنەوە دێت، سەرەڕای هەموو شتێک، ئەو سەردەمە بە قوتابخانەیەک دەزانم فێری زۆر شت بووم کە هەرگیز لە خەباتی شاردا فێری نەدەبووم. ئیشی رێکخستنی نهێنی، بە تیۆریی زۆر جیاوازە لە پراکتیکی، تێکەڵبوون بە هەموو ئەو کەسانەی کە لە سەرکردایەتی بوون و هەڵسوکەوت و پەیوەندیی بەردەوام بە هەموو بەرپرسەکانەوە و هەموو ئەوانی تر، زۆر جیاواز بوو لەوەی کە لە دوورەوە ناومان دەبیستن، هەرچەندە من خۆم زۆریانم لە نزیکەوە دەناسی بەهۆی ئەوەی کە دەهاتنە ناوشار و دەهاتنە ماڵی ئێمە بۆ خۆشاردنەوە. 

ئێستا ئەوەی کە جێی داخ و سەرسووڕمانە، ئەوەیە کە ئێمە بە خەیاڵ بەتەمای ئەوە بووین کە گەیشتین بە ئامانج و ئازادیی بەدی هات، هەموو کۆمەڵ لە سایەی ئەو ئازادییەدا سوودمەند دەبێت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەدی دێت، شەهیدەکان رۆحیان ئاسوودە دەبێت و لە کۆتاییدا مرۆڤەکان دەبن بە ئامانج و هەموو خەباتی رێکخستن و پێشمەرگایەتی و زیندانیی، رێگە دەبن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. 

بەداخەوە، ئێستا بەهاکان تێک چوون، جیاوازیی نەماوە لەنێوان خەباتگێڕ و خیانەتکار، لەنێوان کەسانی دڵسۆز و کەسانی خواردەلەمیش، پێوەرەکان گوڕاون. لە لایەکی تریشەوە، ئەو چەند کچەی کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، کەس ناویان ناهێنێت و هیچ کەس و لایەنێک بەخۆشمانەوە، هەوڵی ئەوەمان نەداوە مێژووەکەمان ئەرشیف بکەین. 
ئێستا نزیکەی زیاتر لە 10 هەزار ژن مووچە وەردەگرن بە ناوی خەباتی ژنی شاخەوە. 
 
 
ئەى بە بۆچوونی تۆ، تێڕوانینی کۆمەڵگە چۆن بوو بۆ ئەو ژنانەى کە بەشداربوون لە کارى سیاسی و رێکخستنەکان و خەباتى شاخدا لەو سەردەمەدا؟
هەروەکوو پێشتریش باسم کرد، تێڕوانینی کۆمەڵایەتی، دەتوانم بڵێم دوو جۆر بوو؛ یەکێکیان کە زۆرینە بوون، زۆر بە چاوی رێزەوە دەیانڕوانییە ئەو هەڵوێستە و هێزیان دەبەخشی بە ئێمە. ئەوی تریشیان کە کەمینە بوون، وەکوو کچی بەرەڵا و بێکەس ناویان دەهێناین و هەمیشە و ئێستاشی لەسەر بێت، نایانەوێت و بۆیان گرنگ نییە کێ خەباتی کردووە و چۆن کردوویەتی، چونکە زۆر بە ئاسانی و بەهۆی رێگەی تایبەتی خۆیانەوە، هەرچییەک ویستیان کردیان و پێی گەیشتن. ئێستا گرنگ نییە کێ دڵسۆزە، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە كێ خۆی دەباتە پێشەوە.
بۆ نموونە؛ ئەو کاتەی کە من و محەمەد دەزگیران بووین، بە محەمەدیان وتبوو: "تۆ چۆن هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک دەکەیت کە پێشمەرگە بووە، دیارە کچێکی بێ کەسە، خۆ ئەگەر کەسی هەبوایە؛ ئەوا نەدەچووە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی."
 
وەک پێشتر باست کرد، کاک سدیق و مامۆستا محەمەد و کاک عومەر، لێبووردنە گشتییەکەى ساڵی 1982 نەیگرتنەوە و ئازاد نەکران، ئەى چارەنووسیان بە چی گەیشت؟
وەکوو پێشتر باسم کرد، لە لێبووردنە گشتییەکەی تەمووزی ١٩٨٢ کە هەموو گیراوەکانی عیراق و کوردستان بەربوون و کەس لە زیندان نەما، تەنها کاک سدیق و مامۆستا محەمەد و کاک عومەری شەکرەکە نەبێت بەر نەبوون و بێسەروشوێن کران، وەها لێک دەدرایەوە کە ئەم سێ کەسە نەماون. ئەوانەی کە بەربووبوون، دەیانوت: "لە شەوی راگەیاندنی لێبووردنەکە، ئەم سێ کەسەیان جیا کردووەتەوە پێش ئەوەی هەواڵی لێبووردنەکە رابگەیەنن." هەروەها دەیانوت: "دوای ئەوەی ئەم سێ کەسە براونەتە دەرەوە، گوێیان لە دەنگی دەستڕێژی گوللە بووە و کوشتوویانن." (ئێمە خۆمان ئەو کاتە لە دەرەوە بووین و ئەم هەواڵانەمان دەبیست).

رۆژێک دوای ئەوەی کە من دەوامم دەست پێ کردبووەوە لە ئیدارە محەلی، کچێک وتی کە دایکی و پوری رۆژی هەینی چوون بۆ سەردانی مێردی پوری لە بەندیخانەی سەرەوە (مێردی پوری لەسەر ئەوەی شتی بە گران فرۆشتبوو، گیرابوو)، لەوێ بیستوویانە کە سێ بەندکراوی تازەیان هێناوە بۆ بەندیخانەی سەرەوە، بەڵام بە جیا لە ژوورێکی تایبەت دانراون و کەس نایانبینێت بە جۆرێک کە ئەگەر ئەو سێ کەسە ببەن بۆ تەوالێت و شتی وا؛ ئەوا هەموو بەندکراوەکانی تر دەکرێنە ژوورەوە تا کەس نەیانبینێت. من یەکسەر بیرم بۆ کاک سدیق و دوو هاوڕێکەی چوو.

هەر لەو کاتەدا، ئیدارە محەلی بینای بەندیخانەکەی نۆژەن دەکردەوە، کاک حەمید کۆیی، ئەندازیاری سەرپەرشتیار بوو، چووم بۆ لای پێم وت: "دەنگۆیەک هەیە گوایە سێ کەسی تایبەت لە بەندیخانەی سەرەوەن" لێم پرسی ئاخۆ دەتوانێت لەگەڵ خۆی بمبات بەناوی ئیشەوە؟ کاک حەمید یەکسەر وتی: "وەرە با ئێستا بچین". من و کاک حەمید رۆیشتین بۆ بەندیخانەی سەرەوە و چووینە ژووری بەڕێوەبەر (عەقید/ کازم)، کابرایەکی خانەقینی بوو، بە کوردییەکی خراپ قسەی دەکرد. کاک حەمید پێی وت: "ئەم کچە ئەندازیارە و هاتووە بۆ سەیری ئیشەکە". ئیتر من فرسەتم هێنا لێم پرسی: دەڵێن سێ بەندکراوی تازە لە لای ئێوەن؟ عەقید کازم یەکسەر وتی: "بەڵێ، لە دادگاى شۆڕش (محکمة ثورة)وە نێردراون بۆ لای ئێمە، بە بڕیاری لێبووردنە گشتییەکەی ساڵی ١٩٨٢ بەخشراون، بەڵام ئەمنی سلێمان تەداخولی کردووە و ناهێڵێت بەریان بدەین، تەنانەت ناهێڵن سەرپەرشتیشیان بکەین، خۆیان سەپەرشتیی خواردن و هەموو شتێکیان دەکەن و بڕوایان بە ئێمە نییە و دەیانەوێت بیانبەنەوە بۆ ئەمن." من لێم پرسی: دەتوانی ناوەکانیانم پێ بڵێیت؟ ئەویش بەبێ ئەوەی بڵێ ئێوە بۆچی دەپرسن، یەکسەر چەکمەجەیەکی کردەوە و و کاغەزێکی دەرهێنا و ناوەکانی هەرسێکیانی خوێندەوە: شێخ سدیق، مامۆستا محەمەد، عومەری شەکرەکە. 
بە زۆر دانم بە خۆمدا گرت بۆ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکم نەبێت، هەرچەندە ئەو هەواڵە وەکوو ئەوە وابوو بڵێن: کەسێکی مردوو، زیندوو بووەتەوە. 
رۆژی دواتر، هەرسێکیان بردبوونەوە بۆ ئەمنی سلێمانی و تا نزیکەی سێ مانگ بێسەروشوێن لەوێ مانەوە.

رۆژێک لەسەر ئیشەوە گەڕامەوە بۆ ناو فەرمانگە، کچەکانی ژوورەکەم پێیان وتم کە بەیان (دەزگیرانی ئەمیر) تەلەفۆنی بۆ کردووم و وتوویەتی ئیشێکی زۆر گرنگم پێیەتی. (ماڵی بەیان لە گەڕەکە کۆنەکەی خۆمان بوو کە پێش چوونە دەرەوەمان لێی بووین) منیش یەکسەر تەلەفۆنم کردەوە بۆ بەیان، بەڵام چی! زۆر سەیر بوو کە بەیان وتی: "کاک سدیق بەر بووە و ئەوەتا لە ماڵی ئێمەیە".
 
کاک سدیقیان بەردابوو، ئەویش یەکسەر لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانییەوە سواری تاکسییەک بووبوو و چووبوو بۆ ماڵە کۆنەکەی ئێمە. بە شۆفێری تاکسییەکەی وتبوو: "پارەم پێ نییە، کە دابەزیم لەو شوێنەی بۆی دەچم، پارەیان لێ وەردەگرم بۆت". بەڵام شۆفێرەکە زانیبووی لە زیندان بەربووە، وتبووی: "پارەت لێ وەرناگرم و ئەگەر پێویستت پێیەتی، پارەی تریشت دەدەمێ". چووبوو لە دەرگای ئەو ماڵەی دابوو، ژنێک دەرگاکەی کردبووەوە و کاک سدیق وتبووی ئەمە ماڵی خەزووری منە. ئەویش پێی وتبوو ئەو ماڵەی تۆ باسی دەکەیت، سێ ساڵ زیاترە لێرە نەماون، بەڵام کچی ئەو ماڵە دەزگیرانی کوڕەکەیانە و کاک سدیقی بردبوو بۆ ماڵی بەیان. 

دوای تەلەفۆنەکەی بەیان یەکسەر چووم بۆ ماڵیان و کاک سدیقم بینی، لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوو هەرچەندە ماڵی بەیان زۆر خزمەتیان کردبوو، نانیشی خواردبوو و خۆشی شۆردبوو، بەڵام دۆخی زۆر خراپ بوو، هەموو دەموچاوی برین بوو، پشتی کۆمابووەوە و قژی بەتەواوەتی سپی بووبوو. 
پاش چەند رۆژێک، کاک بەختیار (مەلا بەختیار) لە درەنگانێکی شەودا هات بۆ لای کاک سدیق. وابزانم سەردانەکەی ئەوەندەی بۆ ئەوە بوو کە دەست بکات بە ئیش لەگەڵیدا، ئەوەندە بۆ سەردانیکردنی خۆی نەبوو.

دوای شەهیدبوونی عەبدولڕەزاق (وریای وەستا وەهاب)، جارێکی تر کاک بەختیارمان بینییەوە لە چنگیان. ناردی بە شوێنماندا، من و کاکە عەلی برام و کاک سدیق چووین بۆ لای لەسەر داوای خۆی. لە قسەکردندا کاک بەختیار وتی: "ئەمانە (سەرکردایەتی یەکێتی)، هەتا ئێستا گورگ بوون لە پێستی مەڕدا، بەڵام بە کوشتنی وریا، ئێستا پێستی مەڕەکە نەماوە و داماڵراوە و گورگەکە بە رووتی بە دەرەوەیە." بینینەکە بۆ ئەوە بوو کە پەیوەندی بکەین بە ئاڵای شۆڕشەوە، بەڵام ئێمە نەمانتوانی ئەوە بکەین.
 
پاش ئەو رووداو و بەسەرهاتانە، مەیلی ئەوەت نەبوو پەیوەندیی بە شۆڕشەوە بکەیتەوە و بچیتەوە دەرەوە؟
کە گفتوگۆی نێوان یەکێتی و حکومەتی عیراق تێک چوو، من زۆر حەزم دەکرد جارێکی تر پەیوەندی بکەمەوە بە شۆڕشەوە و بچمەوە دەرەوە، بەتایبەتی کە لەو ماوەیەی گفتوگۆکەدا زۆرێک لە برادەرانی پێشمەرگایەتیم بینییەوە و زۆر مەیلم تازە بووەوە، لە لایەکی تریشەوە دیسان مەترسیمان بۆ دروست بووبووەوە بەوەی کە لە کاتی گفتوگۆکەدا زۆر خەڵکمان بینی و هاتوچۆمان کرد و هاتوچۆیان کردین، بەڵام بەداخەوە، هێندەی نەبرد کە دایکم نەخۆش کەوت. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە هەموو مامۆستایانی شاری سلێمانی و دەوروبەریان برد بۆ مەشقی سوپاى میللی (جەیشی شەعبی)، بەڵام لەناو هەموویاندا تەنها هەشت کەس نەچوون بۆ ئەو مەشقە کە یەکێکیان مامۆستا حەمەعەلی برام بوو کە بەو هۆیەوە جارێکی تر وازی لە دەوام ‌هێنایەوە و کەوتەوە خۆشاردنەوە، بۆیە نەدەکرا کە منیش دایکم بەجێبهێڵم، چونکە نەخۆشییەکەی دایکم لە بەغدا چارەسەر دەکرا. ئیتر دایکمان برد بۆ بەغدا بۆ چارەسەر، ماوەیەک لەوێ ماینەوە و دواتریش دەبوایە مانگی جارێک بیبەینەوە بۆ بەغدا. ئەمە نزیکەی شەش حەوت مانگێکی خایاند و لە دواییشدا دایکم کۆچی دوایی کرد و رەنج بەخەسار چووین.
 
مردنی دایک، یەکێکە لە ناخۆشترین ساتەکانى هەر مرۆڤێک، بەتایبەتی ئەو کەسانەى کە هەر لە منداڵییەوە باوکیان نەماوە و دایکیان بەتەنها بەخێوکردن و پەروەردەکردنی لە ئەستۆ گرتوون، ئەم حاڵەتە بۆ تۆ چۆن گوزەرا؟
دوای مردنی دایکم، باری دەروونیم زۆر تێک چوو، چونکە زۆر کاری تێ کردم، هەتا ماوەیەک نەمتوانی دەوام بکەم و  بۆ چەند مانگێک هەر لە ماڵەوە بووم. هاوڕێ و کەسەکانم نەیانهێشت لەوە زیاتر لەماڵەوە بمێنمەوە، هانیان دام کە بگەڕێمەوە بۆ دەوام، بۆیە منیش دەستم کردەوە بە دەوام، بەڵام دیسان کێشە دروست بووەوە، بەوەی کە هەموو ژنەکانی فەرمانگەکان دەبوایە جلی جەیشی شەعبی لەبەر بکەن و مەشق بکەن. 

زۆربەی ژنەکان، ئەوانەی کە شوویان کردبوو، دەچوون تاقیکردنەوەیەکی ساختەیان بۆ خۆیان دروست دەکرد کە گوایا سکیان هەیە و ناتوانن مەشق بکەن. زۆریشیان چاریان نەبوو و دەچوون بۆ مەشقەکە، بەڵام من هەر نەچووم و لە فەرمانگە کشتوکاڵیش ئاوێزەی هاوڕێمان نەچوو. ئیتر من و ئاوێزە هەموو رۆژێک یەکتریمان دەبینی و دەمانویست چارەسەرێک بۆ خۆمان بدۆزینەوە، هەر بۆیە من جارێکی تریش بیرم لە چوونە دەرەوە کردەوە و پەیوەندیم کرد بە سەرووی خۆمانەوە بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام هەموو راکان وەها بوون کە من هەتا بتوانم هەر لە شار بمێنمەوە باشترە. 

دوای ئەوە، من گواسترامەوە بۆ شارەوانی سلێمانی و لەوێ دەستبەکار بووم، بەڵام لە شارەوانیش ئەوەندەی پێ نەچوو دیسان دەست کرایەوە بە دابەشکردنی جلی جەیشی شەعبی و مەشقکردن. منیش ئەم جارە لەبەر ئەوەی کاتی خۆی لە ئۆتۆمبێل وەرگەڕابووم و پشتم ئازاری گەیشتبوو، توانیم راپۆرتێکی پزیشکیی پەیدا بکەم کە باری تەندروستیم باش نییە و پێویستم بە مۆڵەتە، ئیتر بەهۆی ئەوەی کە مۆڵەتی پزیشکیم وەرگرت، بۆ ماوەی مانگێک ئەم جارەش رزگارم بوو. 
 
لە کاتی راپەڕینە مەزنەکەى ساڵی 1991 تۆ چیت کرد؟
ئەمەی باسی دەکەم، کاتەکەی نزیک راپەڕین بوو، ئیتر ئەوەندەی نەبرد راپەڕین کرا، ئەو کاتە من دەوامم نەدەکرد، بەڵام بەشداری راپەڕینم کرد.
رۆژێک وەزیرە خان (وەزیرە جەلال، خوشکی شەهید ئارام) هات بۆ ماڵەوە بەدوامدا، وتی: "ئەوە بۆ نایەیتەوە بۆ دەوام." ئیتر لەگەڵ ئەو رۆیشتمەوە بۆ شارەوانی و یەکسەر چوومە ژوورەکەی خۆم ناو دۆڵابەکە گەڕام بۆ جلی جەیشی شەعبییەکەی کە وەرمگرتبوو، بەڵام سەیرم کرد لێی نەمابوو، شڕەخۆر ئەویشیان بردبوو. 
 
دواى راپەڕینیش پەیوەندیت نەکردەوە بە یەکێتییەوە؟
هەر لە دوای راپەڕین کە یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی لە سلێمانی گیرا، کاک عومەر فەتاح و کافیە خان پەیوەندییان پێوە کردم بۆ بەشداریی کۆنگرە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لەسەر منداڵبوون بووم، نەمتوانی بەشداری بکەم.
 
پەیوەندییەکە کەسی بوو یاخود لەسەر ئاستی رێکخراوەیی بوو؟
پەیوەندیم بە یەکێتییەوە، هەر لەسەر ئاستی کەسیی بوو، هەندێک جاریش هاتوچۆی مەڵبەندم دەکرد.
 
ئەى لەلایەن حیزبی دیکەوە پەیوەندیت پێوە نەکرا؟
لەلایەن پارتییەوە دوو جار لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندییان پێوە کردم بۆ ئیشکردن، جارێکیان بۆ نوێنەرایەتی پارتی بوو لە ئەمریکا و جارێکیشیان بۆ ئەندامی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان بوو، بەڵام من ئامادەنەبووم واز لە رابردووی خۆم بهێنم لەگەڵ لایەنێک و بچمە پاڵ لایەنێکی تر.
 
 
جگە لە کارى حکومی و شارەوانى، هیچ کارێکی دیکەت کردووە؟
لە ساڵی ١٩٩٣ چوومە رێکخراوی ئۆکسفامی بەریتانی بۆ ماوەی دوو سێ ساڵ و دواتر لەگەڵ رێکخراوی (دی سی) هۆڵەندی بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئیشم کرد، پاشان چوومە (یو ئێن هەبیتات) و سێ ساڵ ئیشم لەگەڵ کردن و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ گەڕامەوە بۆ سەر ئیشی حکومی و هەتا ئەمساڵ کە خانەنشین دەبم، هەر بەردەوام بووم لە خزمەت.
 
هیچ کارێکی خۆبەخشیت کردووە؟
لە ماوەی ئەو ساڵانەدا زۆر کاری خۆبەخشیم کردووە لە تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و هەروەها لە بواری ژینگە، کە ماوەیەک لە کوردستانێکی سەوز بەرپرسی ناوەندی سلێمانی بووم و ئێستا لەگەڵ ژووری بازرگانیی سوید ئەندامی پرۆگرامێکی ژینگەییم.
یەکێکم لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی رێکخستنە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە هەڵبژاردن لێپرسراوی ناوەندی سلێمانی و دەوروبەری بووم.
 
*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز "نەرمین عوسمان" لەگەڵ خاتوو نەزیرە حارس ئەنجامیداوە، پێش ئەوەی لە مەودا میدیا بڵاوببێتەوە، لە كتێبی "گوڵدانی ژن" بڵابووەتەوە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن